ڕژێمی سەدام 43 ساڵ لەمەوبەر لە جینۆسایدێکی پڕ لە ڕق و قیندا دژ بە کوردبوونیان هێرشی کردە سەر کوردانی فەیلی و ماڵ و حاڵیانی تاڵان کرد و گەنجەکانیانی خستە ناو زیندانەکانەوە و بێسەروشوێنی کردن، سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی بەجینۆسایدناسانی #کوردانی فەیلی# ئەم تاوانەی بە بیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایەوە، کە هیچی کەمتر نەبووە لە جینۆسایدەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق و داعشە تیرۆریستەکان، گۆڤاری گوڵان لە زنجیرە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ هەڵدانەوەی ڕۆژە ڕەشەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی پێشووی ئێراق دژ بە کوردانی فەیلی، دیدارێکی لەگەڵ ئەندازیار ژیان ڕەزا حەسەن فەیلی سازدا، ژیان ڕەزا لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر و کەسایەتییەکی ناسراوی ناو کوردانی فەیلییە و باوک و دایکی لە ساڵی 1961دا لە شۆڕشی ئەیلوول بەشدار بوون و لە کۆنفرانسی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی فەیلی ئەندامێکی کارای کۆنفرانسەکە بوو، لێرەدا پوختەی قسەکانی بڵاو دەکەینەوە.
* ئەگەرچی جینۆسایدی ساڵی 1980ی کوردانی فەیلی لە قۆناغ و سەردەمێکی هەستیاردا ئەنجام درا و جۆرێک لە پەراوێزخستن و شاردنەوەی پێوە دیارە، بەڵام تاوانێکی نێودەوڵەتی بووە دژ بە نەتەوەی کورد، پرسیار لێرەدا ئەوەیە وەکوو ئافرەت و کەسایەتییەکی ناو کوردانی فەیلی ئەم پاکتاوکردنە دەخەیتە خانەی چ شێوازێکی جینۆسایدەوە؟
-کوردانی فەیلی لە ئێراقدا بەهۆی کوردبوونیان و پشتگیرییان بۆ شۆڕشی ئەیلوول ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بوونەوە، بابەتەکە تەنیا بەزۆرەملێی ڕاپێچکردنیان نییە بۆ ئێران لە ساڵی 1980، بەڵکوو ڕاپێچێکی زۆرەملێی دیکەش لەلایەن ڕژێمەکانی پێشووەوە لەنێوخۆی ئێراقدا ڕووی داوە، کە چۆڵکردن و بەعەرەبکردنکردنی ناوچەکانیانی لێ کەوتەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ زیندانیکردن و کوشتنی گەنجەکانمان و ژمارەیەکی زۆریشیان تاکوو ئێستا سۆراخیان نییە و بێسەروشوێنن، بەو پێیەی زۆربەی کوردانی فەیلی دانیشتووانی بەغدا و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە و بەشێکیان لە ناوچە جێناکۆکەکان بوون و ناوچەکانیان دەوڵەمەند و بەپیتە لە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی، بۆیە ڕووبەڕووی بەعەرەبکردنێکی بەرنامەبۆداڕێژراو بوونەوە. لە دوای ساڵی 1980 سەدام وتی ئەوەی ژنی کوردی فەیلی هێناوە، دەبێت تەڵاقی بدات، چونکە کوردە فەیلییەکان ڕاگواستن دەکەین و نابێت وەچەتان لێیان هەبێت، بەمەش تەنانەت دەستیان بۆ تێکدانی شیرازەی پیرۆزی خێزانەکانیش برد، بۆیە جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەچێتە قاڵبی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بە تێپەڕبوونی کاتیش شوێنەوارەکان و تاوانەکان ناسڕێنەوە، بەتایبەتیی ئەم جینۆسایدە کە ئامانج لێی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەکە. گەورەترین مەترسی لەوەدایە هەروەکوو چۆن سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێ دا، تاکوو ئەمڕۆ پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی کوردانی فەیلی لە بەغدا و ناوچەکانیان بەردەوامی هەیە و قەرەبووی ماددەی و مەعنەوی نەکراونەتەوە.
