بەیانیى ئەمڕۆ سێشەممە #09-01-2024# بەڕێز #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بەڕێز جەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێراق و سووریا و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا هاریکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەڕەشەکانى تیرۆر و لەناوبردنى یەکجارەکیى #داعش#، یارمەتیدانى سوپاى ئێراق و پێشمەرگە بە مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژى سەربازى، هەڕەشەکانى تیرۆر لە ئێراق و سووریا و لە ناوچەکە بەگشتى، تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لە پاراستنی هێزەکانى هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماتییەکان لە ئێراق کردەوە و هاوڕا بوون کە سەقامگیریى ئێراق بۆ تەواوى ناوچەکە پێویستە و دەبێت هیچ دەرفەت نەدرێت تیرۆر سەرهەڵبداتەوە، هەروەها باسیان لە هێرشە درۆنییەکان لەسەر هەرێمى کوردستان کرد.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، یەکخستنەوەى پێشمەرگە، ئاڵۆزییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شەڕ لە غەززە و کاریگەرییەکانى لەسەر ناوچەکە و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو کە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران و بەرپرسانى سەربازى، ئامادەى بوون. [1]