لە داڤۆس کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و پشتیووانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر #هەولێر# فراوانتربوون.
هێرشەکانی ئێران تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی #مەسرور بارزانی#، سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# بوو لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس.
هەمووان بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر کرد و پشتیووانیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیان، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێشێلکردنی سەروەری ئێراق و بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جاسم محەمەد ئەلبدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاریى کەنداو کۆبوونەوە و هێرشی سەر هەولێر و هەوڵەکانی تێکدانی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەتوندی سەرکۆنە کرا.
سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی لەگەڵ یان لیڤاسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک هێرشی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر و کوشتنی خەڵکی سڤیلیان بەتوندی سەرکۆنە کرد. وەزیری دەرەوەی چیک پشتیووانی وڵاتەکەی بۆ ئاساییش و ئارامی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش هێرش و پەلامەرەکانی ئێرانیان سەرکۆنە کرد و ماکرۆن، پشتیووانی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکی کۆڕبەندی داڤۆس، لەگەڵ دەستپێکی سەردانەکەی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە، مەسروور بارزانی چەندین کۆبوونەوەی چڕ و پڕی لەگەڵ سەرۆک و وەزیر و بەرپرسانی دیکەی وڵاتانی جیهان هەبوو هەمووان بەتوندی هێرش و پەلامارەکانی ئێرانیان سەرکۆنە کرد لەوانەش، کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی ئەمەریکا، ئیلینا ڤالتۆنن، وەزیری دەرەوەی فینلەند، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، بشر خەساونە، سەرۆک وەزیرانی شانشینی هاشمی ئوردنی و خالید ئەلفالح وەزیری وەبەرهێنانی سعودییە.
نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، #15-01-2024#، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی ڕەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی #پێشڕەو دزەیی#، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دزەیین. [1]