هیدایەت جان
چوار گەنجی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا. پێشتریش لە کاتی دەستگیرکردنیان دەسەڵاتی دادوەری ئێران بە ئەندامیێتی حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتباری کردبوون.
چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی لەلایەن دادگەی شۆڕشی تارانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، ئەم سزایە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل لەلایەن دادگەی شۆڕشەوە دەرچووە و دادگەی تێهەڵچوونەوەش پشتڕاستی کردووەتەوە.
موحسین مەزڵووم تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی مەهابادە، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی دێولان، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی بۆکان و پژمان فاتیحی تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی کامێرانە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە ڕووماڵی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات نووسیویەتی؛ بنەماڵەی ئەو چوار گیراوە لە کاتی دەستبەسەربوونیانەوە تاوەکوو ئێستا، هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان نییە و تەنانەت پارێزەرەکانیشیان تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە دۆسیەکەیان بخوێننەوە.
ئەو ڕێکخراوە دووپاتیدەکاتەوە؛ ئەو بەندکراوانە بێ دەستڕاگەیشتن بە سەرەتاییترین مافەکانی کەسێکی تۆمەتبارن، یەک ساڵ و پێنج مانگ و پازدە ڕۆژە لە ناوەندە ئەمنییەکان ڕاگیراون و لەژێر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونیدان.
لە تەممووزی ساڵی 2021ەوە میدیای ئێران لە زاری دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە بڵاویانکردبووەوە، ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە ئەندامی کۆمەڵەن و نووسیبوویان هەر چواریان چەکداربوون و ویستوویانە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان بتەقێننەوە، بەڵام هەر ئەوکات کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەتیکردەوە و ئەو تۆمەتانەی وەکوو هەوڵدانێک بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەکانی ئێران وەسف کردبوو.
پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی ڕۆژی 23-07- 2021، لە گوندی یەنگیجەی ناوچەی برادۆست لە پارێزگای ورمێ دەستبەسەر کران.[1]