سەربەخۆیی لە دیدی کوردێکی خاک و نەتەوەپەرستدا
#دەریا قادر#
تێبینییەکی سەرەتا:
خوێنەرانی بەڕێز و قەدرگران، بە گەورەیی خۆتان لێم قبووڵ بکەن، کە من باوەڕم بە نووسینی (تەقلیدی) و باو نییە، بەڵکوو باوەڕم بە جیانووسی هەیە، چونکە ئەوە وام لێ دەکات بێ بەربەست ئەوەی لە زەین و هەست و دڵمدایە بیخەمە سەر پەڕە. وەک ئەوەی لەم وتارەمدا، لەناو گێژاوی چەند پرسیارێکمدا، لێدوانێکم لەگەڵ خودی خۆم ئەنجام دا، سەرەنجام جارێ بەم وەڵامانە گەیشتووم:
ئێمە بە کوردی لەسەر خاکی کوردستان درووست بووین، بەرلەوەی پەروەردگار ئایینێکی پیرۆزمان بۆ هەڵبژێرێت، کوردبوونی بە دیاری پێشکەش کردووین!
سەربەخۆیی ئەو ساتەیە، کە مرۆڤ بەئازادی توانای بڕیاردانی هەبێت، سەربەخۆ مامەڵە بکات و پەیوەست بێت بە سەربەخۆیی لەلایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا.
سەربەخۆیی پڕۆسەیەکی ئاسان نییە، قوربانیدان و پلانی پتەو و زەمینەسازیی ڕەخساوی دەوێت، زۆر جار باجی گەورەی هەیە، چونکە دەبێت لەپێناویدا بجەنگین و وەک ماف بسەندرێت، ئەویش کە بەهایەکی گرنگە، چونکە هەستی بەرزەفتکردنی ژیان بەئازادی و دوور لە دەستبەسەری، بە مرۆڤ دەبەخشێت.
گەلانی هەموو دونیا بوونی قەوارەی دەوڵەتەکەیان بە یەکەوەی بەستوون، بۆ گەلی مافخوراو و پەرتەوازەی کوردیش، بوونی دەوڵەت و قەوارەی سەربەخۆیی گرنگترین بەها و چارەسەرە، کە بەراورد ناکرێت بە هیچ شتێک، بەتایبەت لە کاتێکدا کورد بەردەوامە لەم خەباتە و دونیایەک قوربانی و ڕووبارێک خوێنی بۆی داوە.
لە بنەڕەتدا سەربەخۆیی بریتییە لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن و وەرگرتنی بەرپرسیارییەتیی خۆیی، وەک سەربەخۆیی ئابووری و دارایی، سەربەخۆیی سیاسی، سەربەخۆیی لە ئازادیی دەربڕین و بیروڕا و ئازادیی تاک کە
توانای بڕیاردان و هەڵبژاردنی ژیانی خۆی هەبێت، بەبێ ئەوەی وابەستەی کەسانی دیکە و لایەنی دیکە بێت و بێ ئەوەی هیچ دەستتێوەردانێک هەبێت.
لە وڵاتانی دیکەی فرەنەتەوە، بۆ نموونە کاتێک وڵاتێک سیستەمی سەربەخۆیی پەیڕەو ناکات، بۆ نەتەوە جیاوازەکان زۆر قوورسە، واتا مرۆڤەکانی نەتەوە جیاوازەکان لە وڵاتەکەی خۆیاندا وەک پەنابەرێکن، کە مافی مانەوەیان پێنەدراوە، تەنیا ژیانێک دەژین و لە زۆربەی مافەکانیان بێبەش دەکرێن!
بەڵام لە کوردستان پێچەوانەیە، خاک و وڵات هیی کوردە و زەوتکراوە، کورد لە وڵاتی خۆیدا خراپتر لە پەنابەرە.
چۆن دەکرێت من لە وڵاتەکەی خۆم هاووڵاتیی پلە دوو بم؟
چۆن دەکرێت من لە وڵاتەکەی خۆم تەنیا بم؟
زۆر جار لەناو ئەم پرسیارانەی خۆمدا خول ئەخۆم.
تەنیابوون، یا هەستکردن بەتەنیایی، دوو ڕەهەندی جیاوازن و کورد لە هەردووکیاندا خۆی دەبینێتەوە، بۆیە پەنا دەبەینە بەر وڵاتانی دەرەوە و ئەوکات جیاوازیی نییە ئێمە لە هەر شوێنێکی دنیادا بین!
