نۆ ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شاری #کۆبانێ# لە ڕۆژاوای کوردستان تێدەپەڕێت، کە لەسەر داوای سەرۆک بارزانی، پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە دەرکردنی چەکدارانی #داعش# لە کۆبانێ و ئازادکردنی بەشێکی گرنگی خاکی کوردستان لە تیرۆریستان.
دوای ئەوەی لە ئەیلوولى 2014، چەکدارانى داعش هێرشێکى فراوانیان کردە سەر کۆبانێ و لە 80%ی کۆبانێیان کۆنتڕۆڵکرد، لە تشرینى یەکەمى 2014، لەسەر داواى سەرۆک #مەسعود بارزانى# کە ئەو کات سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو، پەڕڵەمانى کوردستان بڕیارى ناردنى هێزى پێشمەرگەى کوردستانى بۆ کۆبانێ پەسەندکرد.
150 پێشمەرگە وەک یەکەم کاروانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆژی (#28-10-2014#) بەنێو خاکی تورکیادا تێپەڕین و گەیشتنە کۆبانێ، دواتر سێ کاروانی دیکە لەکاتی جیاجیادا ڕەوانەکران. بەهاناوەچوونی کۆبانێ لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بێ قوربانی نەبوو. یەکەم شەهیدی کۆبانێ شەهید زێرەڤان مزووری بوو.
شەهید زێرەڤان لەدایکبووی ساڵی 1991، قوتابی قۆناغی دووەمی بەشی زمانی کوردی بوو لە #زانکۆی سۆران#، لەپێناو بەرگریکردن لە نیشتمان مۆڵەتی خوێندنی وەرگرتبوو بە ئاواتی ئەوەی دوای نەهێشتنی مەترسییەکانی داعش خوێندنی زانکۆ تەواو بکات، بەڵام لە #20-01-2015# لە کۆبانێ شەهیدبوو.
بە پشتیوانى هێزى پێشمەرگەی کوردستان و فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان، لە ڕۆژی (#26-01-2015#) تەواوى کۆبانێیان کۆنتڕۆڵکردەوە و دوای تۆمارکردنی ئەو سەرکەوتنە مێژووییە، لە (#22-04-2015#) هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، سەرۆک بارزانی لەبارەی ناردنی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام بڕیارێکی مێژوویی، نیشتمانی و مرۆڤانە بوو، بڕیارەکە پشتیووانی کوردستانی و نێودەوڵەتی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیارێکی درووست و بەرهەمداربوو. [1]