بەشدار موزەفەر
میدیا و بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، #ئیدان ئامێدی# ، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئەکتەری بەناوبانگی ئیسرائیل، کە بە ڕەچەڵەک کوردە، لە شەڕی دژی چەکدارانی حەماس لە شاری خان یونس لە کەرتی غەززە، بەسەختی بریندار بووە.
ڕۆژی دووشەممە 08-01- 2024، میدیای ئیسرائیل، برینداربوونی ئیدان ئامێدی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، برینەکەی سەختە و گواستراوەتەوە نەخۆشخانە.
هاوکات، کارمێل شاما، پارێزگاری شاری ڕامات، ڕایگەیاند، ئیدان ئامێدی بە قوورسی لە غەززە بریندار بووە؛ ئەمڕۆ بە یەکێک لە ڕۆژە سەختەکانی سوپای ئیسرائیل دادەندرێت.
ئیدان لە ساڵی 2017 بەشداری لە زنجیرە درامایەکدا بەناوی (Fauda) کردووە و تێیدا ڕۆڵی کەسێکی بەناوی ساگی تزور بینیوە.
بەگوێرەی میدیای عەرەبی، دوای ئەوەی چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل کە ئیدانیش یەکێک بووە لەوان، هەوڵیانداوە چەند بارمتەیەک لەدەست چەکدارانی حەماس دەربهێنن، چەکدارانی حەماس ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و بەوهۆیەوە چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل بریندار بوون.
لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، دوای ئەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی پێ کرد، ئیدان چووە ڕیزی سوپای ئیسرائیل.
ئیدان، دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، چەند گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و بە جلی سوپای ئیسرائیل دەرکەوت و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ گەل و سەربازانی ئیسرائیل، ئیدان ئامێدی لێرەیە؛ وەکوو دەبینن، من ئەمڕۆ جلێکی تۆزێک جیاوازم لەبەرکردووە، ئەوەی دەیبینن دیمەنێکی فیلمی Fauda نییە، ئەوە ژیانی ڕاستییە.
ئیدان لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکەدا دەرکەوتووە و چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات و دژی حەماس شەڕ بکات.
ئیدان ئامێدی، هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی بەناوبانگە لە ئیسرائیل، بە ڕەچەڵەک کوردە، لە ئۆرشەلیم لەدایکبووە.
ئیدان لە ساڵی 2020، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو وتی، بەنیازە لە داهاتوودا سەردانی ئامێدی بکات و ئاهەنگێکی گۆرانی سازبکات.[1]