ناونیشانی بابەت: چێژی سەرکەوتن و وانەی شکست
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
(شکست لاوازم ناکات، ئەگەر ئیرادەی سەرکەوتنم هەبێت - جیم ڕۆن)
لە مێژووی خەباتی شۆڕش و ململانێی گەلی کورد بەگشتی و هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی، کەمجار بیستراوە وبینراوە، دان بەشکستدا بنرێت.
بەپێچەوانەوە هەموو شکست و دۆڕانەکان بە شێوازی چەواشەکردن و لەخشتەبردن و پاساو هێنانەوە، بە بردنەوە و سەرکەوتن لە قەڵەمدراون،
بۆ ئەم وتانەم چەندین نموونەی بەرجەستە و بەرچاو بوونیان هەیە، تا ئەم چرکەساتە هیچ کام لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان دانیان بە شکستەکانیاندا نەناوە، هەر بە نموونە کاتێک شۆڕشی ئەیلول هەرەس دێنێ و کۆتایی بەو شۆڕشە دێت، خەڵک ناوی نا (ئاشبەتاڵ) بەڵام لە بەرانبەر ئەو وشەیە، ئەوانەی لایەنگیری (پارتی دیموکراتی کوردستان) بوون بە ئێستاشەوە، ئەو وشەیە نیگەرانیان دەکات و وشەی (نسکۆ) یان (هەرەس) ی پێدەڵێن، ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە نایانەوێ دان بەشکستی ئەو شۆڕشەدا بنێن.
نموونەیەکی تر دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی (ڕیفڕاندۆم) ی 25ی9ی 2017 کە لەبەر بێپلانی و نەخوێندنەوەی دۆخی سیاسەتی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی، ئەو بڕیارەدرا، لە بەر ناکۆکی و ناتەبایی هێزەکانی ناوخۆ، نیوەی زیاتری خاکی هەرێمی کوردستان ڕادەستی دوژمنانی کورد کرایەوە، بە تایبەت ناوچەکانی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە ڕۆژەکەی 16ی ئۆکتۆبەربوو، بەپێی هەواڵەکان (ی. ن. ک) ڕۆڵی لەو کێشەیەدا هەبوو، زۆربەی هەواداران و لایەنگرانی (ی. ن. ک) پێیان ناخۆشە بەشکست باسی ئەو ڕۆژە بکرێت، کە بەڕای زۆربەی خەڵک خیانەتێکی هاوشێوەی ( 31ی ئاب) ە کە پارتی لە ساڵی 1996 لەکاتی شەڕی ناوخۆدا ئەنجامیدا بە هێنانی سوپای داگیرکەری بەعس بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمەی سەرەوە کە باسمکرد تەنیا بۆ سەلماندنی ئەوەیە کە ئێمەی کورد ناتوانین دان بەشکستەکانماندا بنێین و وانەی لێفێربین.
دوای ئەو هەموو نەهامەتی و ناکۆکی و سەڕ و سڕینەوانەی یەکتر، لەئێستادا ناکۆکیەکان و دابەش بوون بەسەر جەمسەرە هەرێمایەتییەکان لە هەموو کات زۆرتر و زەقتر دیارە.
هەموو نەتەوەکانی جیهان شکست و سەرکەوتنەکانیان تۆماردەکەن و وانەی لێوەردەگرن و لێی فێردەبن و دووبارەی ناکەنەوە. بەڵام ئێمەی کورد ناتوانین وەک ئەوان بین و لە شکستەکان فێربین، لەمبارەوە (مالکۆم فۆربێس) دەڵێت: ( شکست سەرکەوتنە ئەگەر لێی فێربین) .
ئەوەی باسمکردووە بۆ هەموو لایەنەکان تەبا و گونجاوە، لە بوارەکانی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووریش.
لەناو پەند و بەیت و ئەدەبیات و کەلتوورماندا ڕەنگی داوەتەوە.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991 و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و یەکە کارگێڕیەکانی، ساڵ دوای ساڵ خراپتر چاوەڕێی خەڵک دەکات، بەڵام وەک هەمیشە، دان بەو شکستانەدا نەنراوە، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی حکومەتی هەرێم نەتوانێت مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆی بدات و خزمەتگوزاریەکان بێنەخوار بۆ ئاستی سفر.
ئێمە میلەتێکین هەمیشە وابەستەین بە نەریتێکی لە قاڵبدراوی نەرێنی و پلان و پڕۆژەمان بۆ ئایندە نیە.
هێندە ئازاری شکستمان چەشتووە، بوینە ئەو مارانگازەی لە هەموو خشپەیەک دەترسین، فەیلەسوفی فەرەنسی (ئیمانوێل کانت) دەڵێت: ( ئەو کەسانەی لە شکست دەترسن ناتوانن تامی سەرکەوتن بچێژن) .
دوای سی وسێ ساڵ لە حومڕانی خراپ و شکستی شێوازی بەڕێوەبردن و نقومبوون لە گەندەڵی و نادادی و پێشێلکاری لە مافە سەرەتاییەکانی ئازادی، بەردوامیدان بەو دۆخە نالەبارە هەر بەردەوامن، تەنانەت گوێیان بۆ دۆستەکانی ئەم میلەتەش نەگرت، لەمکاتەشدا کەدەستیان لەبنی هەمبانەکە دەرچووە، خەریکە میلەتێک دەکەنە قوربانی عەقڵی بچووک و تەسکی خێلگەرێتی خۆیان، هیچ وتە و پلان و کارەساتێک ناخوێننەوە، چوار مانگ ونیو زیاترە قوتابخاناکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە داخراون و مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، مێش میوانیان نیە، شکستی پەروەردە نیشانەی داڕمانی هەموو کایەکانی ترە، نەمانی متمانەش چۆڵکردنی بەرگری و پاراستنی خەڵکە لەم شێوازە خراپەی حوکمڕانیتان.
وتارەکەم بە وتەیەکی (جاک وێڵش) کۆتایی پێدەهێنم کە دەڵێت: (لە ژیانەوە فێربووم کە شکست دەتوانێت مامۆستایەکی باش بێت بۆ مرۆڤ، هەروەکو سەرکەوتن) [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=