سەلجوقییەکان کێن؟
هەینی قادر
#سەلجوقیەکان# 1 لقێکن لەو هۆزە (تورکمان) ەی2 کە بە (غۆز) 3 ناسراون، نیشتمانی ڕەسەنیان وڵاتی تورکستانی ئاسیای ناوەڕاستە، لە سەدەی شەشەمی زایینی غوزەکان خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی گەورە و بە دەسەڵات بووینە، لەسەر هیچ دینێک نەبووینە زیاتر بتپەرست بووینە، هۆزێکی دڕو شەڕانی بووینە، تەنیا هونەری شەڕ و کوشتار و کاولکارییان زانیوە، بەردەوام لەسەر موڵک و زەوی و زار لەناو خۆیان لە شەڕ دابوینە بگرە زۆر جار لەگەڵ جیرانەکانی خۆشیان بە تایبەتیی لەگەڵ چینییەکان مێژوویەکی پڕ لە شەڕ و خوێناوییان هەیە، خاوەنی سنوورێکی گەورە و بەرفرەوان بووینە لە ڕووی ژمارەشەوە هۆزێکی گەورە بووینە، سنوورەکەشیان لە ڕۆژاوای وڵاتی چینەوە درێژبووەتەوە تاکوو سەر کەناراوەکانی دەریای ڕەش، ئەمانە هۆزێکی کۆچەری شوانکارە بووینە، ژیانێکی ڕەوەندی ژیاون لە ناوچەکانی خۆیان هەواری کوێستان و گەرمیانیان کردووە، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە لەوەڕگا بەستووە، چونکە مەڕ و ماڵات و ڕەشەوڵاغیان زۆر بووە هەمیشە بە دوای زەوی بە پیت و لەوەڕگای بەخێر و ئاودار گەڕاون، ئەم جۆرە ژیانە ڕەوەندی و کۆچەرییەی غوزەکان زۆر جار لەسەر لەوەڕگاکانیان کێشە و گرفتی لەناو خۆدا بۆ درووستکردوون کە بووەتە هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوانیاندا و خوێن لەنێوانیاندا ڕژاوە، بەمەش ناچار بوون لە بەر یەک بچنەدەر، واتە بەشێک لەم هۆزە یاخود ماڵباتێک لەناو ئەم هۆزە سەر هەڵدگرێت و ڕوودەکاتە شوێنێکی ترو زەوییەکی تر بۆخۆی دەدۆزێتەوە و درێژە بە ژیانی کۆچەری خۆی دەدات.
سەلجوقییەکان نموونەی ئەم حاڵەتەن کە بە ناچاری بەهۆی پێکنەهاتنیان لەسەر زەوی و زار و لەوەڕگا لە سەدەی (4ک/10ز) لە شوێنی باب و باپیرانی خۆیانەوە لە تورکستان بەرەو هەرێمی خۆراسان ئەودیو ڕووبار (بلاد ما وراء النهر) کۆچیان کردووە، لەو کاتەدا میرنشینی سامانییەکان4 (261-389ک) (874-999ز) حاکمی ئەم ناوچەیە بوون، سەلجوق شا لەگەڵ میری سامانیەکان میر مەنسووری دووەم (366-387ک) (976-997ز ماوەی حوکمی ئەم میرە) ،
1سەلجوقیەکان: ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوی پادشاکەیان کە ناوی سەلجوقی بووە، باوکی ناوی دقاق بووە، یەکێ بووە لە وەزیرە ناسراوەکانی بیغۆخان گەورە پادشای تورکستان.
2 تورکمان یاخود تورک یەک ناوە بۆ میللەتێک لقێکی سەرەکی گەورەی هۆزی (غوز) ە کە نیشتمانی ڕەسەنیان ئاسیای ناوەڕاستە لەسەرچاوە مێژووییەکان هەردوو ناو بەکارهاتووە بەڵام ڕاو بۆچونێک هەیەگوایە زاراوەی تورکمان بەم خێل و تیرانە دەگوترێت کە شێوەی زیانیان کۆچەری و ڕەوەندیە هەرچی زاراوەی (تورک) ە بەوانە دەگوترێت کەلەشارەکان دەژین و شێوەی ژیانیان پێشکەوتووترەو شارستانین.
3غوز هۆزێکی گەورە و بەناوبانگی تورکە لەگەڵ هۆزی قالوق بنەچەی تورک و تورکمانەکان بە گشتی پێک دەهێنن دوو بۆچوون و لێکدانەوەی جیاواز لەسەر بنچینە ئەم وشەیە هەیە یەکەمیان پێی وایە ئەم ناوە لە (الت غز-التغز) هاتووە بە واتای دەهۆز دێت، دووەمیان پێی وایە ئەم ناوە لە (اڵاوغوز) یان (گوقوز) (دوقز) هاتووە کە بە واتای نۆ هۆز دێت، ئەم هۆزە لە سەدەی شەشی زایینی خاوەن ئیمپراتۆریەت و دەسەڵاتێکی فراوان بووە.
4 سامانیەکان: بنەماڵەیەکی فارسن دەگەڕێنەوە سەر باپیرە گەورەیان سامان خوداﮪ، کە لە سەردەمی هیشامی کوڕی عەبدوالمەلیکی ئومەویەکان بوونەتە ئیسلام، وەلە سەردەمی بانگەوازی عەباسییەکان پشتگیریان لە عەباسییەکان کردووە لەخوراسان، لەگەڵ ئەبوو موسلیمی خوراسانی کاریان کردووە.
