دوای کۆتاهاتنی یارییەکانی جەولەی یەکەمی جامی یانەکانی ئێراق و سەرکەوتنی هەریەک لە یانەکانی (زاخۆ، قاسم، نەفت بەسرە، عەفەک، مەسافی جنوب، پێشمەرگە، کوفە، (الکرمە)، نەورۆز، (الفهد)، ئەمانە بەغدا، نەفت وەسەت، حدود، مینا، نەفت، کەرخ)
یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق یانەکانی سەرکەوتووی ئاگادار کردەوە کە لە ڕۆژی یەکشەممە #28-01-2024# و لەنێو بارەگەی یەکێتییەکەیان لە شاری بەغدا نوێنەریان ئامادەبێت ئەوەش بە مەبەستی بەشداریان لە کۆبوونەوەی هونەری قۆناغی دووەمی جامی ئێراق.
سەبارەت بە بەشداری تیمی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە #وسام محەمەد بازگ# سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانەی ناوبراو بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە و میهرەبان کە توانیمان لە قۆناغی یەکەمی یارییەکاندا سەرکەوتن بەدەست بهێنین و بگەینە یارییەکانی قۆناغی دووەم.
وسام ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتی تۆپی پێی ئێراق بڕیاری داوە لە ڕۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو ڕێکەوتی 02-02 و #03-02-2024# یارییەکانی قۆناغی دووەمی جامی ئێراق بەڕێوە بەرێت و هەربۆ ئەو مەبەستەشە کە کۆبوونەوەی هونەری ئەنجام دەدرێت.
ناوبراو وتیشی، دوایی ڕاکێشانی تیروپشک دەزانین لە بەرانبەر چ تیمێک یاری دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەش گرنگی بە ئاستی هونەری تیمەکانی بەرانبەرمان دەدەین تا لە یارییەکان بە شێوەیەکی هونەری و زانستی خوێندنەوەیان بۆ بکەین و سەرکەوتن بەدەست بهێنین.
سەرپەرشتیاری تیمەکانی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا کە 6 یانەی خولی نایاب سەرکەوتوو بوون لە گەیشتنیان بە قۆناغی دووەم و 10 یانەی خولی پیشەگەرانیش بە هەمان شێوە، وە 4 یانەی خاوەن پلەکانی دەیەم تا حەوتەمی ڕیزبەندی وەرزی ڕابردووی خولی پیشەگەرانیش دێنەوە نێو کێبڕکێکان کە بریتین لە یانەکانی (دهۆک، کەربەلا، نەجەف و نەفت میسان) و بەشداری لە قۆناغی دووەمدا دەکەن کە کۆی یانەکان ژمارەیان دەبێتەوە 20 یانە.
هەر سەبارەت بە یارییەکانی جامی ئێراق، وسام زانیاری زیاتری پێداین و وتی، لە قۆناغی دووەم کە 20 یانە بەشدار دەبێت دە یانەی سەردەکەون بۆ قۆناغی سێیەم و پاشان یانەکانی (شوڕتە، هەولێر، قوەجەویە، زەورا، تەلەبە و کارەبا) کە لە پلەکانی یەکەم تا شەشەمی ڕیزبەندی وەرزی ڕابردووی خولی پیشەگەران بوون دێنەوە نێو کێبڕکێکانی قۆناغی شانزەی جامی ئێراق و ئەو کات ڕکابەرییەکانی کۆتایی دەست پێدەکات.
دواجار سەبارەت بە خولی نایاب و دەست پێکردنەوەی یارییەکانی بازگ ئاشکرای کرد کە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئێراق پێیان ڕاگەیەنراوە کە لە ڕێکەوتی #08-02-2024# یارییەکانیان دەست پێدەکاتەوە بەڵام وادەی قۆناغی 16 ی جامی ئێراق ئاشکرا نەکراوە و هەر بۆیە چاوەڕوانی بڕیارەکانی لیژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی ئێراق دەبن.[1]