هەوار ئیسماعیل
#سەڵاحەدین دەمیرتاش# ، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، لە بەرگریکردن لە خۆی لە دۆسیەی کۆبانی دەڵێت: ئەو دادگەیی دەکرێت، چونکە گوتوویەتی، کورد و کوردستان.
دانیشتنی دۆسیەی کۆبانی، کە بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپەوە 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە تێیدا دادگایی دەکرێن و 18 کەسیان ئێستا لە زیندانن، ئەمڕۆ دووشەممە 08-01-2024 لە 22ەمین دادگەی سزا قوورسەکانی ئەنقەرە لە زیندانی سینجان بەڕێوەدەچێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندانی ئەدیرنە، لە ڕێگەی سیستمی دەنگ و ڕەنگ بەشداری لە دانیشتنی دۆسیەکەدا دەکات، لە دانیشتنی دادگە بەرگریی لە خۆی کردووە و دەڵێت: زۆربەی هاوڕێیان دەڵێن، دەمیرتاش دەستی بە قسەکردن لەسەر کورد و کوردستان کردووە. من حوکم دەدرێم، چونکە وتم (کورد و کوردستان) . نزیکەی 20 ساڵە لە سیاسەتدام. قسەکانی من سەبارەت بە کورد و کوردستان کراوە بە بابەتی تاوانکاری. من هەروەها باسی سۆما-م کرد، بۆ بەو هۆیەوە دۆسیەیەک لە دژم تۆمار نەکرا؟ چونکە لەو قسەیەی مندا وشەی کورد نییە.
دەمیرتاش کە قسەکانی سەبارەت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دۆسیەکەدا وەکوو تاوان هەژمار کراون وتی، ئەگەر داواکاری گشتی پرسیاری ئەوە دەکات، ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی گەلی کوردە یان نا؟ با نامەیەک بۆ پەڕڵەمان بنووسێت بۆ ئەوەی لێهاتووییەک دەستنیشان بکات. من ئەو کەسە نیم کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانم بە سەرکردەی کورد ڕاگەیاندووە، بەڵکوو ملیۆنان کەس ئۆجەلانیان بە ڕێبەری گەل ڕاگەیاندووە. ئەگەر ئەمە دەبێتە بابەتی تاوان، ئەوە قەیرانێکە بۆ دەوڵەت. هەموو قسەکانم لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕیندان، ئەمە شوێنی گفتوگۆ نییە. ئەوەی لەنێوخۆیدا لە ململانێدایە، دەوڵەتی کۆماری تورکیایە.
دۆسیەی کۆبانی، تایبەتە بە ڕووداوەکانی06تا08-10-2014، کە دوای ئەوەی #داعش# هێرشی کردە سەر کۆبانی لە ڕۆژاوای کوردستان، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد ڕێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە ڕەتیکردەوە.[1]