هەوار ئیسماعیل
سەزگین تانریکوڵو، پەڕڵەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە بازنەی ئامەد ڕەخنە لە بێدەنگیی حکومەتی تورکیا بەرانبەر بە مووشەکبارانکردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە دەگرێت و دەڵێ، کاتێک باس لە کورد دەکرێت، پارتی داد و گەشەپێدان بەردەوامە لە سیاسەتی شەڕ.
سەزگین تانریکوڵو ڕۆژی چوارشەممە 17-01-2024 لە دانیشتنی پەڕڵەمانی تورکیادا لەبارەی هێرشەکەی شەوی دووشەممەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لە بێدەنگیی ئاکپارتی گرت و، وتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئایا دۆستی ئەم حکومەتە نییە؟ دۆستی ئەم حکومەتە نییە، لە هەمانکاتدا دۆستی ئاکپارتی نییە؟ باشە، دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە ئێرانەوە هێرش کرایە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و سوپای پاسدارانیش هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، بەڵام ئایا ئێوە سەرەخۆشیتان لێکردن؟
کاژێر 11:30ی خولەکی شەوی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسداران بە مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج مووشەک بەر ماڵی سەرمایەداری ناسراوی هەولێر پێشڕەو دزەیی کەوتن، لە ئەنجامدا خۆی و کچێکی، هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا. هەروەها 16 کەسیش بریندار بوون.
دەقی گوتەکانی سەزگین تانریکوڵو:
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئایا دۆستی ئەم حکومەتە نییە؟ دۆستی ئەم حکومەتە نییە! لە هەمانکاتدا دۆستی ئاکپارتی نییە؟ باشە، دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە ئێرانەوە هێرشکرایە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و سوپای پاسدارانیش هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، بەڵام ئایا ئێوە سەرەخۆشیتان لێ کردن؟ کاتێک ئەو خەڵکەی لەوێ دەمرن کوردن و حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگەی باس بێت، پارتی داد و گەشەپێدان درێژە بە سیاسەتە لایەنگرییەکانی شەڕ دەدات. ئێمە بە شەڕ دەورە دراوین، چوونە نێو ئەم شەڕانە نابێت کاری تورکیا بێت، بەو هۆیەوە پێویستە پێش هەموو شتێک لەگەڵ دراوسێکانماندا سیاسەتێکی ئاشتییانە بگرینەبەر. پێویستە ئەمە پەیڕەو بکەین بۆ ئەوەی هێز لە ئاشتی وەربگرین، ڕێگەی ئەمەش بە دەستبەرکردنی ئاشتی لەنێوخۆدا تێدەپەڕێت.[1]