هیدایەت جان
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای بەئامانجگرتنی ماڵی #پێشڕەو دزەیی# ، سەرمایەدار و کەسایەتیی خێرخوازی شاری هەولێر، هەوڵی زۆر دەدات بۆ ڕای گشتیی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بسەلمێنێت کە مۆساد بووە و لە دوایین هەوڵیدا وێنەیەکی پێشڕەو دزەیی بە فۆتۆشۆپ لەگەڵ حاخامێکی جوو پێکەوە لکاندووە و تۆمەتی ئەوەی خستووەتە پاڵ کە لە ڕێگەی ئەو سەرمایەدارەوە نەوتی کوردستان بە ئیسرائیل فرۆشراوە.
وێنەی پێشڕەو دزەیی لەگەڵ حاخامە جووەکە ڕۆژی شەممە، 20ی کانوونی دووەم لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی تەسنیمی سەربە سوپای پاسداران بڵاوکرایەوە کە سەردێڕەکەی بە پێشڕەو دزەیی بازرگان یان هاوکاری ستراتیجی مۆساد؟ دەستی پێ کردبوو.
لەو ڕاپۆرتەی سوپای پاسداراندا هەوڵدراوە ڕای گشتی بەو ئاکامە بگەیێنێت کە مووشەکەکانی سوپای پاسداران بەر ماڵی کەسایەتییەکی مەدەنی و سەرمایەدارێکی شاری هەولێر نەکەوتووە، بەڵکوو یەک لە گرنگترین دەستوپێوەندەکانی مۆساد بەئامانج گیراوە.
شەوی دووشەممە، 15ی کانوونی دووەم سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە 11 مووشەکی بالیستی هەولێری کردە ئامانج کە بەشێک لەو مووشەکانە بەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلی شارەکە کەوتن و لە ئەنجامدا خۆی و منداڵێکی 11 مانگ و هاوڕێیەکی و خزمەتگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا.
ڕۆژی سێشەممە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئێراق گەیشتە هەولێر و لە ماڵی پێشڕەو دزەیی ڕایگەیاند، ئەو خانووەی کراوەتە ئامانج شوێنی نیستەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ پەیوەندی بە بنکە و بارەگای ئیسرائیل و مۆسادەوە نییە.
ئەو لێدوانەی ڕاوێژکاری ئاساییشی نیستمانیی ئێراق کاردانەوەی نێودەوڵەتی و میدیایی زۆری بەدوای خۆیدا، بەتایبەت لە سەرەتای شەڕی غەززەوە بەرپرسان و میدیا فەرمییەکانی ئێران ئیسرائیلیان بە حکومەتی منداڵکوژ وەسف دەکرد، بەڵام بەهۆی کوژرانی ژینەی تەمەن 11 مانگ لە ڕووداوەکەدا، بەرپرسانی ئێران و بەتایبەتیی سوپای پاسدارانی تووشی شڵەژان کرد و بووە هۆی ئەوەی چەندین لێدوانی ناکۆک و دژبەیەک لەبارەی ئامانجیان لە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو بازرگانە کوردە بدەن.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی 20ی ئەم مانگەی ماڵپەڕی سوپای پاسداران کە تێیدا هەوڵیدابوو بە ڕای گشتی نێوخۆی بڵێت، پێشڕەو دزەیی کێیە، چەندین وێنەی پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی بڵاوکرابووەوە کە یەک لەوان وێنەیەک بوو کە لە ئاهەنگێکدا لە تەنیشت حاخامێکی جوو ڕاوەستاوە، بەڵام زۆری نەخایاند کە وێنە ئۆرجیناڵەکە دەرکەوت و زانرا کە ئاژانسەکەی سوپای پاسداران بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ وێنەی پێشڕەو دزەیی خستووەتە پاڵ حاخامەکە.
سوپای پاسداران ئامانجی لەو ڕاپۆرتە زیاتر دامرکاندنەوەی تووڕەیی ڕای گشتیی نێوخۆی ئەو وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی ژینە پێشڕەوی 11 مانگ، وێنەکەی لەگەڵ ژینا ئەمینی خرابووە نێو پۆستەرێک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاشتاگی (کۆماری ئسیلامی ئێران، بکوژی ژیناکان) بڵاوکرایەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا سوپای پاسداران چەند وێنەیەکی دیکەی پێشڕەو دزەیی لەکاتی شەڕی داعش، کە وەکوو سەرمایەدارێکی نیشتمانی هاوکاریی لۆجستیکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکرد، لەگەڵ کۆمەڵێک فەرماندەی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و کردوویەتی بە بەڵگە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیانەوە بیسەلمێنێت هەوڵی درووستکردنی تۆڕی سیخوڕی بۆ مۆساد لە هەرێمی کوردستان داوە.
