هیوا ئەحمەد
#ئەردۆغان# دەیەوێت بەو فێڵ و پێشنیارە، ڕژێمی ئێران ڕووبەڕووی بزووتنەوەی گشتی ئازادی گەلی کوردستان پەکەکە و گەلی کورد بکاتەوە. بێگومان ئەگەر ڕژێمی ئێران بکەوێتە داوی پیلانەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئەوا بەدەستی خۆی گیرۆدەی ئاگرەکە دەکات.
کۆبوونەوە هاریکاری لەنێوان تورکیا و ئێران لە بواری گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕی ئەمنی ئاساییشی، هەماهەنگی ئیستخباراتی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و چالاکی هاوبەش، سیاسی، ئابووری، پیشەسازی جەنگی، پەروەردەیی و بازرگانی، ساڵانە بەڕێوە دەچێت. لەو کۆبوونەوانەدا هەردوو وڵات ئاستی گەشەدان و پەیوەندییەکانییەکانی هەردوولا لەسەر ئەو بابەتانەی لەپێشتردا لەسەریان ڕێککەوتبوون گفتوگۆ دەکەن و بڕیار لەسەر برەودان و پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان لەزەمینە جیاوازەکان دەدەن وهەر لەوچوارچێوەیەشدا بەتێگەیشتنی هاوبەش و ڕەچاوکردنی هەستیاریەکانی یەکتر، دەگەن بەسیخەیەکی هاوبەش.
ڕۆژی چوارشەممە 24ی بەفرانبار سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بەسەردانێک چووە تورکیا و بەشداری کۆڕبەندی ساڵانەی هاریکاری ئێران تورکیای کرد و لەکۆشکی چانکایا چاوی بەئەردۆغان کەوت و دووای چەند کاتژمێر وتووێژ، هەشت ڕێککەوتنامەیان لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرد. وەک لەراگەیاندنەکانیش بەدەرکەوت بەشێکی سەرەکی وتووێژەکانیان بابەتی شەڕی دژەتیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی گەلی کورد و گرووپە تیرۆریستییەکان بووە.
لەم سەردانەی سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ تورکیا هەندێک گەشەدانی سیاسی جیاواز ڕۆژەڤی تورکیا، ئێران، ناوچەکەی گرتبوویەوە و لەسەر ئاستی جیهانیش هەندێک ڕووداوی نەخوازراو لەئارادان کە لەئاستی ڕوودان و تەقینەوەدان.
لە قسەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی زیاتر باس لەبەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانیان بۆ سی میلیارد دۆلار دەکرد، بەڵام ئەردۆغان جەختی لەسەر بنەبڕکردن و لەناوبردنی تیرۆری دەکرد. دوو ڕوانگەی جیاواز لە کۆمەڵێک پرسدا و یەکبوون لەرووبەرووبوونەوەی پرسی کورددا.
لە شەڕی غەزە ئیسرائیل و حەماسەوە بگرە تا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، کودەتای سەربازی و سیاسی لە وڵاتانی ئەفریقا و هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان و پاپۆڕە بازرگانیەکان لەدەریای سوور و هێرشی ئێران بۆ سەر ئێراق و سووریا و پاکستان و هێرش کردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەتایبەتیی لە ئێراق و سووریا. لەگەرمەی ئەم کۆمەڵە ڕووداوە سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ تورکیا پێکهات.
