هێمن عەساف
سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئێران، ڕایگەیاند لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێداگیرییان لە پشتیووانیی زیاتری ئێران کردووە، هەروەها جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری هاوکاری و هاوئاهەنگی لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی دژ بە پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و پژاک کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24-01-2024) ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران دوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی شاندە هاوبەشەکەی نێوانیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانییان کرد.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەسپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە تەقینەوەکانی شاری کرمان کرد، کە ڕۆژی سێی ئەم مانگە لە نزیک گۆڕی قاسم سلێمانی ڕوویاندا وم وتی تورکیا لەپاڵ ئێرانە لە خەباتی بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆر.
ئەردۆغان باسی لەوەکرد، بایەخ بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێرانی دراوسێ و دۆست دەدەن لەسەر بنەمای متمانە و بەرژەوەندی قوڵی هاوبەش. جەختی لەوەشکردەوە کە ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوە هاوبەشەکانیاندا داویانە، تەنیا لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات نابێت، بەڵکوو بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکەش گرنگە.
سەرۆککۆماری تورکیا وتی لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، پێداگریمان لە پشتیووانیی زیاتری ئێرانی دراوسێمان کرد. جەختمان لە پەرەپێدانی زیاتری هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانمان کرد لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش دژی پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و پژاک، کە ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەکەمانیان کردووەتە ئامانج.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران پرسێکی دیکەی دیداری ڕەئیسی -ئەردۆغان بوو.
ئەردۆغان لە کۆنگرە ڕۆژنامەڤانییەکەدا، وتی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان سەرووی 30 ملیار دۆلارە و پێمانوایە دەبێت بەرەو باشتر هەنگاو بنێین. پێکەوە باسمان لەو کێشە و ئاستەنگانە کرد کە کاریگەرییان لەسەر بازرگانیی نێوانمان هەیە و لە ڕێگەی وەزارەتەکانمانەوە بڕیاری چارەسەرکردنیان درا.
وەزیرانی دەرەوە، ڕێگەوبان و شارسازی، بازرگانی، نەوت، کارەبا و وزە، ناوخۆ و بەرگری لەگەڵ ژمارەیەک ڕاوێژکار و ڕاگەیاندنکارانی ئێران، یاوەریی ئیبراهیم ڕەئیسی بوون لە سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە.
هاوکات، شاندی باڵای تاران -ئەنقەرە، واژۆیان لەسەر 10 ڕێککەوتننامەی هاوبەش لە بوارەکانی کولتوور، زانست، ڕاگەیاندن، ناوخۆ، گواستنەوە و گەیاندن، بازرگانی و ئابووری کرد.
ئەردۆغان وتی بەردەوام کاردەکەین لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشە باڵاکانی نێوانمان.
لە کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشدا بڕیار لەسەر کردنەوەی دوو دەروازەی نوێ درا و ژمارەی دەروازە و خاڵە گومرگییەکان بۆ پێنج دەروازە زیاد دەکرێن.
دەروازەی گومرگیی گوربوڵاک لە پارێزگای ئاگری، ئەسەندەرە لە پارێزگای جۆلەمێرگ، دیلئوجو لە پارێزگای ئیدر لە باکووری کوردستانن. جگە لەمەش دەروازەی وان هەیە کە گەشتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێیەوە سەردانی وان و پارێزگەکانی دیکەی باکووری کوردستان دەکەن.
ئەگەر ئێران ڕەزامەندی بدات، دەروازەیەکی دیکەش لەنێوان وان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە. ئەم پێشنیازەی تورکیا لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو 2.3 ملیۆن گەشتیار لە ئێرانەوە سەردانی تورکیایان کردبوو. لە بەرانبەردا 357 هەزار گەشتیار لە تورکیاوە سەردانی ئێرانیان کردبوو.
لە 2014ەوە، لووتکەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی کۆماری هەردوو وڵات دەکرێت.
بڕیار بوو ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی 04-01 2024، سەردانی ئەنقەرە بکات، بەڵام ڕۆژێک پێشتر و لە 3ی مانگ لە نزیک گۆڕی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دوو تەقینەوە ڕوویاندا و بوونە هۆی کوژرانی 92 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، بەمەش سەردانەکە هەڵوەشایەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، ڕۆژی 18-07-2022، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەردانی تارانی کردبوو.[1]