سەرۆکی بەشی ھونەری لە سەرۆکایەتی شارەوانی #ھەولێر# وتی: ئەنجامدانی پڕۆژە لە پارێزگای ھەولێر بەردەوامە و زیاتر پڕۆژە لەو ناوچانە ئەنجام دەدەین ھەژار نشینن و کەمتر خزمەتگوزارییان بۆ دابین کراوە، ئێستا بە گوژمەی زیاتر لە 3 ملیار دینار پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردن دان.
ڕازان خەلیل عوسمان، سەرۆکی بەشی ھونەری لە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: ئەو پڕۆژانەی لە ساڵی 2023 لەسەر داھاتی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جێبەجێ کراوە 429 پڕژەیان بە گوژمەی 59 ملیار و 945 ملیۆن دینار کە پڕۆژەی جۆراوجۆرن وەکو قیرتاوکردن و درووستکردن و نۆژەنکردنەوە.
ڕازان خەلیل عوسمان وتیشی: بۆ ئەمساڵیش 2024 بە گوژمەی 3 ملیار و 923 ملیۆن دینار 12 پڕۆژەمان لە بواری جێبەجێکردندان، ئەوانیش قیرتاوکردن و درووستکردن و نۆژەنکردنەوە لەخۆ دەگرێت، بەپێی بودجەی بەردەست بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی پڕۆژەی تازە لە شوێنە جیاجیاکانی ھەولێر.
دەشڵێت: ئێمە زیاتر پڕۆژەکان لەو شوێنانە ئەنجام دەدەین کە ھەژار نشینن و دەکەونە باشووری ھەولێر و کەمتر خزمەتگوزارییان پێدەگات، بۆیە ھەوڵدەدەین لە ھەموو ناوچەکان پڕۆژە ئەنجام بدەین. [1]