لە بنەمادا چاوەڕوانیەکانی دەوڵەتی تورک لەو دیدارە، هاندانی دەوڵەتی ئێرانە بۆ نێو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەگوڕکردنی شەڕەکە، هەوڵدەدات هەم کڵپەی ئەو ئاگرە گوڕتر بکات و هەم بڵێسەکەی هێز و وڵاتانی زیاتر لە ناوچەکە و جیهان بگرێتەوە و لە هەمووشیان گرنگتر، بەرفراوانکردن و بڵاوەکردنی شەڕەکە لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەشێکی سەرەکیش تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ڕژێمی ئێرانە لەو شەڕە کاولکاریەی لە غەزە و ئۆکرانیا لەئارادایە. ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی و هۆداپار باسکی سەرەکی ئەو شەڕەن کە لە تورکیا و ناوچەکە دژ بە گەلان لەئارادایە و هەموو هەوڵەکانیان ئەو ڕاستییە نیشان دەدات. یەکێکی تر لەهەوڵەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی تێوەگلانی ژمارەیەک لەهێز و وڵاتانی ناوچەکەیە لە هەرێمەکە، چەندە ئاگرەکە بەگوڕتر و بەرفراوانتر بێت، دەوڵەتی تورکیاش ئەوەندە دەتوانێت مانۆڕ و شەڕ لە بەرانبەر بە گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادی کوردستانیش پەرە پێ بدات.
گەریلا؛ ئەردۆغانی ناچار بەبینینی ڕەئیسی کرد
ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەو شەڕ و پێکدادانەش کوشتنی کات و پاش خستن و زەڕبە لێدان و لەناوبردنە. ئەم سێ قۆناخەی، وەک ستراتیژی شەڕ لەرووبەرووبوونەوەکان گرتووەتە پێش. ئێستاش دەیەوێت بەو پیلانە ڕووبەڕووی گەریلاکانی ئازادی کوردستان ببێتەوە. بەڵام بەرخۆدانی بێ وێنەی گەریلاکانی ئازادی تەنگیان بەدەوڵەتی داگیرکەری تورک و سوپا و جەندەرمە و بەکرێگیراوان و گرووپە چەتەکانی هاوشان و هاوکاری هێناون. ئەم تەنگەتاویشە وای کردووە زیاتر پەنا بەرێتە بەر دۆست و دوژمن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پاڵپشتی کردنی لەو ڕووبەڕووبوونەوە و بەزاندنی گەریلاکان بەتایبەتیی لە وەرزی سەخڵەتی زستان دا.
دوژمن وای داناوە گەریلا لە وەرزی سەرما و سۆڵەی زستاندا ناتوانێت جموجووڵ و چالاکی بکات، بەڵام ئەم گریمانانە هەمیشە ڕاست دەرناچێت؛ چونکە گەریلاکان ئێستاکە چالاکییەکانیان زیاتر لە هەموو کات گەرموگوڕتر پێکدێنن و لەو چالاکییەکانەش زەبری کەمەرشکێن لەسوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەدەن. ئەو سوپایەی کە دەوڵەتی تورک بەشی هەری زۆری لەگرووپە چەتەکان و کۆچبەران و بەکرێگرتووان پێکهێناوە لەبەرەکانی شەڕ وەک ڕێزدار موراد قەرەیلان لەپەیامەکانی دا بانگ بەو کەسانەی بۆ شەڕی گەریلا هاتوونەتە کوردستان دەڵێت؛ ئەوانەی هاتوونەتە ئێرە بۆ شەڕی گەریلا یا ئەوەتا بمرن یا ئەوەتا هەڕن هەڵبێن. ئێستاش گەریلا لەپۆزسیۆنێکی وەها چالاک دایە و هەم لەهێرشەکان دەستپێشخەری شەڕەکانی گرتووەتە دەست و بەربەپێشەوە دەچێت و ڕاوەستانی بۆ نییە، هەم لەبەرەکانی بەرخۆدان لە بەرانبەر بەهێرشەکان بێ وچان لەناو بەرخۆدان و خۆڕاگریدان و تا لە گۆڕنانی زهنییەتی فاشیستی ئەردۆغان باخچەلی و هاوپیشەکانیان، وەستانەوەیان بۆ نییە.