باشووری کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک جێگەی متمانە و ئومێدی وڵاتە زلهێزەکانە، دەروازەی باوەشی گەرمی واڵایە بە ڕووی جیهاندا، بەڵام منی کورد لە وڵاتەکەی خۆمدا هەستی تەنیایی ناخی خواردووم و وەک هاووڵاتیی پلە دوو هەژمار دەکرێم.
نازانم بڵێم ئەو سەرزەمینە بچووکە و شوێنی کوردی تێدا نابێتەوە، یا هێندە گەورەیە، کە وڵاتێکی بە چوار پارچەوە قووت داوە؟
ئاخر منی گەڕیدەیەکی تینووی ئازادی و سەربەخۆیی خاک و نیشتمان، بە فیزیکی پێنج هەزار کیلۆمەتر لە وڵاتی خۆمەوە دوورم، بەڵام هەرگیز جێم نەهێشتووە، بەڵکوو لە دڵمدا هەڵم گرتووە و خەمەکانی هەروا بەکۆڵمەوەیە، لە کاتێکدا سەردانی چەندین وڵاتم کردووە، بۆنی خاکی هەر وڵاتێکم کرد و ئاوی هەر وڵاتێکم خواردەوە، نەمتوانی بۆ چرکەیەک خەیاڵم لابەرم لە وێکچوون، خۆزگە و حەسرەتی سەربەخۆیی بۆ وڵاتی خۆم.
ئەوسا هەست بە کەسە ناودارەکانی جیهان دەکەین کە گوتە بەنرخەکانیان سەبارەت بە ماف و خواستەکانی سەربەخۆیی و بیرۆکەی ژیرانەیان لەسەر ئەم بابەتە چۆن کاریگەرییان لەسەر جیهان درووستکردووە، وەک (مەهاتما گاندی) ، سەرکردەی سیاسی و ڕۆحیی هیندییەکان و ڕابەری ئازادی، (نیلسۆن ماندێلا) ی شۆڕشگێڕ، (کۆنفۆشیۆس) ی فەیلەسووف، (ئێلینۆر ڕۆزڤێڵت) ی دیپلۆماتکار و چالاکوان.
ئەم مرۆڤە ئیلهامبەخشانە هەموویان بە شێوازی جیاواز خەباتیان بۆ ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی کردووە. قسە و کردارەکانیان یارمەتیدەر بووە لە داڕشتنی مێژوو و ئیلهامبەخشین بۆ ئەوانی دیکە، بۆ گەڕان بەدوای سەربەخۆیی و ئازادیدا.
بۆ ئێمەی کوردیش، ڕوونە ئەو هەرێمە فیدڕاڵ و ئازادەی ئێمە بە خوێن و خەباتێکی بێوچان بەرهەممان هێناوە، بەدڵنیاییەوە ئەوان دانی پێدا نانێن و نابێت هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەشیان لێ بکەین، چونکە بە هیی خۆیانی دەزانن و بەردەوام دەیانەوێت بە هەموو جۆرە سیاسەت و ستەمێک، نەک هەر دەستی بەسەردا بگرنەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەی کورد باڵادەست نەبێت و خاوەنی خۆی نەبێت، ئامادەن وێرانی بکەن.
مایەی خۆشحاڵییە، کە سەرباری زۆرینەی کێشەکان و پارچەکرنی وڵاتمان، نەیانتوانیوە ویست و خواستەکانمان پارچە بکەن.
لە ڕاستیدا ئەوەی بۆ کورد مایەی نیگەرانییە، ئاڵۆزیی ناوچەکە و باری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری، لەناوبردنی (ئینتیمای) تاک و بوونی خائینانی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەوروبەرە، سەرباری هەموویان، ڕۆژبەڕۆژ ئێمەی کورد زیاتر سوورین لەسەر باوەڕی کوردبوونمان و هیوا و ئومێدمان بە داهاتوو هەیە و باوەڕمان بە هێز و ئیرادەی زۆرینەی کورد هەیە، ئەم کاروانەش کاتی دێت بگاتە جێ، لەو باوەڕەدام، کورد لە ئامانجەکانی نزیک بووەتەوە، کە سەربەخۆییە.
