سەربەخۆیی لە دیدی کوردێکی خاک و نەتەوەپەرستدا؛ بەشی دووەم
#دەریا قادر#
ئەزموونکردنی هەستی سەربەخۆیی، وەک هەوا و وەک ئاو بۆ مرۆڤ پێویستە، تا بتوانێت لەوە تێبگات، ئەوەی تێیدا دەژیێت چییە و تا چ ڕادەیەک مافەکانی بەرجەستە کردووە و تا چەند سەربەخۆ و ئازادە. زۆر جار بینیومانە، کە گرووپێک، یا کەسانێک لە زۆر لایەنەوە ژێردەستەن بەڵام بە خۆیان نازانن!
چەمکەکانی سەربەخۆییش بریتین لە ئەزموونکردنی هەستی سەربەخۆیی لە کۆمەڵگەیەک، یان گرووپێکدا، دەکرێت بە شوناس، کولتوور، بەرژەوەندی، یان پەیوەندیی کۆمەڵایەتی ببەسترێتەوە. کاتێک هەست بە سەربەخۆیی دەکەین، هەست بە پێکەوەبوون و قبووڵکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەکەین. دەتوانێت هەم تاکەکەسی بێت و هەم بەکۆمەڵ، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە هەستی شوناس و خۆشگوزەرانیی مرۆڤدا. لەوانەیە لە ڕێگەی هاوبەشکردنی بەهاکان، بەرژەوەندی، یان ئەزموونە هاوبەشەکانەوە بێت، کە هەست بە پەیوەندییەکی قووڵ بکەین لەگەڵ کۆمەڵگەیەکدا.
سەربەخۆیی بەشێکی گرنگی ئەزموونی مرۆڤە و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە درووستکردنی پەیوەندی و کۆمەڵگەیەکی بەهێز لەنێوان مرۆڤەکاندا.
سەربەخۆیی دەرمانی هەموو دەردێکە و خیانەت کوشندەترین پەتای بێ دەوای گشت سەردەمێکە بۆ کورد.
مێژووی کورد بە چەندین ئاڵنگاری و خیانەتدا تێپەڕیوە، جێگەی داخە کە چەند هۆکارێک هەبوونە و ڕۆڵیان لەمبارەیەوە بینیوە: وەک بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکان، ڕکابەرییەکانی نێوان نەتەوە جیاوازەکان و گرووپە سیاسییەکان، هەروەها ڕووداوە مێژووییە ئاڵۆزەکان.
دەبێت لە بیرمان بێت کە مێژووی هەر گەلێک ئاڵۆزە و دەتوانێت هەم ڕووداوی ئەرێنی و هەم نەرێنی لەخۆ بگرێت. هەروەها کورد لە هەندێک بواردا خەباتی بۆ ماف و ئۆتۆنۆمی کردووە و بەشێکی بەدەست هێناوە. گرنگە بەردەوام بین لە فێربوون و پەندوەرگرتن لە مێژوو و کارکردن بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرتر و گشتگیرتر بۆ هەمووان.
سەربەخۆیی بۆ وڵاتێکی داگیرکراوی وەک کوردستان، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گرنگە. بەو مانایەی، کە ئێمەی گەلی کورد دەمانەوێت خاوەنی سەروەری و خۆبەڕێوەبەریی خۆمان بین، بتوانین بڕیار لەسەر ئاییندە و گەشەسەندنی خۆمان بدەین، دەرفەتی پاراستن و بەهێزکردنی کولتوور و شوناس و زمانمان هەبێت لە سەرچاوەکانی خۆماندا، توانای داڕشتنی سیاسەت و ئابووریی خۆمان هەبێت لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
بۆ کوردستان سەربەخۆیی دەرفەتێکە لە بنیاتنانی نەتەوە و کۆمەڵگە، کە توانای بڕیاردانمان هەبێت بۆ بەرژەوەندیی گەلی خۆمان، هاوکات خەباتێکی گرنگە بۆ نەتەوەی کورد، کە ئازادی و چارەنووسی خۆمان بەدەست بهێنین.
