لە سەڵاحەددین سەرۆک #مەسعود بارزانی# پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێراق کرد.
لەو دیدارەدا کە کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە #هەولێر# ئامادەی بوو، باڵیۆزی بەریتانیا دووبارە سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند بۆ کارەساتی موشەک بارانە بێ بنەماکەی سەر هەولێر کە لەلایەن سوپاسی پاسدارانی ئێران ئەنجامدرا و بووە هۆی شەهید و بریندار بوونی ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل، لەم بارەیەوە هەڵوێستی فەرمی حکوومەتی بەریتانیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند کە دژی ئەم جۆرە کردەوانەن بە تایبەت کە خەڵکی سڤیل و بێتاوان بکرێتە ئامانج.
هەر لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخ و دواپێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و ئێراق کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕاستییەکان کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئێراق پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستییەکان لەسەر ئەم ڕووداوە.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی هەڵوێستی باڵیۆز و حکوومەتی بەریتانیای کرد، و دووبارە نیگەرانی خۆی دەربڕی بەو کردەوە نا مرۆڤانەی بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کرا، و پێزانینی هەبوو بۆ هەوڵەکانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێراقی فیدڕاڵ بۆ وەرگرتنی هەڵوێست و بەدواداچوونی جددی لەسەر ئەم پرسە.
پەیوەندییەکانی نێوان #حکومەتی هەرێمی کوردستان# و حکوومەتی فیدڕاڵی ئێراق و بارودۆخی ئەمنی دەشتی #نەینەوا# و #شەنگال# و گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون. [1]