ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی #17-01-2024# و لەنێو بارەگەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەڕێز حاکم #مەحمود ئەحمەد موراد# جێگری سەرۆکی یانە بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پێشوازی کرد لە بەڕێز د.#هەڤاڵ ئەبوبەکر# پارێزگاری سلێمانی، لەو میواندارییەدا و سەرەتا جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە بەخێرهێنانی لە پارێزگاری سلێمانی بۆ یانەکەیان کردوو هەروەک باسێکی لە گرنگی وەرزش بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە کرد و ئاماژەی بەوەشکرد کە یانەی پێشمەرگە لەو ڕوانگەیەوە کەمتەرخەم نەبووە و گرنگی بە ژێر خانی وەرزشی لە شارە ڕەنگینەکەماندا داوە.
ئەمە و بەڕێزیان سوپاسی پارێزگاری سلێمانی کرد بۆ خەمخۆری و هاوکارییە بەردەوامەکانی لە وەرزشکارانی شاری سلێمانی و شار و شارۆچکەکان و بە گرنگی زانی کە لە ڕێگەی پارێزگاوە گرنگی بە ژێر خانی وەرزشی بدرێت.
پاشان د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وێڕایی سوپاسکردنی جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە دووپاتی کردەوە کە یانەی پێشمەرگە بەشێکی گرنگی پێشکەوتنی وەرزشە لە شاری سلێمانی و ئەوەش بە بەرچاو ڕوونی کە چەندان تیم و یاریزانی یانەکە لە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق و تیمە بەهێزەکانی بەشداری چالاکییەکان دەدرەوشێنەوە.
لە کۆتایی ئەو سەردانەی بۆ یانەی پێشمەرگە پارێزگاری سلێمانی خەڵاتی تایبەتیی تیمی کچانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی کرد لە پای ئەو سەرکەوتنەی لە ڕاکردنی ماوە درێژی یانەکانی ئێراق لە شاری موسڵ بەدەستیان هێناو نازناو و جامەکەیان بۆ شاری سلێمانی گەڕاندەوە.
[1]