پێشڕەو مەجید دزەیی، لەگەڵ ئەوەی کاری وەبەرهێنان و بازرگانیی دەکرد، یەکێک بوو لە خێرخوازە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی شەڕی داعشدا، زیاتر لە شەش مانگ لە میحوەری دیبەگە ئەرکی دابینکردنی خۆراکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرتە ئەستۆی خۆی، بە هاوبەشی لەگەڵ نۆ بازرگانی دیکە، ژمارەیەک قوتابخانەیان درووستکردووە، کە تاوەکوو ئێستاش هەندێکیان تەواو نەکراون.
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، 93 ھەزار دەستکێش، 750 چاویلکەی پزیشکی، سێ هەزار ماسکی N95، 1875 جلی تایبەب بە کۆرۆنا و چەندان کارتۆن پێداویستیی پزیشکی دیکەی پێشکەشی تەندرووستیی هەولێر کرد.
هەروەها لە کەمپەینی ڕەنجی شەهیدان کە تۆڕی میدیایی ڕووداو لە ساڵی 2015دا ڕایگەیاند، بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشییە ماڵباتی شەهیدانی شەڕی داعش.
سالار هاوار ئاغا، ئامۆزای پێشڕەو بە ڕووداوی وت مووچەی بۆ دەیان خێزانی بێسەرپەرشت بڕیوەتەوە، بەڵام تەنیا خۆی دەزانێت و نەیوستووە کەس بەو خێرە بزانێت.
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەی سوپای پاسداران، کۆمپانیای فاڵکۆن گرووپی پێشڕەو دزەیی وەکوو دامەزراوەیەک بۆ درووستکردنی تۆڕی سیخوڕی مۆساد و ئەمریکا ناساندووە و لە بەشێکی دیکەشدا ئەو کۆمپانیایەی وەکوو کۆمپانیایەکی پاسەوانی و پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنووسانی بیانی لە ڕووماڵی سەڕی داعش وەسف کردووە.
لە هەمان ڕاپۆرتدا سوپای پاسداران کۆمپانیای فاڵکۆن گرووپ بەوە تۆمەتبار دەکات کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا و لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا بە کۆمپانیایەک بۆ گواستنەوە و گەیاندنی نەوتی کوردستان بۆ ئیسرائیل ناوی دەبات و بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو داوایانەشی پشتی بە وێنەیەک بەستووە کە پێشڕەو دزەیی لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستێکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی خانووبەرە.
دەستکاریکردنی قسەی پێشکێکشار و پزیشکێک
لە ڤیدیۆیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کە بەرنامەیەکی تەندرووستییە و بە زمانی عیبری پێشکەش دەکرێت، بەرنامەکە ژێرنووسێکی ساختەی بۆ کراوە.
لەژێرنووسە وەرگێڕدراوەکەی گرتە ڤیدیۆیەکەدا لەکاتی پرسیاری خانمە پێشکەشکارەکە دەنووسرێت: ئایا ڕاستە مۆساد لە باکووری ئێراق بەم شێوە گەورەیە هەن کە میدیا باسی دەکەن؟
لە وەڵامدا میوانەکە وەک لەژێرنووسەکەدا هاتووە، دەڵێت: مۆساد زۆر بەهێزەوە لە باکووری ئێراق هەن، ئەمەش کارێکی سەیر نییە. ئیسرائیل لە هەموو ئاستێکدا بەشدارییەکی کارای هەیە، ئەمەش لەسەر داوای لایەنی کوردییە، بۆیە پێم وایە دەبێت بوونمان بگاتە ئاستێک کە ئاشکرا و ڕاشکاوانە بێت تا دەگاتە ئاستی دانانی نوێنەرایەتیی فەرمی لەنێوان ئیسرائیل و هەرێم
پرسیاری پێشکەشکار: لە قسەکانتدا بۆم دەردەکەوێت کە ئێران بارەگای مۆسادی بە ئامانج گرتووە؟
میوانەکەش لە وەڵامدا دەڵێت: لە ڕاستیدا لەسەر ئەم پرسە زانیاری تەواوم نییە.
بەڵام گفتوگۆی ئۆرجیناڵی ئەو خانمە پێشکەشکارە و میوانەکەی، دوورە لە سیاسەت و هێرشەکانەوە و سەت لە سەت پزیشکییە و باسی نەشتەرگەری دەکات بە لێزەر.
بەرنامەکە باسی ئەوە دەکات ئێستا باسی نەشتەرگەریی لێزەر دەکەین بۆ چاککردنەوەی بینایی چاو، ئەم نەشتەرگەرییە کە تەنیا چەند چرکەیەکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەم چارەخوازانە. لەگەڵ ئەمەشدا ترس و دڵەڕاوکێ لە بەکارهێنانی تیشکی لێزەر بۆ چاو تووشی کێشەیەکی مەترسیدارت دەکات. لە هەردوو دۆخدا پێویستت بە سەنتەری پزیشکیی دکتۆر دەیڤید ئیسرائیلی هەیە.[1]