بەچالاکییەکانی گەریلاکان لەبەرەکانی شەڕ و بەرخۆدان ئەردۆغان و حکومەتەکەی لەژێر زەخت و گوشاری زۆردایە، بۆیە لەلایەک پەنای بۆ ڕژێمی ئێران و دەوڵەتی ئێران بردووە و لەلایەک ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیستخباراتی سووریا و گرووپە چەتەکان لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی ژێر دەستی هەسەدە ئاژاوەگێڕی و فیتنە دەنێتەوە و لەلایەکی تر هەموو شتێکی تورکیای خستووەتە گرەو مەزادەوە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەپێناو دەستەبەرکردنی پشتیووانی سیاسی، سەربازی، ئابووری بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادی کوردستان، وەک ئەوەی لەقبووڵکردنی وڵاتانی سوید و نۆروێژ بۆچوونە نێو هاوپەیمانی ناتۆوە بینرا.
لەم سەردانەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ تورکیا و لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی نێوان هەردوولایەن؛ بەڕوونی دیار بوو کە هێشتا ناکۆکییەکانیان لەمەڕ شەڕی سووریا بەردەوامە؛ چونکە لەوێدا دەوڵەتی تورک بەئاشکرا پشتیووانی لەگرووپە چەتەکانی سەر بەداعش و سوپای ئازاد و لە بەرانبەر بەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگا و میلیشیا ئێرانیەکان هاوکاری ئیسرائیلییەکان دەکات. بە جۆرێک لەجۆرەکان پشتیووانی ئیسرائیلە لەلێدانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران. لەلایەکی دیکە بەرێگەی سوپای ئازاد و گرووپەکانی داعش پەلاماری ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ڕژێم دەدات. هەرچەندە ئێستا ئەردۆغان دەستی لەوە بەرداوە و وەک ڕابردوو باس لەدوورخستنەوەی بەشار ئەسەد ناکات، بەڵام لەراستیشدا زۆر کەیفی بەمانەوەشی نایەت. ئەگەر مانەوەیەکیش هەبێت تەنیا ئەو کاتە دەبێت کە دژ بە کوردان لەنێو شەڕدا بێت. واتا تا ئەو کاتەی بەشار ئەسەد شەڕی کوردان بکات دەتوانێت لەدەسەڵات بمێنێتەوە، وەگەرنا مانەوەی بەشار ئەسەد زۆر لە بەرژەوەندی خۆیدا نابینێت و پاڵپشتی لەهەڵبژاردن لە سووریا و دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد لەدەسەڵات دەکات. هەموو لایەک ئەوە دەزانن کە دورخستنەوەی ئەسەد و هەڵبژاردنێکی گشتی لە سووریا و لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوووەکان بەشێکی سەرەکی پڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا و گەلانی سووریایە. خاڵێکی تر هەر سەبارەت و پەیوەست بەسووریا بەربەست دانانە لە بەردەم گەیشتنی ڕژێمی ئێران بۆ دەریای سپی و ڕێگرتن لەکەوانەی شیعەی ئێرانی و سنووردارکردن و بەربەستدانان لە بەرانبەر بەپڕۆژەکانی ئێرانە، کە لە سووریاوە بۆ لوبنان و لەوێشەوە بۆ فەلەستین و دەریای سپی مدیترانە شۆڕ دەبێتەوە.
بابەتێکی تری جێی ناکۆکی، کێبڕکێی نێوان ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی ڕەئیسی و ڕژێمی ئێرانە لەوەی کە کامیان زیاتر دەتوانن لەخزمەتی پڕۆژەکانی هێزە هەژمونخوازەکان و دەوڵەتە زلهێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بن لە ناوچەکەدا و بەو لۆژیکەش سیستەمە دەسپۆت و دیکتاتۆریەکەیان جارێکی تر لەسەر پێ بهێڵنەوە و وەها خۆیان لەگەڵ ئەو هێزانەدا ڕێکبخەن و ئاوەها بوون و مانەوەی سیستەمەکەیان بەو هێزانە بدەنە قبووڵ کردن و ڕەوایەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەخۆیان و سیاسەتەکانیان بدەن. قبووڵکردن بە دەوڵەتانی زلهێز بەشێوەیەک بێت کە وەک هێزێکی بەکاریگەر لە ناوچەکە حیسابیان بۆ بکرێت. ئەوەتا ئیبراهیم ڕەئیسی بەئاشکرا دەڵێت بەدانایی و لێهاتوویی ڕێبەری باڵای ئێران، ئەمڕۆ ئێران هێزی یەکەمە لە ناوچەکە و قسەی یەکەم لە ناوچەکەدا هەر ئێران دەیکات.
