بۆ #عەبدوڵڵا پەشێو#
ئەگەر هاتی تەنیا مەیێ!
بە خۆم پەستم لە تەنیایی
کە هاتی لەگەڵ خانی و جزیری وەرە
چاوەڕێتن گەنجانی شار
بۆ چامە، هەڵبەست، هۆنراوە
ئیتر بەسە، باسی پارە
مووچە، هاتن و چوونی
هەولێر و بەغدا
کە هاتی بە شیعرێکی ناسک وەرە،
بەڵام هی ئێستا نا،
بەڵکوو پڕ لە خۆشەویستیی
ساڵانی حەفتا وەرە
دڵ و دەرونی پڕ دووکەڵمان
پاککەرەوە
بە هەڵچوونەوە وەرە
داڵغەکانمان بپچڕێنە
ئەگەر هاتی تەنیا مەیێ!
لەگەڵ حاجی و دڵدار وەرە
بە دەنگی بەرز و
هات و هاوار وەرە،
بۆ سیاسەت نا،
بۆ نیشتمان وەرە
بۆ مەجلیس نا
بۆ کۆڕێکی پڕ لە جوانیی و
متمانە وەرە
بێزار بووین،
لە هەواڵی دووبارە
لە قسەی دووبارە،
لە شەڕی دووبارە
لە گەمەیی دووبارە
لە شیعری دووبارەش،
بەڵام هەمووی نا
چونکە دوو جۆرن
هەندێکیان عاشق و
هەندێکیشیان هەرزان فرۆش
ئەگەر هاتی تەنیا مەیێ!
ئێمە دەمێکە تەنیاین
لەگەڵ وشە و شیعر وەرە
لەگەڵ سرودێکی ئاگرین وەرە
ناوی نووسەر: #باهۆز مستەفا# [1]