* ئاماژەت بە شۆڕشی ئەیلوول و ڕۆڵی کوردانی فەیلی کرد، ئایا تاچەند کوردانی فەیلی پاڵپشتیی شۆڕشەکەیان کردبوو؟
-کوردانی فەیلی کە پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی کۆمەڵگەی کوردین و تایبەتمەندێتیی نەتەوەیی و مەزهەبییان هەیە، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕووبەڕووی شاڵاوێکی فراوان بوونەوە و سەرەتا لە ساڵی 1970 ڕەگەزنامەی ئێراقییان لە کوردانی فەیلی سەندەوە و بە ئێرانییان دانان، کەچی کاتێک ڕاپێچی ئێران کران، لەوێش بە ئێراقییان دادەنان، لە ڕووداوەکانی ساڵی 1963 و دواتر لە شۆڕشی ئەیلوول لە 1961 ڕژێمی بەعس بەهۆی هەڵوێستی کوردانی فەیلی ئەم ڕق و قینەی بەرانبەریان هەبوو، بۆیە چەندین تاوانی قێزەوەنی نامرۆڤانەیان ئەنجام دا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خۆشەویستی و ڕێزێکی زۆریان بۆ مەلا مستەفا بارزانی هەبوو و بە داکۆکیکارێکی سەرسەختی خۆیانیان دادەنا و بە ڕۆح و گیان فیدای مەلا مستەفا بارزانی بوون، لە شۆڕشی ئەیلوول زۆر لە کوردانی فەیلی بە کۆکردنەوەی کۆمەک و بەشداریکردن لەناو ڕێکخستنەکانی پارتی ڕۆڵێکی کارایان لەناو شۆڕشەکەی مەلا مستەفا بارزانی هەبوو، لە سەردەمی حەرەس قەومی باوکم لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی کوردانی فەیلی لە گەڕەکە کۆڵان تەسکەکانی ئەو سەردەمەی بەغدا چەک و تەقەمەنییان لەژێر عەبای خێزانەکانیان لە بەغداوە دەگواستەوە بۆ سەر شەقامەکان، کە لەوێ ئۆتۆمبێلەکان چاوەڕوانی دەکردن و دواتر لەناو ئۆتۆمبێلەکان دەشاردرایەوە و دەنێردرا بۆ شاخ، ئەو دەمەی باوکم وەکوو یاریدەدەری پزیشک بە سیفەتی پزیشک چووە ناو ڕیزەکانی شۆڕش و لە کاکە ئیدریس بارزانی نزیک بوو، پێکەوە بە ڕۆح و گیان نەک بۆ پۆست و پارە و دەسەڵات، کوردایەتییان دەکرد، دایکیشم مامان بوو، سەرپەرشتیی منداڵبوونی خێزان و خانەوادەی بارزانی و پێشمەرگەکانیشی دەکرد، کوردانی فەیلی ڕێز و خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ ئیدریس بازرانی هەبوو، چونکە جگە لەوەی کوڕی مەلا مستەفا بارزانی بوو، گرنگییەکی زۆریشی بە کوردانی فەیلی دەدا و لێیانەوە زۆر نزیک بوو. لە ڕێککەوتنامەی ئادار لە ساڵی 1970 لەناو گۆڕەپانی تەحریری بەغدا لەناو ئاپۆڕای جەماوەریدا کوردانی فەیلی پاڵپشتییان لە مەلا مستەفا بارزانی و ڕێککەوتنامە مێژووییەکە دەکرد، لەو ئاپۆرایەی خەڵکدا کە بەڵگەنامە و وێنەکان ماون، بەڕوونی دەردەکەوێت کە چۆن کوردانی فەیلی پاڵپشتیی مەلا مستەفایان دەکرد. یەدوڵڵاو کوڕەکانی و جەعفەر محەمەد کەریم و حەبیب محەمەد کەریم و زەکییە ئیسماعیل حەقی فەیلی و سەدان کوڕی گەنج و کەسایەتیی بەناوبانگی دیکە لە بەغدا پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانییان دەکرد. ئەو سەردەمە پارتی خاوەنی پارە و داراییەکی باش نەبوو، پشتی بە کۆمەکی بازرگان و کاسبکار و پیشەوەرەکانی کوردانی فەیلی دەبەست، تەنانەت ئامێرەکانی ئێزگەی ڕادیۆ لەلایەن کوردانی فەیلییەوە گواسترایەوە بۆ شاخ، ژمارەیەکی زۆری کاسبکار و بازرگان و پیشەوەران بەشدارییان لەو ڕێپێوانانە دەکرد کە بۆ پاڵپشتیکردنی مەلا مستەفا بارزانی لەناو جەرگەی بەغدا ڕێک دەخرا، هەر ئەمەش بوو وای کرد لە ساڵی 1980دا 400 بازرگانی کوردی فەیلی بانگهێشت کرانە ناو هۆڵێک بە بیانووی پێدانی مۆڵەتی نوێی بازرگانی کە لەلایەن تەها یاسین ڕەمەزان بەڕێوەچوو، لە دەرگای پشتەوە بە زۆر خرانە ناو پاس و بەرەو سنوورەکانی ئێران ڕاپێچ کران و دواتریش نیو ملیۆن کوردی فەیلی بەپێی بڕیاری 666 لە 07-05-1980 دەست بەسەر ماڵ و حاڵیاندا گیرا و، خانوو کەلوپەلەکانیان تاڵان کران و ڕاپێچی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێراق و ئێران کران و بە کۆڕەوێکی پڕ لە مەترسی و مردنی ژمارەیەکی زۆری منداڵ و کەسی بەتەمەن، گەیشتنە ئۆردوگاکانی ئێران، ئەو ئۆردوگایانەی هەرگیز جێگەی ژیان نەبوون، بەمەش دەیان هەزار کوردی فەیلی لە گەڕەکەکانی بەغدا و کوت و خانەقین و بەدرە و جەسان و بەسرە و دیالە و میسان و کوفە و ناسرییە لە ماوەی چەند مانگێکدا لەلایەن پیاوانی موخابەراتی بەعسەوە دەستنیشان کران و بە شەو هەڵیانکوتایە سەریان و گەنجەکانیان دەستگیر کردن، لە گرتووخانەکانی کازمییە و فەیسەڵییە و سەدر و ئەبوغرێب و حەبانییە بێسەروشوێن کران، من خۆم و خانەوادەکەم و کەسوکارەکەم لە وەجبەی یەکەمی بەزۆرەملێی ڕاپێچکردنەکەدا بووین، لە وەجبەی دووەم گەنجەکانیشیان دەستبەسەرکرد و ڕاپێچی زیندانەکانیان کردن.
* لە دوای بەزۆرەملێ ڕاپێچکردنی کوردانی فەیلی بۆ ئێران، لەوێش تراژیدیایەکی دیکە دەستی پێ کرد، بەو پێیەی خێزانەکەی خۆتیش دەربەدەر کران، دەکرێت، دەمانەوێت باس ژیانی ناو ئۆردوگاکان بکەیت؟
-بەهۆی کوردبوونمانەوە لە ئێراق پێمان دەوترا ئێرانی، لەوێش پێمان دەوترا ئێراقی، ئۆردوگاکانیش سادەترین بنەماکانی ژیانی تێدا نەبوو، ئەو دەمە ئێران لە سەروبەندی شۆڕشێکی نوێی کۆماری ئیسلامیدا بوو، جیهان پاڵپشتی لێ نەدەکرد و ئێراقیش دەستی بە هێرشکردنە سەر ئێران کرد و زۆربەی دانیشتووانە سەر سنوورییەکانی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون، بەمەش برسێتی و نەخۆشی و نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان تراژیدیا و ئازارێکی نوێی ئاوارەبوونی کوردانی فەیلی دەستی پێ کرد و چەندین ساڵی خایاند، تەنانەت زۆر لە پیاوان و ئافرەتانی بەتەمەن و منداڵ لە نەخۆشی و ژیانێکی قوورسدا گیانیان بەخشی.