ئەردۆغان نان و پیازی باشی بەکۆشتنی گەلی فەلەستینەوە خۆارد
خالێکی تری جێگەی ناکۆکی بوو لەکۆنفرانسە هاوبەشە ڕاگەیاندنییەکەیان، پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئیسرائیلییەکان و داننان بەبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلە. واتا هەردوویان لەپرسی فەلەستین و ئیسرائیلیش وەک یەک بیرناکەنەوە. لە شەڕی غەزە ئەردۆغان مانۆڕی سیاسی گەورەی کرد و بەقەولی کوردی نان و پیازی باشی بەکوشتنی گەلی بێ تاوانی فەلەستینەوە خوارد. ڕژێمی ئێران و ڕەئیسی لەوە باش تێدەگەن.
ئەردۆغان لەلایەک هەم ئاگرەکە گوڕ دەکات و لەلایەکی دیکە ڕۆڵی نێوبژیوانی دەگێڕێت. واتا خۆی بەئاقڵمەند و بەهێز دەبینێت کە دەتوانێت ڕۆڵێکی وەها لەئەستۆ بگرێت. شەڕی تورکیا و ئێران لەسەر باڵادەستی هێزە لە ناوچەکەدا. ئەو نزیکبوونانەی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک، ڕژێمی ئێران و ڕەئیسی خۆشیان پێی نایەت. ڕژێمی ئێران نایەوێت کەس لەسەر، سەری خۆی ببینێت، جا نەخاسم ئەردۆغانی گەورە چەتەی داعش و ئیخوانی. قبووڵ کردنی ئەردۆغان لەوەها پێگەیەکدا مایەی شەرمەزاری و ئابڕوچوونە بۆ دەوڵەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی.
ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک وەک لەتەقینەوەکەی کرمان دا بینرا، هاوکار و پشتیووانی سەرەکی داعشن و بەهیچ شێوەیەکیش دەست لەو گرووپە چەتانە بەرنادەن و پێشتریش بەتەقینەوەکانی کرمان پەیامی خۆیان بەرژێمی ئێران دا.
لە بەرانبەردا ئەردۆغانی گەورە شۆڤێنیست لەمژاری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بۆ ئیحراجی کردنی ڕەئیسی، شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی پەژاک و یەپەگە دەخاتە بەردەم سەرۆک کۆماری ئێران و ڕژێمەکەی. ئەردۆغان بەو پێشنیارە مەبەستییەتی بەرەئیسی بڵێت؛ ئەوا ئەو ڕێگە بە ئێران نادات یاریکەری سەرەکی لە ناوچەکە بێت و ڕێگەش بەوە نادات کە ڕژێمی ئێران لەسێبەر بخاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتی تورک و داعش.
