ناونیشانی بابەت: لە شەقراوێ لۆ نەمسای/ بەشی 30
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
هەرچەندە هێشتا مۆزیقای گۆرانیەکان باش پڕۆڤەی لەسەر نەکرابوو، هەردوو گۆرانیبێژی ڕەحمەتی #حەمەجەزا# و #قادر زیرەک#، دەهاتنە زۆربەی پڕۆڤەکان و گێیان دەدایێ و ئەوان لەمە گەرمتر بوون! ئەمن لە مارێ خۆمان کە لە تەیراوەی بوو، پڕۆڤەم لەگەرەکردن.
پاشی حازربوونی هەردوو گۆرانی، تەلیفۆنم لەگەر کاک #ئەنوەر قەرەداغی# کرد، ئەویش مەوعیدی تەسجیلکردنی دامێ و بە پاسەکی گەورە هەموو چووینە سولەیمانی. فڕقەی مۆزیقا و کۆرس و گۆرانیبێژیش ئەوانە بوون: (کەمان: #سەید ئەحمەد بەرزنجی#، #ڕەنجبەر خۆشناو#، #شێرزاد سەرسپی#، قەنبەر کەرکووکی، #فوئاد محەمەد#، #سیروان چاوشین#/ عوود: ڕزگار خۆشناو/ بزق: #حەمید مەجید#/ نای: نەشئەت حەمید/ ئەکۆردیۆن: #سیروان عومەر#/ ئۆرغۆن: لوقمان بەرزنجی/ گیتار: نەزار سەعید/ باس گیتار: دیدار/ ئیقاع: شەریف جەرجیس/ بینگۆز: سالح مینە/ کۆڕس: #پایەدار بەرزنجی#، #ئازاد قەرەداغی#، دوو خوشکی جمکی ئازاد قەرەداغی، قانیعە و لامیعە قەرەداغی، شادومان خۆشناو (خوشکی ڕزگار خۆشناو)، خوشکی شەریف جەرجیس، نەجات جەوهەر، شوان سولەیمان، محەمەد عوسمان / گۆرانیبێژان: قادر زیرەک، محەمەد جەزا (خوا لە هەموو مردیەکان خۆشبی و عومر درێژیش لۆ ئەوانەی ماینە).
هەموو چووینە ئوتێلەکی و لۆ ڕۆژێ دوایێ پێشنیوڕانێ چووینە مقەڕی فڕقەی مۆزیقای سولەیمانی کە غورفەکەی خۆیان کردبووە ستۆدیۆ! کاک ئەنوەر هەموو شتەکی حازر کردبوو، کورسی و میکڕۆفۆن و ستاندی نۆتە و پاش نەسبکردنی ئالەتەکان، تەسجیلکردن دەستی پێکرد و ئیشەکەش باشەڕۆیی، هەندەک جار دەبوو ئیعادە بکەینۆ، لە گۆرانیی دوورم لە یاران، غەڵەتەک کرا و دەبوو دیسان سەرلەنوێ دەست پێبکەینۆ، بەران کاک ئەنوەر گۆتی: پێویست ناکا لە سەرەتاوە دەست پێبکەن، بەڵکوو هەر لە کۆپلێ و لە شوێنی هەلەکە دووبارە عەزفی کەن و من مۆنتاجی ئەکەم دوایێ لۆی بەحس کردم کە ئەو نەوعە مۆنتاجەی زۆر کردیە و بە نەوعەکیەکا کە هەرچی گێی لێ بگری هەتا ئەگەر شارەزاش بی نەزانی کە لەحیم کرایە!
لە گۆرانیی دوورم لە یاران کە مەقامەکەی حیجاز بوو لەسەر می و سۆلەکەی دێز بوو، دیار بوو ئێکەک لە کەمانەکان سۆلی ئیعتیادیی لێ دا، لۆیێ کاک ئەنوەر قەرەداغی لە غورفەی کۆنتڕۆل بە توڕەیی هاتە دەرێ و پەنجەی لۆ عازف کەمانەکەی ڕاکێشا و پێی گۆت: بەساقە، سۆڵ دێزە نەک سۆڵی تەبیعی عازیفەکەش کردیە سوعبەت و بەسەر خۆیدا نەهینا!
