تیمی بالەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە شێوەیەکی چڕ ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی دووەم لە قۆناغی یەکەمی یارییەکانی خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق دەستپێکرد کە هەشت یانە تێیدا بەشدارن.
لەنێو هۆڵی شەهیدی ئەندازیار ئەحمەدی تایبەت بە #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# و لەژێر سەرپەرشتی سەڵاح کانەبی ڕاهێنەری تیمەکە و ستافی یاریدەدەرانی، تیمی بالەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە ئامادەبوونی تەواوی یاریزانانی ئامادەکارییەکانی بۆ خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق ئەنجام دەدات، سەبارەت بەو ئامادەکاریانەیان سەڵاح کانەبی ڕاهێنەری تیمەکە بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاند، کە ئەوان وەک یانەی پێشمەرگە هەمیشە ناوێکی دیار بوون لە خولی بالەی ئێراق و بۆ ئەو مەبەستەش هەڵەکانیان چڕ دەکەنەوە تا لە لوتکە بمێننەوە و ئەو ئامادەکاریانەی ئێستاشیانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خولی ئەم وەرزە جیاوازە و تیمەکان لە ئاستەوە لە یەک نزیکن هەر بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی جیاواز مەشقەکان ئەنجام بدەین تا بە جیاوازی کەمیش بێت سەرکەوتنەکان درێژە پێبدەن و بگەنە یارییەکانی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین.
کانەبی وتیشی، لە ناوەڕاستی مانگی (01-2024) یارییەکانی کۆبوونەوەی دووەم لە قۆناغی یەکەمی خولەکە کە هەشت یانە تێیدا بەشدارە دەست پێدەکات کە لەو کۆبوونەوەیەدا 3 یاری ئەنجام دەدەین لە بەرانبەر هەریەک لە یانەکانی (غازی بەسرە، مەسافی شیمال و سمود) و وە دەشمانەوێت جیاوازبین و ئەنجامی بەرچاوتر دەستەبەر بکەین.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە قۆناغی هەشت تیمی بە بەشداری هەریەک لە یانەکانی (غاز جنوب، هەولێر، بەحری، پێشمەرگە، نەینەوا، مەسافی شیمال، سمود و حەبانیە) بەڕێوە دەچێت.
[1]