ئەردۆغان باش دەزانێت کە لەنێوان پەژاک و ڕژێمی ئێراندا ئاگربەستێکی زەمەنی بەرقەرارە. ئەو ئاگربەستە لە ساڵی 2011ەوە و دوا داستانی قارەمانانەی قەندیل لەنێوان یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات و ئێراندا لەئارادایە. ئەردۆغان دەیەوێت بەو فێڵ و پێشنیارە، ڕژێمی ئێران ڕووبەڕووی بزووتنەوەی گشتی ئازادی گەلی کوردستانپەکەکە و گەلی کورد بکاتەوە. بێگومان ئەگەر ڕژێمی ئێران بکەوێتە داوی پیلانەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئەوا بەدەستی خۆی گیرۆدەی ئاگرەکە دەکات. لەئەگەری شەڕێکی وەها لە ناوچەکە، گەلی کوردیش بەناچاری پەنا دەبەنە بەر بەرخۆدان. ئەم بەرخۆدانیەی گەلی کورد و سەرهەڵدانە ناوخۆیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچەکانی تری ئێران و ئەو ڕق و کینەی دژ بەدەسەڵات لەنێوگەلانی ئێراندا پەنگی خۆاردۆتەوە، بەچروسکێک بەرووی ڕژێم دا بتەقێتەوە.
شەڕی پەژاک لەبەرژەوەندی ئێران دا نییە
پەژاک و گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوشێوەی ئەو حیزب و لایەنە کوردیانە نیین کە ئەوان بیانەوێت بەئاسانی ڕووبەڕوویان ببنەوە، گەریلاکانی پەژاک و یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات هێزێکی گەریلایین و بەئاسانی کۆڵ نادەن و دەتوانن، هاوشێوەی دەستەخۆشکەکانیان لەبەرەکانی بەرخۆدان و ڕووبەڕووبوونەوە داستانی نوێ تۆمار بکەن و ئاستی چالاکییەکانی هەموو ناوچەکە بگرێتەوە و گەریلاش ئەو پارۆە ئاسان نییە کە بەئاسانی بۆیان قووت بدرێت.
ئیدی گەریلا تەنیا لەبەرەیەکدا نا، بەڵکوو شانبەشانی گەلی تینۆی ئازادی دەتوانێت لەسەدان شوێن و لەیەک کات چالاکی بەرێکخستن و بەڕێوەبەرێت. لەوەها دۆخێکدا هەم ڕژێم و هەم گەلی کورد و گەلانی ئێرانیش زەرەرمەندی یەکەم دەبن و ئەوانەی هاوشێوەی ئەردۆغان و هاوپیشەکانیان کە وەها پێشنیارێک دەخاتە بەردەم ڕەئیسی و دەوڵەتە زلهێزە جیهانییەکان بەسەرکەوتوویی دەتوانن پڕۆژەکانیان بەسەر ئێراندا بسەپێنن.
لەلایەکی تر شەڕکردن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەژاک لەبەرژەوەندی ڕژێمی ئێران دا نییە و باڵانسی هێز دەگۆڕێت. هەم بەنیسبەتی هەرێمی ئازەری و ئازەربایجان لەرۆژئاوای ئێران و هەم بەنیسبەت نزیکبوونەوەی کوردان لە سووریا و ئێراق. گەلی کورد لە باشووری کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان وەها دەستەوەستان نامێنن و بگرە ڕەوشەکە بۆ ئێران ئەوەندە ئاڵۆزی و پشێوی لەگەڵ خۆیدا بێنێت کە دەرکەوتن لێیەوە زۆر زەحمەت بێت.
ئیبراهیم ڕەئیسی و ڕژێمی ئێران باش لەوە تێدەگەن کە دۆخی کوردان هاوشێوەی گەلی بەلووچ نییە. هەرچەندە گەلی کوردیش بەدەر لەچیاکان کەس دۆستی نییە. بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافی و بوونی بزووتنەوەیەکی بەرێکخستنکراو و گەریلایی؛ ئەو جیاوازیانەی زیاتر زەق کردووەتەوە.
