ناو: فریاڵ
نازناو: زەلال
ناوی باوک: سلێمان
ساڵی لەدایکبوون: 1975
ڕۆژی شەهیدبوون: #18-01-2024#
شوێنی لەدایکبوون: حەسەکە
شوێنی شەهیدبوون: #کەرکووک#
$ژیاننامە$
فریاڵ سلێمان خالید لە ساڵی 1975 لە شاری حەسەکەى ڕۆژاوای کوردستان لە دایک بووە. وەک چالاکوانێکی سیاسی لە بواری ژنان بۆ سەردانیکردنی ڕێکخراوی ژنان لە باشووری کوردستان بووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو ماتۆڕسوار لە شاری کەرکووک دەستڕێژی گوللەی لێ دەکەن و لەبەر سەختی برینەکەی، دەستبەجێ شەهید دەبێت.
شەهید فریاڵ سلێمان خالید ژنە کوردی شۆڕشگێڕ و خاوەنی 31 ساڵ تێکۆشان و کار و خەباتی بەنرخ، لە کەرکووک شەهید کرا لە دۆزی تێکۆشانی ئازادی گەلەکەی و گەلانی ستەملێکراوی ناوچەکەدا خاوەنی ڕەنجێکی زۆر گەورە بوو.
فریاڵ سلێمان خالید لە ساڵی 1975 لە شاری حەسەکە کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. فریاڵ سلێمان خالید لە تەمەنی منداڵیدا خەباتی ئازادی دەناسێت، دواتر بەتایبەتیی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان و خەباتی ئازادی لە ناوچەکەدا بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دادەنێت، لە ساڵی 1993 و لە تەمەنی 15 ساڵیدا ڕووی لە خەباتی ئازادیی کرد کە لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچووە . هەر کەسێک کاتێک بەشداری خەباتی ئازادیی دەبێت ناوێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت و بەو ناوەوە لە کۆمەڵگە و لە خەباتدا دەناسرێت، ئەم نەریتە تا ئەمڕۆش لە خەباتی ئازادیدا بەردەوامە، فریاڵ سلێمان خالیدیش کاتێک بەشدار دەبێت نازناوی (زەلال) لەخۆی دەنێت، دواتر لە 15-08-1995 دا بڕیارێکی ڕادیکاڵتر دەدات و خۆی زیاتر لەسەر فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئۆجالان پێشدەخات، بەتایبەتیی ویستی هەنگاوی گەورەتر لە خەبات بۆ ئازادیی ژناندا بنێت، پاش ماوەیەک ڕوو دەکاتە چیا ئازادەکان و بۆ ماوەی 15 ساڵ لە گۆڕەپانەکانی گەریلادا خەبات دەکات.
ژنە تێکۆشەر فریاڵ سلێمان خالید، دوای 15 ساڵ تێکۆشان لە چیاکانی کوردستان، ڕووی لە بوارەکانی دیکەی تێکۆشان دەکات، لە خودی ڕێبەر ئۆجالانەوە فێری ئەوە بووە کە تەنیا چەکداریی بەس نییە، زۆر گرنگە کە یەکێتی، یەکگرتن و ڕێکخستنی هەموو گەلان ئەنجامبدرێت، لە خەباتی ئازادیدا تا ئەرمینیاش ڕۆیشت، ئەرمینیا بوو بە وڵاتێک کە دەیان هەزار کورد لە جینۆساید و چەوساندنەوەی عوسمانییەکان هەڵهاتن و لەوێ ژیانێکی نوێیان دەستپێکردبوو، فریاڵ بە ئامانجی ناساندن و ڕێکخستنی خەباتی ئازادی ڕووی کردە ئەوێ و ماوەی هەشت ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە.
کاتێک شۆڕشی 19ی تەموز لە ساڵی 2012 دەستی پێ کرد، دڵی فریاڵ زۆر خێراتر لێدات و جۆشێکی زۆر دەیگرێت، جارێکیتر ڕوودەکاتەوە ڕۆژاوای کوردستان، ئەو ئەزموونەی کە لە کەسایەتی خۆیدا کۆی کردبووەوە لە ڕۆژاوای کوردستان بەرجەستەی کرد، ڕۆڵی هەبوو لە ڕێکخستنی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک، لە دامەزراندنی کۆمین و ئەنجوومەنەکاندا ڕۆڵی بینی، لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و نەتەوەکانی تردا زۆر ڕەنج و خەباتی ئەنجامداوە، کاتێک لە ناوچەی تربەسپی شاری قامشلۆش کاری کردووە، فریاڵ بە سادەیی، پاکی و زیرەکی خۆی خۆشەویستی خۆی لە دڵی زۆرکەسدا کردەوە.
دوای ئەوە شەڕی چەتەکانی داعش لە ساڵی 2014 دەستی پێ کرد، بەرخۆدانێکی مێژوویی لە دژی چەتەکان نیشاندرا، لە سەردەمی شەڕڤانانی ئازادیخوازدا یەک بە یەک شەڕی چەتەکانی داعشی دەکرد و هەوڵی دەدا بیانوەستێنێت، فریاڵ لەنێو کۆمەڵگە و ژنان و گەنجاندا خەباتی ڕێکخستنی دەکرد، لەو کاتەدا هەوڵدان و ماندووبوونێکی زۆری کرد، چونکە دەیزانی کە چەتەکانی داعش دەیانەوێت کۆمەڵگە لەناوبەرن و شەڕڤانان بە تەنیا جێبهێڵن، ئومێد و چاوەڕوانی ئەو دوژمنانەی کە بەکرێگیراوانی داعشیان ناردە سەر گەل، لە سایەی خەبات و کاری هەزاران تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی وەک فریاڵ خەونەکەیان لەناوچوو، داعش تێکشکێنرا و کۆمەڵگە پارێزراو و بەڕێکخستن کرا. پاشان فریاڵ سلێمان خالید ڕووی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرد، لەوێشدا کاری کردووە بۆ ناساندنی تێکۆشان و ئازادی و سیستەمی نەتەوەی دیموکرات بە ژنانی عەرەب، دوای ماوەیەک ڕوودەکاتە باشووری کوردستان.
ئەو ژنە شۆڕشگێڕە هەرگیز کوردستانی وەک چواربەش قبووڵ نەکردووە و تا کۆتایی باوەڕی بە یەکڕیزی گەلی کورد هەبوو، سنوورە درووستکراوەکانی قبووڵ نەدەکرد، پێیوابوو کە پێویستە یەکڕیزی و یەکێتی نێوان کوردان بەدی بێت، چونکە کورد هەمووی یەک نەتەوەن تەنانەت ئەگەر باوەڕ و زاراوەی جیاوازیشیان هەبێت، لەسەر ئەم بنەمایە ویستی لە هەرێمی کوردستانیش کار و خەبات بکات، بە ئومێد و خواستی پەرەپێدانی یەکڕیزی و یەکگرتن لەنێوان ڕۆژاوا و باشووردا پێشبکەوێت، دواین جار لە شامەوە ڕوودەکاتە شاری کەرکووک لە هەرێمی کوردستان، فریاڵ کە 31 ساڵ خەباتی کردووە، بەداخەوە لە هێرشێکی تیرۆریستی لە کەرکووک شەهید کرا.[1]