بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، پێشوازی لە شاندێکی دەستەی سیاسیی کلدانی کرد و، تێیدا باسیان لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کوردستان کرد، کە بەرهەمی ڕێبازی بارزانی نەمرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێککەوتی #06-07-2023#، #فازڵ میرانی# بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی شاندێکی دەستەی سیاسیی کلدانی بە سەرۆکایەتی جەنان جەبار کرد، وێڕای بەخێرهێنانیان، جەختی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە مەسیحییەکان کرد، کە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و، شانازی بە هاوڕیزی و هاوخەباتی و ئەو پێکەوەژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەکەین و، پاراستنی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی، بە ئەرکی هەمووان زانی.
میرانی ئاماژەی بەوەشدا، کە بە ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی و ئامۆژگارییەکانی بەڕێزیان، هەموو نەتەوە و ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان ئازادن لە دەربڕینی هەڵوێستیان و چۆنییەتی بەکارهێنانی مافەکانیان، ئەمە ڕێبازی بارزانی نەمرە.
دواتر بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، باسی لەوەکرد، کە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ئەوەیە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان، بڕیاری سەربەخۆی خۆیان هەبێت، چونکە ئەمە لە خزمەتی بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستانە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ڕێکخستنی نێوماڵی کورد لەم قۆناغەدا، کارە هەرە لە پێشینەکانی پارتییە.
لای خۆیەوە، جەنان جەبار، بە ناوی شاندی دەستەی سیاسیی کلدانی، سوپاسی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و، باسی لەوەشکرد، کە دامەزراندنی دەستەی سیاسیی کلدانی ئامانجی ئەوەیە، نەتەوەی کلدان یەک وتاری سیاسییان هەبێت و، لە خزمەتی بەرژەوەندی هاووڵاتییانی کوردستاندا بێت و، بەرژەوەندییە باڵاکانی بپارێزێت. [1]