* وێڕای ئەم تراژیدیا و پاکتاوکردنە کەچی لە ئێراقی دوای بەعس کەیسی جینۆسایدی کوردانی فەیلی پشتگوێ خرا و گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدرا، تەنانەت قەرەبوو نەکرانەوە و پێگە و دەسەڵات و مافەکانیان بۆ نەگەڕێنرایەوە، ئایا هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-جینۆساید وا تا تاوانی تاوانەکان و بە هۆکاری سیاسی و نەتەوەیی ئەنجام دراوە، لەناوخۆدا پەڕڵەمانی ئێراق و زۆر دادگا و تەنانەت حکومەت و ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە جینۆسایدی ناو بردووە، تا ڕاددەیەک ڕەگەزنامەی ئێراقییان بە ژمارەیەک لە کوردانی فەیلی بەخشی، بەڵام کەس نەبووە ئەم کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسێنێت، بۆ ئەوەی حکومەتی ئێراق بخاتە ژێر باری یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی، ئێراقی دوای ساڵی 2003 نەیتوانی مافەکانی گەلی کورد زامن بکات، ئیتر چۆن ددانپێدانان بە جینۆساید و دووبارە ماف بۆ خاوەن مافەکان دەگەڕێننەوە؟ من خۆم کە ڕەگەزنامە و نفووسم گۆڕی بۆ کارتی نیشتمانی داوای نووسخەیەکی ڕەگەزنامەی باوکمیان کرد، کە پێم دان، وتیان دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی ئێراق هەموو بۆکسەکەمان بۆ ڕەوانە بکەن، تاوەکوو بزانین خۆت و خێزانەکەت تەجمید نەکراون، ئەمەش ڕۆتین و هێنانەوەی بڕوبیانووە، حکومەتی ئێراق لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە ئیدعای ئاسانکاری بۆ کوردانی فەیلی دەکات، بەڵام لە ڕووی کردارەوە وا نییە، برینی کوردانی فەیلی و شوێنەوارەکانی جینۆساید تا ئێستاش ساڕێژ نەبووە.
* کۆنفرانسی بە جینۆسایدناساندنی تاوانی دژ بە کوردانی فەیلی ئومێدێکی گەڕاندەوە بۆ دووبارە ناساندنی تاوانەکە، ئایا لە دوای کۆنفرانس پێشنیازی چی دەکەیت بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان و گەڕانەوەی مافەکانتان؟
-سەرۆک بارزانی نوێنەرایەتی و بەرگریکاری مافەکانی هەموو چین و توێژەکان و پێکهاتە و ئایین و ئایینزا و نەتەوەکانی کوردستانە، هەرواش بۆ ئێمەی کوردانی فەیلی پشت و پەنایە، کۆنفرانسەکە گرنگی و بایەخی گەورەی هەبوو، وەکوو لایەنی زانستی و زیندووکردنەوەی تاوانەکە، بۆیە داواکارین لە سەرۆک بەردەوام بێت لە گرنگیدان بەم کەیسە و گەڕانەوەی مافەکانی کوردانی فەیلی و قەرەبووکردنەوەیان، هەروەکوو چۆن ئەرکی حکومەتی ئێراقە ڕەگەزنامە بداتەوە بەو کوردانەی فەیلی کە لە زەمەنی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراقدا نەیاندراوەتێ، یان لێیان زەوتکراوە، کوڕ و کچەکانیان لە دامەزراوەکانی ئێراق دابمەزرێنن، هەر هیچ نەبێت لەناو نەتەوەکەی خۆماندا لە شاری هەولێر بەشێک لە مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر چاوەڕوانی ڕژێمی ئێستای ئێراق و دادگا و هەیئەی نیزاعی موڵکییە بکەین، ئەوا لە بازنەیەکی داخراودا بەهۆی کوردبوونمانەوە دەمانهێنن و دەمانبەن، قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی زۆر پێویستە، تەنانەت لەبەر باری ئەمنی و ئەو حزبایەتی و شۆڤێنییەتەی لە ئێراقدا لە هەڵکشاندایە، ڕەنگە زۆر لە کوردانی فەیلی (ئەوانەی لە ئێران و لە هەندەرانن) نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی باوک و باپیرانیان، ئێ خۆ دەبێت لە کوردستان نیشتەجێ بکرێنەوە، لێرە داواکارین کوردانی فەیلی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێگەیەکی زیاتریان پێ بدرێت.[1]