ئەو شێوازانەی کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕێگریکردن لە وشکبوونی #دەریاچەی ورمێ# جێبەجێ کراون، وێڕای ئەوەی کە زۆر بێکاریگەر و تەنانەت لە ڕووی زانستیشەوە ساویلکانە بوون، هەموویان شکستیان هێناوە و بەداخەوە ئەمڕۆ ئەم دەریاچەیە خەریکە بەتەواوی وەشک دەبێت. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە بۆخۆیان هۆکاری چارەنووسی ئێستای دەریاچەی ورمێن، شکستی پڕۆژەکانیان دەخەنە ئەستۆی سرووشت و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چوار ساڵ وشکەساڵی یەک لە دوای یەک لە ئێران، هۆکاری شکستی ئەو پڕۆژانەیە. بەڵام کارناسانی سەربەخۆ ئەم ئیدیعایانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن کۆماری ئیسلامی دەیەوێت خۆی لە بەرپرسیارییەتی هۆکاری ئەم کارەساتە ژینگەییە بێبەری بکات. کار گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرپرسانی ڕژیم بە شێوەیەکی فریوکارانە ئیدیعای ئەوە دەکەن کە وڵاتانی دراوسێ ڕێگری لەوە دەکەن کە هەوری باران بارین بگاتە ئاسمانی ئێران.
بەڵام لە ڕاستیدا مەسەلەکە زۆر سادەیە و پێویستە نەک لە ئاسمان و نە لە کردەوەی کەسانی تردا، بەڵکوو لەسەر زەوی و لە پەروەندەی کەسانێکدا بەدوای هۆکارەکەیدا بگەڕێی کە لە ماوەی 44 ساڵ دەسەڵاتدارێتی خۆیدا ژینگەی ئێرانیان لە هەموو بوارەکاندا وێران کردووە.
“محەمەد دەروێش“، کارناسی بواری ئاو و ژینگە، لەم پەیوەندییەدا لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممە 19ی بەفرانبار(9ی کانونی دووەم) ڕۆژنامەی “ستارەی سوبح” چاپی تاراندا دەنووسێت: “کاتێک لەسەر ڕێڕەوی ئەو ئاوانەی کە دەڕژێنە دەریاچەی ورمێوە، 105 بەنداو درووستکران و لەو ژمارەیە 101 بەنداویان چالاکن و ڕێگە نادەن ئاوی ئەو بەنداوانە بڕژێتە ناو دەریاچەی ورمێ، بووەتە هۆی وشکبوونی ئەم ڕووبەرە بەرفراوانە“. بەڕێوەبەری ناکارامە، هەوڵدەدات بە شێوەیەکی چەواشەکارانە، تاوانەکە بخاتە ئەستۆی سرووشت یان کەسانی دیکە. ناوبراو هەروەها دەڵێت: ئێمە کاتێک دەتوانین بڵێین وڵاتان ڕێگریان کردووە لە هاتنی هەوری باران بۆ ئێران و بوونەتە هۆی وشکەساڵی لە وڵاتەکەمان، کە ئەو وشکەساڵییە لە ئێران لە ماوەی 100ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بووبێت، لە کاتێکدا هاوشێوەی ئەم وشکەساڵییەی ئێستا، چەندین جار ڕوویدا. هەروەها وڵاتانی دراوسێش لە ڕووی بارانبارینەوە بە پڕۆسەی سرووشتی خۆیاندا تێدەپەڕن“. لەم پەیوەندییەدا، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەلایەن چەند توێژەرێکی کانەدایی و ئەمریکاییەوە دەریدەخات کە وشکەساڵییەکە تەنیا بەڕێژەی پێنج لەسەد کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئەو ئاوانە داناوە کە دەڕژێنە دەریاچەکەوە و هۆکاری مرۆیی، لەوانەش پڕۆژەی ڕێگای خێرا، کە 15 کیلۆمەتری لەسەر دەریاچەکە درووستدەکرێت و تەنیا ڕێڕەوێکی بەرتەسکی هەزار و 200 مەترییان بۆ هێشتۆتەوە، دۆخی دەریاچەکەی تووشی قەیران کردووە، کە شاخی نزیک دەریاچەکەیان بۆ درووستکردنی بەکارهێناوە. ئەم کارناسانەش درووستکردنی زیاتر لە سەد بەنداو لەسەر ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە ناو دەریاچەکە، بە هۆکاری سەرەکی پڕۆسەی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دەزانن.
