هانا جووتیار هاوژینی #پێشڕەو دزەیی# ، ئەو پیاوە سەرمایەدارەی بە مووشەکی سوپای پاسداران کرایە ئامانج، لەبارەی میوانەکانیان لە شەوی ڕووداوەکە ڕایگەیاند، تەنیا یەک میوانمان هەبوو ئەویش کاک کەرەم بوو، هاوڕێی پێشڕەو بوو، لەکاتی ڕووداوەکە لەگەڵ کوڕە گەورەکەم و کارگوزارێک لە نهۆمی خوارەوە بوون.
هانا جووتیار، هاوژینی پێشڕەو دزەیی لەکاتی سەردانی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئێراق و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ نەخۆشخانە لەبارەی ڕووداوەکە پێی ڕاگەیاندن، دوو منداڵم هەیە کچێک و کوڕێک، ئەوان لەگەڵ دایەنەکەیان لە ژووری خۆیان بوون، واتا لە نهۆمی سەرەوە ئێمە پێنج کەس بووین.
لەبارەی پێشڕەوی هاوژینی، هانا جووتیار دەڵێت: پێشڕەوی هاوسەریشم لە نهۆمی خوارەوە بوو میوانێکی هەبوو کە هاوڕێی بوو ناوی کاک کەرەم بوو، ئەو کەسێکی ناسراوە لە بەغدا، کورە گەوڕەکەم ڕۆژ، لەگەڵیان بوو، واتا سێ کەس لە نهۆمی خوارەوە بوون لەگەڵ کەسێکی کارگوزار.
بە وتەی هانا جووتیار، بە یەکێک لە کارگوزارەکان بە ناوی ئارلی گوتووە، بچێتە خوارەوە بۆ لای هاوسەرەکەی و میوانەکەیان، ئەوان نانیان خواردووە و لای ئەوان بمێنێتەوە و ئەویش پێ وتووە باشە خانم دەچم.
هانا جووتیار کە پزیشکی ددانە دەڵێت: دوای ئەوەی ئەو قسەیەم بۆ کارگوزارەکە کرد ئەوەندەم زانی لە پڕ بنمیچەکەم بینی دادەبەزی، زۆرزۆر دابەزی نەک یەکجار دابەزێت، گوێم لە دەنگی قورئان بوو نازانم چی ئایەتێک بوو، شەهادەم هێنا و وتم، خوایە یارمەتیمان بدە، دواتر گوێم لە دەنگێک بوو وتی، دکتۆرە دکتۆرە من پزیشکی ددانم، وتیان هاوکاریمان بکە و قاچت درێژ بکە و دواتر خۆم لە ئەمبۆڵانس بینی، ئەوە هەموو شتێکە.
هاوژینی پێشڕەو دزەیی دەڵێت: ئەو ڕۆژە هەموو شتێک لە ماڵەکە باش بوو باوکی ڕۆژ کاژێر 5:30 بۆ 6:00 وەرزشی کرد، واتا هیچ شتێک نەبوو منیش منداڵەکانم خەواند و خۆشم بەخەبەربووم ئەویش میوانی هەبوو، ئەوە هەموو چیرۆکەکە بوو براکەم، ئێمە بە خێزانی لەوێ دەژین تەنیا مەگەر بۆ خوێندن بچینە دوبەی و دەگەڕیێنەوە چونکە ئەوە ماڵی ئێمە بوو.
کاژێر 11:30 خوولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون.
هەر دوای ڕووداوەکە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنیان کردووەتە ئامانج کە بنکەی تیرۆریستی و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بوون.
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لەگەڵ کچە بچووکەکەی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا.
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ ڕەوان پێشڕەو تەمەن حەوت ساڵ و ڕۆژ پێشڕەو، کە تەمەنی 25 ساڵە و لەگەڵ باوکی کاری دەکرد، بریندار بوون.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئێراق (سێشەممە، 16-1-2024) ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چوونەتە ماڵی ئەو سەرمایەدارەی شەوی ڕابردوو لە هەولێر بەئامانج کرا، دەرکەوت بانگەشەکانی باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، ڕاست نین.
ئەعرەجی لە ڕاگەیێندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە لەوەی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوەکانمان لەمبارەیەوە و ڕاپۆرتی خۆمان بۆ فەرماندەی گشتی بەرزدەکەینەوە.[1]