ڕێبەر ئاپۆ گەریلای ڕاستەقینەیە
ئەوەی ئێستاکە ئەو باڵانسەی ڕاگرتووە لەوەی کە هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەئاسانی لەسەرکوشتنی گەلانی بێتاوان ڕێکنەکەون، بوونی گەریلایە. ئەمڕۆ گەریلاکانی ئازادی کوردستان نەتەنیا بۆ گەلی کورد؛ بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی ژێردەست و مرۆڤایەتی بوونەتە تاکە هێز کە دەتوانێت پیلانەکانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دژ بە گەلی کورد و گەلانی تری جیهانیش پووچەڵ بکاتەوە. گەریلایەتی هەری ڕاست و درووستیش لە ئێستاکەدا خودی ڕێبەر ئاپۆیە. چونکە گەریلا کەسایەتییەکی خۆبەخشە و خاوەن پڕۆژەی چارەسەریە. ئەوەش تەنیا لە ڕێبەر ئاپۆدا خۆی دەبینێتەوە کە بەهەموو هێزیەوە لەبەرخۆدان و خۆڕاگریدایە. ئەگەر ئەمڕۆ لەسەرئاستی جیهانی ئاکادیمیسین و کەسایەتییە ئازادیخوازەکان خۆیان و هیواکانیان لەکەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ دا دەبیننەوە، ئەوا دەبێت بزانین کە ڕێبەر ئاپۆ تاقە هێز و تاقە کەسە دەتوانێت ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا بەرقەرار بکات. ڕێبەر ئاپۆ پڕۆژە و هزر و ڕێکخستن بوونی ئەو یەکەشی ئامادە کردووە و بەخۆشی لەپێش هەموویانەوە ڕێ دەکات. بۆیە گەریلای ڕاستەقینە ڕێبەر ئاپۆیە. گەریلا ئەو کەسەیە کە تا دوا هەناسەی گرێدراوە بەئامانجەکانییەوە و ڕێبەر ئاپۆش دەڵێت؛ من لەئامانج و خۆلیاکانی منداڵێتیم کە ئازادیە خیانەتم نەکردووە و ناکەم. لەپێناو ئازادی و سەربەستی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە و مرۆڤایەتیش تا دوایین هەناسەم بەرگری دەکەم.
ڕەنگە هەندێک کەس بپرسن، بەو خوێندنەوەیە بێت، ئەدی جێگەی مەترسی نییە و دۆخەکە لەبەرژەوەندی کوردانە. نەخێر شتێکی وا نییە. گەورەترین مەترسی بۆ سەر کوردان، بوونی هێڵی خیانەت و نەبوونی یەک گۆتاری و ستراتیژیەتی هاوبەشی کوردییە. نەیاران وەها بەئاسانی نەکۆڵ دەدەن و نە دەستەوەستان دادەنیشن و چاوەڕوان دەبن. ڕۆژانە دەبینین دەوڵەتانی داگیرکەری سەر کوردستان بەتایبەتیی تورکیا و ئێران درێغ ناکەن لەکوردکوژی و ڕەشەکوژکردنی ڕۆڵەکانی کورد و پیرۆزیەکان و دەسکەوتەکانی. جا ئەوە کۆڵبەرێکی سەر سنوور بێت، یا خود چالاکڤانێکی مافەکانی ژنان و ژینگە و بیروڕای ئازاد یا خۆد دڵسۆزی بۆ پارتییەکی کوردی لە ئێران یا خود لە تورکیا چۆن کوردێک بەئاسانی بەهۆی کوردبوونییەوە یا پارچە موزیکێکی کوردی یا چالاکییەکی مەدەنی دەستگیر و زیندانی و ئەشکەنجە و لە کۆتایی دا لە زیندانی تەرمەکەی بەرێگەی پۆست ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکەنەوە.
سەرەڕای هەمووی ئەوانەش دوابەدوای ئەو دیدارە با سەیر کەین و بزانین ئەردۆغان و ڕەئیسی چۆن ئەو شەڕەی نێوانیان بەڕێوە دەبەن و سەرکەونە یا نا، وەک کورد دەڵێت؛ ئەوە عەرز و ئەوە گەز، هەرچەندە ئەوەش باش دەزانرێت کە ئەو دوو ڕژێمە شەڕی داعش ناکەن.
ﮪ . ب.[1]