ئەمڕۆ سێشەممە #04-10-2022# لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى، #فازڵ میرانى#، سکرتێرى مەکتەبى سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، پێشوازیى لە ئەلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزى ڕووسیا لە ئێراق و ماکسیم ڕوبین، کونسوڵى ڕووسیا لە هەرێمى کوردستان و شاندى یاوەرى کرد.
لە دیدارێکدا کە زەعیم عەلى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى ئامادەى بوو، وێڕاى بەخێرهێنانى میوانان، فازڵ میرانى پوختەیەکی دەربارەى دۆخى پڕۆسەى سیاسیى ئێراق و پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵیى ئێراق باس کرد و جەختى لەوە کردەوە کە بەبێ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و هەستکردن بە بەرپرسیارەتیى نیشتمانى، کێشەکانى ئێراق چارەسەر نابن، بۆیە لەم قۆناغەدا دەبێت هەموو هێز و لایەن و پێکهاتەکانی ئێراق سەقامگیریى سیاسى وەک ئەرکى سەرەکى و لەپێشینەى خۆیان ببینن و کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بکرێن.
هەر لە دیدارەکەدا، باڵیۆزى ڕووسیا سوپاسى سکرتێرى مەکتەبى سیاسیى کرد بۆ ئەم پێشوازییە و تەئکیدى کرد: ''گرنگە هەرچى کێشە و قەیران هەیە بە ڕێگاى دیالۆگ چارەسەر بکرێن و سەقامگیریی ئێراق و هەرێمى کوردستان لامان زۆر گرنگە.''
بارودۆخى ناوچەکە و پەیوەندییەکانى نێوان ڕووسیا و هەرێمى کوردستان کە مێژینەن، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون. [1]