ھاووڵاتییانی شاری #دھۆک# ھێرشەکانی سەر #ھەولێر# شەرمەزار دەکەن و چالاکوانێکی مەدەنیش پێی وایە، شەھیدکردنی ژن و منداڵ و بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل ھیچ بەھانەیەک ھەڵناگرێت و دەڵێت: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو پێشێلکارییانە بێدەنگ نەبێت.
بێوار تەحسین، چالاکوانی مەدەنی لە شاری دھۆک بە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە وەک ھاووڵاتییانی پارێزگای دھۆک ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەولێر و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین و داواش لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکەین سنوورێک بۆ ئەو ھێرشانە دیار بکرێت و ڕێگە نەدرێت بەھۆی بەھانەی بێ بنەما ئارامی شاری ھەولێر و خەڵکی سڤیل بکرێتە ئامانج، چونکە سەرۆک بارزانی فەرموویەتی بەو هێرشانە دەتوانن بمانکوژن، بەڵام ناتوانن ئیرادەی میللەت بشکێنن.
بێوار تەحسین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە خۆنیشاندانی ئەمڕۆ #18-01-2024#ی شاری دھۆک وێڕای شەرمەزارکردنی ھێرشەکانی سەر ھەولێر بەناوی ھاووڵاتییانی دھۆک یاداشتەکەمان ئامادەکردووە و بە سێ زمان ئاڕاستەی پارێزگاری دھۆک کراوە بۆ ئەوەی دەنگی خەڵکی دھۆک بگەیەندرێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئەو ھێرشانەی ئێران دەیکاتە سەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، چونکە تێکدانی ئارامی ھەرێمی کوردستان ھیچ بیانوویەک ھەڵناگرێت.
لای خۆشییەوە ئەڤین حسێن، بەرپرسی لقی دھۆکی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: خەڵکی دھۆک دژی ئەو ھێرشانەیە بۆ سەر ھەولێر و خەڵکی سڤیلی ھەرێمی کوردستان کردەوە، ئێمە وەک ھونەرمەندان پەیامی ئاشتەوایی ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی چیتر ھیچ وڵات و گرووپێک ڕێ بەخۆی نەدات ھاووڵاتییانی بێ تاوان و دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بکاتە قوربانی، منداڵێک ھێشتا تەمەنی دوو ساڵی تەواو نەکردووە چ تاوانێکی ھەیە شەھید دەکرێت.
ئەڤین حسێن ڕوونیکردەوە: ڕووی ناڕەزایەتی خۆمان لە حکوومەتی ئێراق و پەڕڵەمان و سەرۆک کۆمار دەکەین بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن لە پاراستنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی ھاووڵاتییانی سڤیل و تێکدان و پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئێراق و ھەرێمی کوردستان. [1]