دۆخی جیۆپۆلەتیکی ئاماژەیە بۆ داینامیکیی سیاسی و جوگرافیی نێوان وڵات و ناوچە جیاوازەکان. لەبارەی کوردستانیشەوە، بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی ئاڵۆزه، به هۆی داگیرکردنی کوردستان له لایەن چوار وڵاتی جیاوازەوه (ئێراق، ئێران، سووریا و تورکیا) .
ئەم وڵاتانە بەرژەوەندی و ڕکابەریی مێژوویی و ئەجێندای سیاسیی جیاوازیان هەیە، کە کاریگەرییان لەسەر دۆخی کوردستاندا هەیە. بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی فاکتەرێکی گرنگە، کە لە کاتی سەیرکردنی ئەو دەرفەت و ئاڵنگارییانەی پەیوەستن بە گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستانەوە، دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.
هەروەها بەشداریکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێویستە، کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دۆخەکە هەبێت.
کورد بێ وەستان، بەدرێژایی مێژوو خەباتی بۆ سەربەخۆیی و مافی خۆبەڕێوەبەری لە کوردستاندا کردووە. هیچ چارەسەرێکی سادە و ئاسان نییە، کە چۆن سەربەخۆیی بۆ وڵات بەدەست بهێنین، چونکە دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی و جیۆپۆلەتیکییە، بەڵام بۆ ئاسانکاری، هەندێک ڕێگای بەردەوامی ئەگەری دەتوانرێت بگرێتە بەر، کە بریتی بێت لە دانووستانی دیپلۆماسی و پشتیووانیی نێودەوڵەتی و هۆشیارکردنەوەی کورد لە مافەکانی خۆیان. هەروەها گرنگه هاوپەیمانییەکی بەهێز، چ له ئاستی نیشتمانی و چ له ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بەهێزکردنی خەباتمان بەرەو سەربەخۆیی هەبێت. هەروەها کورد دەتوانێت بەردەوام بێت لە کۆکردنەوە و ڕێکخستن، بۆ پێشخستنی دۆزی خۆی و خەبات بۆ دادپەروەری.
ڕێگایەکی دوورودرێژ و پڕ ئالنگارییە، بەڵام بە هەوڵ و پشتیووانیی بەردەوام، نزیکە کورد بتوانێت بە خەونی سەربەخۆیی خۆی بگات.
=KTML_Bold=چۆن تاکی کورد لە مافەکانی هۆشیار بکرێتەوە؟=KTML_End=
بۆ ئەوەی تاکی کورد لە مافەکانی هۆشیار بکرێتەوە، سەرەتا گرنگە لە ڕێگەی پەروەردەکردنەوە بێت. ئەمەش بە چاندنی تۆوی باوەڕبەخۆبوونی تاکی کورد، هەر لە دایەنگە و قوتابخانە سەرەتاییەکانەوە، تا ئاستی باڵای خوێندن لە پەیمانگە و زانکۆکان. پێویستە تاکی کورد خۆی بناسێت و مافەکانی خۆی بناسێت و شوناسی خۆی لە سەربەخۆییدا بدۆزێتەوە.
دەزگاکانی میدیایی و ڕاگەیاندنەکانیش دەستێکی باڵایان هەیە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا، پێویستە میدیاکان هەڵگری بەرپرسیارییەتی بن لەم بوارەدا و زۆر ڕێکاری جدی بگرنە بەر و بە پرەنسیپ و بە شێوەیەکی هەستیار بۆ گەیاندنی زانیاریی درووست مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەدا بکەن.
هەروەها لە ڕێگەی کەمپەینی زانیاری و بەرنامەی ڕاهێنان و وۆرک شۆپ، کە تیشک بخرێتە سەر ماف و مێژووی کورد. هاوکات گرنگە هاندانی خەڵک بۆ مشتومڕ و گفتوگۆی گشتی لەسەر ئەم بابەتانە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی نیشتمانی. هەروەها سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک لەدەوری مافەکانی کورد. پێویستە تاکی کورد بە پتەوکردنی مەعریفە و هۆشیاری لە مافەکانی خۆی، باشتر لە
کۆمەڵگە تێ بگات و خەبات بۆ مافەکانی خۆی بکات.