ئێمەی سەربەخۆییخواز و دوور وڵات، هەرچەند بە فیزیکی لەناو کێشەکاندا نین بەڵام لەدوورەوە کاتێک سەیری ناوخۆ دەکەین، کێشەکان لەگەڵ دونیای دەرەوە بەراورد دەکەین و زیاتر لە فکری خۆماندا وردی دەکەینەوە و هەندێک جاریش وەک تەماشاکارێک، کە ئازار بەخشترە لەوەی کە مرۆڤ خۆی ڕۆژانە لەناویدا دەژیێت، خەمبار دەبین! بۆیە دووهێندە لە بیری خەمی وڵاتی زەوتکراومانەوە، بە ئازاری فکری و دەروونییەوە دەتلێینەوە.
لەمەوە ئێمە هەست دەکەین دوو جۆر بۆشایی قووڵ لە دەروون و ڕۆحماندا هەیە، بە تێپەڕینی کات ئەم بۆشاییانە وەک تونێلێکیان لێ هاتووە و ڕۆحمانی وێران کردووە. هەموومان ئەوە دەزانین، بۆشایی و کەلێنەکانی ڕۆحمان بە سەربەخۆیی نەبێت پڕ نابێتەوە.
ئاخر من سەد ساڵیش لە ئەورووپا بژیم نابم بە ئەورووپی، هەرچەند هەموو مافەکانم وەک هاووڵاتییەکی ئەورووپی بەیەکسانی بۆ دەستەبەر کرابێت و لە لوتکەیدا بم، بەڵام کێشەی من ئەوان نین، بەڵکوو من سوپاسگوزارم بۆ هەموو شتێک، بەڕاشکاوی، نیگەرانیی من ئەوەیە کە:
-من کاتێک بە زمانی بیانی قسە دەکەم، لە ناخەوە بە کوردی دەدوێم.
-من کاتێک لە کیشوەرێکی ئەوپەڕی کوردستان نیشتەجێم، بە کوردی دەژیم.
-من کاتێک دەمەوێ بنووسم، بە کوردی بیر دەکەمەوە.
-من کاتێک لەگەڵ کەسێکی بیانی کار دەکەم، بە کوردی هەڵسوکەوت دەکەم.
-من بیروباوەڕ، ناخ و ڕۆحێکی کوردییم، نە زەمەن و نە گۆڕینی جوگرافیا، نە شوێنی نیشتەجێبوون و نە ژیانم لە وڵاتانانی دیکە، یەک زەڕڕە نەیانگۆڕی و نایگۆڕن.
ئیتر هەمیشە پرسیارێکی ورووژێنەر و بە ژان، ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەکرێتەوە، بۆ هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی نیشتمانن، هەرچەند نموونەیەکی زۆر سادە و سەرەتاییە بۆ خانەخوێ، کاتێک لێمان دەپرسن:
-لە کوێوە هاتووی؟
-خەڵکی کوێی؟
+ وەڵام: کوردستان..
-پرسیاری دوای ئەو: ئا کوردستان؟ بەڵام نەمبیستووە کوردستان وڵات بێت!
+ لە دڵی خۆما دەڵێم: دیسان قەپاغی برینەکەمیان هەڵدایەو!
لێرەدا بۆ وەڵامی پرسیارێک، ئێمە ناتوانین وەک هەر کەسێکی دیکەی سەر ئەم زەمینە بە وشەیەک، کە ناوی وڵاتەکەمانە، وەڵام بدەینەوە. بەڵکوو دەبێت لەبری یەک وشە و یەک ناو، هەزاران وشە بدرکێنین و مەحکوومین بەوەی، چەند لاپەڕەیەکی مێژوو بۆ وەڵامی یەک پرسیار هەڵبدەینەوە.
ئینجا ئەگەر خانەخوێ کات و میزاجی هەبێت بۆ گوێگرتن لە وەڵامی ئێمە و بیەوێت لەم ساتە کوورتەدا ئێمە بناسێت و گوێبیستی وەڵامی گەرمی دڵی بەسوێی ئێمە ببێت!
هاوکات ئێمە لە خەمباریدا ناچارین فرمێسکەکانمان لەناو چاوەکانماندا حەشار بدەین، چونکە ڕێک ئەو کاتە وەک ئەوەیە، خوێ بکرێتە سەر زامێکی کۆن و چارەسەرنەکراو، بەهێواشی ئەم زامە دیسان لە ناخماندا دەکولێتەوە، سەختتر ئەوەیە کە تەنیا خۆمان ئازاری ئەم زامە هەست پێدەکەین و تەنیا خۆمان دەبێت ببین بە پزیشک و دەرمان و چارەسەرسازی زامەکانمان و کەسیش هەرگیز لێمان تێناگات.[1]