تیمی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە لە یارییەکی ئاگریندا میوانداری لە یانەی ئیتیسالات کرد.
کاتژمێر 2:00 ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە #20-01-2024# و لەسەر یاریگەی فەرماندەیی تایبەت بە یانەی پێشمەرگە تیمی تۆپی پێی یانەکە میوانداری لە یانەی ئیتیسالاتی شاری بەغدا کرد.
ئەو یارییە بۆ تیمەکەی پێشمەرگە گرنگی خۆی هەبوو بەو پێگەیەی جیاوازی خاڵەکانی یەک خاڵ بوو لەگەڵ یانە میوانەکەی، ئەمە و لەسەرەتاوە یاریزانانی هەردوو تیم بە یەک ئاست بینران و تا کۆتاییەکانی ئەو گێمە و لە خولەکی 42 یانەی ئیتیسالات توانیان گۆڵی یەکەم و پێشکەوتن لە ڕێگەی یاریزان (کەرار حەمید)ەوە تۆمار بکەن و گێمی یەکەم بەو گۆڵە لەبەرژەوەندی یانەی ناوبراو کۆتایی هات.
ئەمە و لە گێَمی دووەم و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی پێکهاتەی یاریزانانی خۆی، یانەی پێشمەرگە توانیان جیاواز ببینرێن و لە خولەکی 76 ستیفن سارفۆ گۆڵی یەکسان کردنەوەی لە ڕێگەی لێدانی پەنالتی تۆمار کرد.
هەرچی تیمەکەی پێشمەرگەکان بوو بەو گۆڵە ڕازی نەبوون و لە خولەکی (90+ 3) ئەحمەد وەهاب بە لێدانێکی سەر توانی گۆڵی دووەم و بردنەوە بۆ پێشمەرگەکان تۆمار بکات. ئەنجامی کۆتایش بە 2-1 گۆڵ لە سوودی یانەی پێشمەرگە کۆتایی هات. کۆی خاڵەکانیان بۆ 12 خاڵ بەرز کردەوە لە 6 یاریدا و هەرچی یارییەکی دواخراویشی لە بەرانبەر یانەی مەسافی جنوب ماوە و بەو ئەنجام و دەست کەوتەشی خۆی گەیاندە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی یانەکان.
[1]