#وەزارەتی دارایی و ئابووری#ی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# ڕایدەگەیەنیت کە تاکوو ئێستا نزیکەی 190 هەزار فەرمانبەر بەشدارییان لە پڕۆژەی (هەژماری من) کردووە و زیاتر لە (6) هەزار فەرمانبەریش کارتی بانکیان لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من) وەرگرتووەتەوە.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە ئەوە داوە، قۆناغی یەکەمی کارەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) لە سنووری پارێزگای #هەولێر# لە کۆتاییدایە و لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا نزیکەی (190) هەزار فەرمانبەر لە سنووری پارێزگای هەولێر بەشداریان لە پڕۆژەی هەژماری من کردووە.
ئاماژەی بە ئەوەش داوە، زیاتر لە (6) هەزار فەرمانبەر کارتی بانکیان وەرگرتووەتەوە و مانگی ڕابردووش نزیکەی (3) هەزار فەرمانبەر لە ڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی وەک ئامادەکاری بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو ئێستا نزیکەی (50) ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە شاری هەولێر هەن و ژمارەیان لە زیادبووندایە، پێنج بانکی تایبەت بەشدارن لە پڕۆسەکە کە بریتین لە (بانکی جیهان و بانکی ئاشور و بانکی ئەهلی ئێراقی و RT bank و bbac bank) کە سەرجەم مەرجەکانیان تێدایە و لەلایەن بانکی ناوەندی ئێراقەوە پەسەند کراون و چەندین بانکی تریش لەسەر هێڵن، تا ئێستا پڕۆژەی درووستکردنی (ھەژماری من) بەبێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک بەڕێوەدەچێت و ئامادەکاریەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی (هەژماری من) لە پارێزگای #دهۆک# و #سلێمانی# لە قۆناغی کۆتاییدایە.
پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی ئێراق ئەنجام دەدرێت. ئامانج لە پڕۆژەکە بنیاتنانی سیستەمێکی بانکی بەهێزە کە فەرمانبەران و مووچە خۆران تیایدا لە چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سوودمەند دەبن و لە قۆناغی داهاتووشدا کارمەندانی کەرتی تایبەت دەبنە خاوەن (هەژماری من). [1]