دەریاچەی ورمێ یەکێکە لە دەریاچە گرنگەکانی ئێران کە بە گوێرەی چەندین ڕاپۆرتی کارناسان و تەنانەت دانپێدانانی بەرپرسانی حکوومەتی خۆجێیش، نزیکەی 95%ی ئاوەکەی کەم بووەتەوە و بووەتە هۆی درووستبوونی پانتاییەکی بەرینی شۆرەکات لەسەر بەستێنی دەریاچەکە کە دەتوانێت لە ڕێگەی با و باهۆزە ناوچەییەکانەوە کاریگەریی خراپ لەسەر ژینگەی گەلێک شار و ئاوایی لە پارێزگاکانی ئازەربایجان و کوردستان هەبێت. ڕادەی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، هەر ئێستاش بەهۆی باهۆزە و زریانی ناوچەکەوە بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئەو خەڵکەی کە لە نزیک دەریاچەی ورمێ نیشتەجێن. نەک هەر دانیشتووانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، بەڵکوو پارێزگاکانی دراوسێش لەگەڵ مەترسی تۆفانی خوێ بەرەوڕوو دەبنەوە. جێگری تەکنیکی ئیدارەی گشتیی پاراستنی ژینگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەڵێت: ڕێژەی خوێ لە دەریاچەی ورمێدا لە نێوان 6 بۆ 7 میلیارد تۆنە و ساڵانە تا 700 هەزار تۆن خوێ لە بەستێنی ئەم دەریاچەیە هەڵدەگیرێت. چارەسەری زانستیانە و شارەزایانەی قەیرانی دەریاچەی ورمێ، لە توانایی حکوومەتی ئیسلامیدا نییە، لەکاتێکدا کە شارەزایانی سەرەکی ژینگەیی، زیندانی، ئیعدام و یان ناچار بە کۆچکردن بۆ ئەورووپا و ئەمریکا کردووە. ئەگەر ئیمکانێک بۆ ڕزگارکردنی دەریاچەی ورمێ بوونی هەبێت، ئەوە بەندە بە هەوڵ و هەماهەنگیی خەڵکی کوردستان و ئازەربایجان، بە یەکڕیزی و دادپەروەری لەسەر بنەمای یەکسانی و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، بە کوورتکردنەوەی دەستی مافیای دەسەڵاتی سوپای پاسداران و ئاخوندەکان و هەروەها ئاواڵا کردنی دەستی کارناسان و پسپۆڕانی بواری ئاو و ژینگە. حکوومەتێکی کە دوژمنایەتی لە ئاشتی نەهاتووی لەگەڵ زانست و زانیندا هەیە و لە سەدەی بیست و یەکەمدا هانی خەڵک دەدات بۆ دوعا و نوێژە بارانە، مانەوەی هەرچی زیاتری لە دەسەڵاتدا، نەک هەر دەبێتە هۆی وشکبوون و لەناوچوونی بەتەواوەتی دەریاچەی ورمێ، بەڵکوو گەلێک کارەساتی ژینگەیی لە قەرەبوو نەهاتووی دیکەش بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا دەسەپێنێت. ئەم دەسەڵاتە کە گیان و ژیانی ئەمڕۆ و سبەینێی ئەم کۆمەڵگەیەی بەلاوە گرنگ نییە، ناتوانێت هیچ پلانێکی ڕوون و درێژخایەنی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پرسگەلێکی وەک وشکەساڵی و لێکەوتەکانی هەبێت. شوێنپێی فاکتەری مرۆیی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بە هەموو کارەساتە سرووشتییەکانی وەک وشکەساڵی، لافاو، بوومەلەرزە، نەخۆشییە گواستراوەکان و لەوانە وشکبوونی دەریاچەی ورمێشەوە دیارە. هەر بۆیە مەرجی ڕزگاربوون لە کاریگەرییە کارەساتبارەکانی ئەو موسیبەتانەش، بریتییە لە ڕزگاربوونە لە دەست نیزامی کۆماری ئیسلامی. [1]