ڕۆژەکی تەواو مەشغوولی تەسجیلکردنێ بووین و هەتا ئەمە ئالەتاکانن هەرگرت و لۆ ڕۆیشتنێ خۆن حازر کرد، کاک ئەنوەر ئیشی هەردوو گۆرانییەکانی خەلاس کرد و شریتەکەی تەسمیلی من کرد! لەبۆ نانخواردنی ئێوارێش فڕقەی مۆزیقەی سولەیمان کە ئەو وەختی مامەستا فەرەیدوون دارتاش ڕەئیسی بوو، ئەمەیان لە نادی دەعوەت کرد و زۆربەی مۆزیقارەکانی فیڕقەی، وەک کاک خالید سەرکار و عومەری برای و ئەلبێرت عیسا و فڕەنسیس داوود زۆریتکە لەوێ بوون! ئەوە ئێکەم جار بوو هونەرمەندی دوو فڕقەی مۆزیقای دوو شاری گەورەی #کوردستان# (#هەولێر# و سولەیمانی) لەگەر ئێک دانیشن و باسی مۆزیقەی کوردی و ئیش و کار و مەشڕووعی فەننی بکەن! لۆ هەموان هەستەکی زۆر خۆش و موبادەرەکی زۆر گەور ەو میهم بوو کە فڕقەی سولەیمانی ئیستقبالەکی گەرمیان لەمە کرد و ئیحتڕامیان گرتین و دەعوەتیان کردین و لە هەمووشی میهمتر کە بێ بەرامبەر، هەردوو گۆرانیان زۆر بە جوانی و ڕێکوپێک لۆ تەسجیل کردین!
ئەمنیش بە ناوی خۆ و بە ناوی هەموو ئەوانەی لەگەرم بوون، زۆر مەمنوونیان بووم! ڕۆژێ دوایێ گەڕاینۆ هەولێرێ و هەموو درۆ کەیفیان خۆش بوو بەو ئیشە گەورەی ئەو فڕقە گەورە کردی! هەردوو گۆرانبێژ و هەموو مۆسیقار و ئەوانەی کۆڕس بوون، بەو ئیشە بەقوەتەی کە پێشتر لە هەولێرێ نەکرابوو، تاریخی مۆزیقایان نووسی! ئێکەمین جار بوو کە ساری 1977، فڕقەکی ئەوها گەورە - زیاتر لە 20 کەسی - دوو ئیشی پوختە و جوان و ڕێکوپێک تەسجیل بکەن، بۆیێ هەتا هەنکەش خەرک باسی ئەو ئیشاناکەن.
ئەوجا وەرە خەمی ئەوەی بخۆ کو براوی بکەینۆ، کاسێتەک تەقریبەن جێی سعاتەکی گۆرانی و مۆزیقای بوو، بەران ئەمە، بەس دوو گۆرانین هەبوون! هەم عازیفەکانی فڕقەی مەسرەح ڕیفی و هەم عازیفەکانی دیکە، مانیعەتیان نەبوو کە ئەمن شریتەکەی ببەمە لای کاک جیهانبەخشی کە ئەو دەمی مەشهوورترین و باشترین تەسجیلاتی هەبوو. چوومە کنەوی و شریتەکەم تەسلیمی وی کرد و بە قسەی خۆی؛ مانگەکی تەواو گۆرانیەکانی لێدا و ئەوجا دەستی کردە براوکردنەوەی بەران کاسێتەکەی بە چەند گۆرانیەکی قادر زیرەک و محەمەد جەزای پڕ کردبووەوە و خەرکەکی گەلەک زۆر، ناوێ خۆیان لۆ ئەو کاسێتەی تەسجیل کردبوو دوایێش کڕییان! وەختی بە پێش تەسجیلاتی جیهانبەخشی تێدەپەڕین، دەمدیت خەرکەکی زۆر گێی لەو گۆرانیانە دەگرت و ئەو دوو گۆرانیە وەکی قونبەلەکی تەقینەوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!