#قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێم ڕایگەیاند لەم قۆناغەدا کورد و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشە و تەحەدای مەترسیدار بووەتەوە و ئەگەر بێتو کورد یەکگرتوو نەبێت، بەرگەی هەڕەشە و مەترسییەکان ناگرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەمە، #06-09-2023# لە #هەولێر# بەڕێوەچوو، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم وەک کونسوڵی گشتی، قوباد تاڵەبانی ستایشی چۆ کی جۆنگی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کۆریای باشوور. هەروەها سوپاسی حکومەتی ئەو وڵاتەشی کرد کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی ئێراقەوە، بەشدارییەکی گرنگ و کارای هەبووە لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و ئێراق.
لەلای خۆشییەوە کونسوڵی کۆریای باشوور سوپاسی قوباد تاڵەبانی و نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا لە هەرێم بە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری بوون لە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و #بەغدا# و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان و کورد بە گشتی لە چەندین لایەنەوە ڕووبەڕووی فشار و مەترسی گەورە بوونەتەوە، بەم دۆخەی ئێستاوە کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ناکۆکی و ململانێیەکی ناتەندرووستدان، ئەستەمە کورد بەرگەی ئەو فشار و مەترسییانە بگرێت.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، تەنیا بژاردەی بەردەم کورد و هەرێمی کوردستان لەم دۆخە قوورسەدا ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانە و ژیرانە و سەرەتا کێشە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی کورد بەخێرایی چارەسەر بکەین، تا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکان ببینەوە. هۆشداریشی دا ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین و ڕۆژانێک دێت هەموو لایەکمان پەشیمان دەبینەوە کە بۆچی ئەو کەمە دەرفەتەی ماوە لە دەستمان دا و نەمانتوانی بەسەر کێشەکانی ناوخۆماندا زاڵ بین. [1]