=KTML_Bold=کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی، چۆن و لە چ ڕێگەیەکەوە دەتوانێت هاوکاریی نێودەوڵەتی وەربگرێت و چۆن بەکاری بهێنێت؟=KTML_End=
=KTML_Bold=بە چەندین شێوە:
یەکەم:=KTML_End=
بەر لە هەموو شتێک، زۆر گرنگە دووبارە ناساندن و پیشاندانی کورد لە هەموو ڕوویەکەوە. کورد لە دیدی زۆرینەی دونیای دەرەوە و ڕۆژاواییەکان، تەنیا لە شەڕدا و بە شەڕکەر ناسراوە، بۆ پیشاندانی لایەنەکانی دیکەی کورد، پێویستە دەروازەیەکی ڕوون هەبێت کە ئاشتیخوازی و جوانییەکانی کورد بە دونیای دەرەوە بناسێنێت.
بۆ ئەم مەبەستەش، خێراترینیان لە ڕێگەی کردنەوەی سەنتەرێکی میدیایی حکوومی و نیشتمانی (نێودەوڵەتی) ، بۆ گواستنەوەی مژار، هەواڵی گەرم و ڕووداوەکان، هونەر بە هەموو جۆرەکانییەوە، کولتوور، ئاووهەوا، ناساندنی جوگرافیا، شوێنەوار و مێژوو، یا هەرچییەک، کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە، لە ڕێگەی پڕۆگرامی جۆراوجۆر، بە زمانی ئینگلیزی و زمانە جیاوازەکان و گرنگیدان بە کەسانی ناوداری بیانی، وەک هونەرمەند، ئەکادیمیستەکان و نووسەرەکان، کە لەبارەی کوردەوە شارەزان و پەرتووکیان لەسەر کورد نووسیوە و چاوپێکەتن لەگەڵیاندا.
جگە لە سیاسییەکانی دونیا، با گەلانی سیڤیلی جیهان گەلی کورد بناسن.
ئەمە لەسەرەتادا سەختە، بەڵام ئەنجامی باشی دەبێت. پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت: (ئەوەی لەبەرچاوانە، لەبەر دڵانە!) با ئێمەی کوردیش زیاتر بێینە بەر چاو و دڵیان و کاریگەر بین. دواتر هاوکاری وەرگرتن ئاسانتر و ئاسایی تر دەبێت.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End=
دەتوانن داوای پشتیووانی و هاوکاری لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بکەن، کە کار دەکەن بۆ بەرەو پێشبردنی دادپەروەری و مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن بەشداریی شارەزایی یاسایی و کەمپین و لۆبی بکەن، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکانی دیکە لە مافەکانی کورد و کاریگەریی لەسەر بڕیاردەرانی نێودەوڵەتی.
هەروەها کورد دەتوانێت داوای پشتیووانیی سیاسی لە وڵاتان و حکوومەتەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ و چارەنووسی خۆنووسین بکات. کورد بە درووستکردنی هاوپەیمانی و پەیوەندیی دیپلۆماسی، دەتوانێت پشتیووانی بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی خۆی بەدەست بهێنێت و سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End=
کۆکردنەوە و سوودوەرگرتن لە تواناکانی کەسانی لێهاتوو، ئەکادیمی، پسپۆڕ و شارەزا لە بوارە جیاکان و ڕاهێنانیان بۆ گرنگیدان بە دۆزی کورد لە دەرەوەی وڵات و درووستکردنی لۆبی، هاوکات کاریگەریی درووستکردن لەسەر بڕیارەکانی ناوەندی سیاسی و ئابووریی ئەورووپا، بەتایبەت ناوەند و بارەگای یەکێتیی ئەورووپا لە وڵاتی بەلجیکا، بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمریکا، ڕێکخراوی وڵاتانی ئیسلامی.
