بە مەراسیمێکی شکۆدار تەرمی شەهید مەنسوور کەریمیان لە سلێمانی بە خاک سپێردرا
دوای ئەوەی کە ڕژێمی ئێران، ڕێگریی کرد لە بردنەوەی تەرمی شەهیدی سینەماکار مەنسوور کەریمیان کە لە (2023-12-25) لە ڕۆژاوای کوردستان شەهید بوو، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە مەراسیمێکی شکۆدار تەرمەکەی بەخاک سپێردرا.
ئەمڕۆ لە بەردەم گۆڕستانی شێخ عەباس لە شاری سلێمانی، تەرمی شەهیدی هونەرمەند و سینەماکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەنسوور کەریمیان، کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان شەهید بوو، لە مەراسیمێکدا بە خاک سپێردرا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە هێنانی تەرمی شەهید و وتنەوەی درووشمی “شەهید نامرێ، مەنسوور نامرێت” هێنرایە بەردەم گۆڕستانەکە، پاشان وەک نەریتێکی هەمیشەیی بەشداربووان، خولەکێک بۆ ڕێزلێنان لە خوێنی شەهیدان وەستان.
سەرەتا دایە پرشنگ لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهیدانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: لە کەسایەتیی شەهید مەنسووردا تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان بەڕێزدارییەوە بە بیر دەهێنینەوە، نموونەیەکی باڵا و تێکۆشەر بوو، هەموو هەوڵی بۆ بنیاتنان و ئاواکردن بوو، لە بواری هونەردا خزمەتێکی زۆری بە پێشکەوتنی ڕۆشنبیریی گەلەکەی و کوردستان کرد.
پاشان، #شێرکۆ حەمە ئەمین# ، لەسەر ناوی #کەنەکە# وتی: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید و گەلەکەمان دەکەین، شەهیدبوونی مەنسوور کەریمیان ئەو ڕاستییە بەرجەستە دەکات، کە کورد یەک چارەنووسی هەیە، لە ڕۆژهەڵات لە دایک دەبێت و لە ڕۆژاوا شەهید دەبێت و لە باشووری کوردستان بە خاک سپێردرا.، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە دوژمنەکانمان جیاوازی ناکەن لەنێوانماندا.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا، #هەڤاڵ ئەبوبەکر# ، پارێزگاری سلێمانی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: ئەمڕۆ شین و شەرم و شکستە، پەرتەوازەیی ئێمە وایکردووە، دوژمنەکانمان ئەگەر لاوازیش بن، بە ئاسانی بتوانن زەفەر بە ئێمە بەرن، چونکە ئێمە پەرت و کەرتین، لە سەد ساڵی ڕابردوودا نەمانتوانیوە بەرنامەیەکی گشتگیریی نیشتمانیمان هەبێت.
لەسەر ناوی #تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان# ، ئەبوبەکر مەجید وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدی نەتەوەیی مەنسووری کەریمیان دادەنوێنین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی شەهید و گەلە تێکۆشەرەکەمان دەکەین، شەهید بە هونەرەکەی خزمەتێکی گەورەی بە دۆزی گەلەکەی کرد، دەبێت وەک کەسێکی نەتەوەیی سەیر بکرێت، ڕێگە نەدان بە گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ زێدی خۆی نیشانەی ئەوەیە شەهید کەسێکی ئاسایی نەبوو.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا، پەیامی هاوڕێ و سینەماکارانی لە ڕۆژهەڵات پێشکەش کرا و تێیدا هاتبوو، دەوڵەتی تورک، سەرەکیترین دوژمنی گەلەکەمانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ دەوڵەتی فاشیت هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان هیچ کوردێک، بە یارمەتیی وڵاتانی زلهێز هەوڵ دەدات لە هەموو شوێنێک دەستی قێزەونی خۆی بە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ڕەنگین بکات.
هەروەها پێشەوا ڕەمەزان، لەسەر ناوی چاند و هونەری باشووری کوردستان وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: تێکۆشانی هونەرمەند مەنسوور کەریمیان کە نزیکەی بیست ساڵ لە بوارە جیاوازەکانی سینەمادا کاری دەکرد بەرز دەنرخێنین، بە شەهیدبوونی پەیامی بە هونەرمەنداندا تا ڕێگەی ئازادیی بکەن بە هەوێنی هونەر، و ئەو ڕاستییەی بە گوێی هەموواندا کە هونەر شۆڕش و بەرخۆدانی نەبڕاوەیە.
دواتر پەیامی کۆمینی فیلمی ڕۆژاوا پێشکەش کرا و تێیدا هاتبوو: بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام ببین، ئەوانەی کە لەگەڵ شەهید مەنسووردا کاریان دەکرد، دەزانن کە خاوەندارێتی لە کولتوور و هونەری دۆزی کورد دەکرد، دەزانین هەر پارچەیەک لەگەڵ ئازاریی پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا ژیان دەکات، بۆیە شەهید مەنسووریش بەو شێوەیە ئەم ڕێگەیەی هەڵبژارد.
هەروەها یونس کەریمیان، برای شەهید، بەناوی خانەوادەی شەهیدەوە وتی: هاوڕێ و بنەماڵەی شەهید زۆر هەوڵیاندا تەرمی شەهید لە زێدی خۆی بە خاک بسپیردرێت و لەوێ مەراسیمێکی شایستەی بۆ بەڕێوە بچێت، بەڵام بەداخەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ڕێگەی پێ نەدرا، بۆیە بڕیارماندا لێرە سپاردەی خاکی بکەین، سنە و سلێمانی ڕۆڵەی یەک دایکن واتا کوردستان.
وتیشی: سوپاس و پێزانینی خانەوادەی شەهید ئاڕاستەی هەموو هاوڕێیان و ئەو کەسانە دەکەین، کە بە هەموو جۆرێک خەمخۆری ئێمە بوون، ئەوەی ئەوان کردیان ئەرک نەبوو بەڵکوو پیشاندانی خۆشەویستی و برایەتی بوو.
لە کۆتاییدا، #فەرهاد سەنگاوی# ، ڕۆشنبیر و کەسایەتیی سیاسیی وتی: شەهید مەنسوور و هەموو شەهیدان لە هەزاران ساڵی ڕابردوودا هەوێنن دەکرێنە خاکی کوردستانەوە، ئەردۆغان باوکی ئیخوان باش بزانە، لەک و لووڕ هەتا بۆتان، سنە تا سلێمانی، قامیشلۆ تا هەمەدان یەک کوردستانە، تا هەموو توێژەکان پەنجە نەخەنە سەر ئەوەی کە کێ لە دژی یەکبوونمانە، ئێمە هەمیشە تێکدراوین.
پاشان بەدەم وتنەوەی درووشمی شەهید نامرێ، تەرمی شەهید مەنسوور کەریمیان، لە گۆڕستانی شێخ عەباس لە شاری سلێمانی سپاردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.[1]