بەڕێوەبەری ئاودێری #ھەولێر# ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بە مەبەستی پاراستنی شاری ھەولێر و دەوروبەری لە کاریگەرییەکانی لافاو سێ پڕۆژەی ستراتیژی بە بڕیاری سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# خراونەتە بواری جێبەجێکردن.
ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سێ پڕۆژەی ستراتیژی بۆ پاراستنی شاری ھەولێر و دەوروبەری لە کاریگەرییەکانی لافاو کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن، ھەر سێ پڕۆژەکە گوژمەی دوو ملیار و 100 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە، پڕۆژەکانیش پێکهاتوون لە کۆنکرێتی ڕێڕەوی سرووشتی لە گردجووتیار، کۆنکرێت کردنی ڕێڕەوی سرووشتی کۆڕنیش نزیک شاری زیلان و درووستکردنی پردێکی ھەشت چاوە لە گوندی تەندورەی سەربە شارەدێی شەمامک.
بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر وتیشی: ھەرسێ پڕۆژەکە لەژێر جێبەجێکردندان و مەبەست لە ئەنجامدانیان پاراستنی شاری ھەولێر و دەوروبەریەتی لە زیانەکانی لافاو، دوای تەواوبوونیان کاریگەرییان دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو.
ڕێبوار کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەو سێ پڕۆژەیە ڕێڕەوی ئاوی باران چارەسەر دەکەن، ساڵانە بەھۆی بارانی زۆرەوە ئاوێکی زۆر لەو ڕێڕەوە دەردەچێت، پێویست بوو حکوومەت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە چارەسەری ئاوی سرووشتی بکات و ئەو ناوچانە پارێزراوبن، چونکە بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری بەشێکە لە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو. [1]