لە هەمان کاتدا، گرنگە ئاماژە بەوە بکەین، کە کورد دەتوانێت توانا و سەرچاوەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆی بنیات بنێت.
لەوانەیە ئەمەش بریتی بێت لە پەرەپێدانی دامەزراوە و ڕێکخراو و تۆڕی بەهێزی کوردی، کە بتوانێت گۆڕانکاری بباتە پێشەوە و پشتیووانی کۆ بکاتەوە، چ لەسەر ئاستی نیشتمانی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.
هاوکاریی نێودەوڵەتی دەتوانێت سەرچاوەیەکی بەهێز بێت بۆ کورد، بەڵام گرنگە ئەوەشمان لەبیر بێت، کە دوا شەڕی ماف و چارەنووس لە دەستی خودی خەڵکی کوردستاندایە.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End=
دوای ئەوەی بە بڕیار و بەردەوام بە بیانووی جۆراوجۆر، حکوومەتی فیدڕاڵیی ئێراق وای کرد نەوت و غاز لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان بێنێتە دەرەوە و دواتر پاپەند نەبوون بە بەڵێنەکانیان، پێویستە دووبارە دانووستان و پێداچوونەوەکردن بکرێت بۆ مەلەفی نەوت و غازی هەرێم، چونکە بەپێی شیکارەکانی دادوەری ئەمریکی، پڕۆفیسۆری یاسایی ستیڤن شوێبڵ، کە مافی دەستووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا پشتڕاست دەکاتەوە، لە کاتێکدا دادگای باڵای فیدراڵیی ئێراق ساڵی 2022 بە نادەستووری لەقەڵەمی دابوو.
بە گوێرەی ماددەکانی (110، 114، 115، و 121) ی دەستوور، کە بە کۆی گشتی، دەسەڵاتی نەوت و غاز نابێت بدرێت به حکوومەتی فیدراڵی، بەڵکوو بەپێی ئەم ماددانە، هەرێمەکان دەتوانن بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە ناوچەکانی خۆیان بکەن و کۆنترۆڵ بکەن. لێرەدا پێویستە کورد لەم هەلە سوودمەند بێت و هەرچی زووە بە ڕێگای یاسایی دەستبەکار بێت بۆ وەرگرتنەوەی کۆنتڕۆڵی نەوت و غاز، کە ئەمە ئۆتۆنۆمیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ سەربەخۆیی کاریگەریی گەورەی هەیە.
زۆر پێویستە و گرنگترین کار ئەوەیە، کە کورد یەکگرتوو بێت و هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو درووست بکات. هەرچەندە نەیارانی کورد نەیانتوانیوە بە جەنگێکی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی کورد ببنەوە، بەڵام بەپڕۆسەی لاوازکردنی ئینتیمای تاک، نغرۆکردنیان لەناو قەیران و کێشەکان، و دوابەدوای ئەوە، بەهۆی چەواشەکاری و گەیاندنی زانیاریی هەڵە و ناچارکردنی تاکی کورد بۆ خۆ بەدەستەوەدان بە داگیرکەران، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان، گرفت و ئەو قەیرانانەی، کە هەر خۆیان بۆ کوردیان درووستکردووە، هەروەها کێشەی گەندەڵی، میدیا و کۆمەڵێک سیخووڕی دەروون لاواز و ڕووخاوی ناوخۆ، قەیرانی مووچە، ڕادەستکردنەوەی نەوت بە دوژمنان و ڕیسوایی گەل لەناوخۆدا، بۆ نموونە، نەهێشتنی کەسایەتی و ورەی تاک، درووستکردنی جەنگی دەروونی بۆ کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوە لە واقیعبینی، ناسەقامگیریی ئابووری و بڕینی قووتی خەڵک، دەستتێوەردانی دەوروبەر و زەقکردنەوەی قەیرانە یەک بەدوای یەکەکان و ڕۆڵ بینینیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکان.[1]