دەکەوێتە گفتوگۆ و داوای لێ دەکات لە سنووری میرنشینەکەی زەویەکی پێبدات تاکوو خۆی و هۆزەکەی لێی نیشتەجێ ببن و لە سەری بژین، ئەویش لە وەڵامدا ڕەزامەندی خۆی پیشان دەدات بەڵام بەو مەرجەی خۆی و هۆزەکەی ببن بە موسڵمان و ئایینی ئیسلام قبول بکەن و لەژێر فەرماندەی سامانیەکان خزمەتی دەوڵەتی عەباسی بکەن، سەلجوق بەو مەرجەی میری سامانیەکان ڕازی دەبێت و خۆیی و هۆزەکەی ئیسلام بوونی خۆیان ڕادەگەیەنن وە لە هەمان کاتیشدا ئامادەیی خۆی پیشان دەدات لەژێر ئاڵای دەوڵەتی عەباسی خزمەت بکات و بەرگری لە دەوڵەتی ئیسلامی بکات بەم جۆرە لە دوای ئیسلامبوونیان هۆزەکەی سەلجوقی بە ناوی سەلجوقیەوە دەناسرێت.
ئیتر بەم شێوەیە سەلجوقی یەکان وەک هێزێکی نوێ و کاریگەر لە بەری ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتی عەباسی تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ئیسلام دەبن و شاری (جند) دەکەنە مەڵبەندی نیشتەجێبوونی خۆیان لە ماوەیەکی کوورتدا متمانەی سامانیەکان بۆخۆیان بەدەست دەهێنن، بەمەش پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەردوولادا درووست دەبێت، زۆری پێ ناچێت سامانیەکان بە کەڵک وەرگرتن لە هێز وجەنگاوەرانی سەلجوقی یەکان هەڵمەتی فتوحات بۆ ناوچە تورک نشینەکانی تورکستان دەست پێ دەکەن بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام لەم ناوچەیەدا، لەم هەڵمەتانە جەنگاوەرانی سەلجوقی ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر دەبینن و دەبنە پشتیووانیەکی باش بۆ دەوڵەتی عەباسی و متمانە پەیدا دەکەن.
ئیتر سەلجوقی یەکان ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتر دەبن و ژمارەی جەنگاوەرانیان زیاتر دەبێت و دەسەڵاتیان بە سەر ناوچەکەدا زۆرتر دەبێت، لە بەرانبەریشدا سامانیەکان ڕۆژبەڕۆژ دەسەڵاتیان لە کوورتی دەدات و بێهێز دەبن بەهۆی کێشەی ناوخۆیی میرنشینەکە و ململانێی میرەکانیان لەسەر دەسەڵات لە لایەک و کێشە و گرفتیان لەگەڵ میرنشینی غەزنەوی و ماڵباتی خانی تورکەکان لە لایەکی تر، ئەمانە هەمووی بە یەکەوە یارمەتیی دەر دەبێت بۆ سەلجوقی یەکان کە دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، بەم جۆرە سەلجوقی یەکان سوودیان لەم دەرفەتە وەرگرت، بە تایبەتیی دوای ئەوەی سامانیەکان بە یەکجاری لە دوا ساڵەکانی کۆتایی سەدەی چواردەمی کۆچی بەرانبەر دەیەمی زایینی کۆتایی بە دەسەڵاتیان هاتوو ئیتر سەلجوقی یەکان شوێنیان گرتنەوە، ئەوانیش توانیان وەک هێزێکی دەسەڵاتداری ناوچەکە ڕووبەڕووی تەماحکاریەکانی غەزنەوی و خانەکانی تورک بوەستنەوە بە هەمان شێوە لە چارەگی یەکەمی سەدەی (5ک / 11ز) بەرەنگاری دەسەڵاتی بوەیهیە شیعەکانیش بوونەوە، ئەم کارەی سەلجوقی یەکان بەدڵی عەباسییەکان بوو، چونکە دەمێک بوو چاوەڕوانی دەرفەتێکی وابوون بۆ لێدانی دەسەڵاتی بوەیهیەکان کە ماوەیەک بوو ببوونە مایەی سەرئێشە و درووست بوونی کێشە بۆ دەسەڵاتی عەباسییەکان.
دوای ئەم پێشهاتانە زۆری نەخایاند سەلجوقی یەکان لە ساڵی (429ک / 1037ز) واتە دوای کەمتر لە نیو سەدە لەئیسلام بوونیان لە سەردەمی ئەرتغرل بەگ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ڕاگەیاند و شاری نیسابووری غەزنەوییەکانیان کردە بنکەی سەرەکی حوکمڕانی خۆیان، ئیترغەزنەوییەکان تەحەمولی ئەم شکستەیان نەکرد کە بەرانبەر سەلجوقی یەکان دووچاری ببوون، بۆیە خۆیان ئامادەکرد بۆ شەڕێک تاکوو ناوچەکانیان لەژێر دەسەڵاتی سەلجوقی یەکان وەربگرنەوە، ئەمەبوو دوای دوو ساڵ واتە لە ساڵی (431ک/1039ز) غەزنەوییەکان لە سەردەمی مەسعود غەزنەوی هێرشی پێچەوانەیان کردە سەر سەلجوقی یەکان لەشەڕێکی سەختدا کەبە شەڕی (داندنقان) ناسراوە سوپای غەزنەویەکان لە بەرانبەر سوپای سەلجوقی یەکان جارێکی تر دووچاری شکستێکی گەورە هاتن و لەدەرئەنجامدا غەزنەویەکان شاری (ڕەیی) شیان (تارانى ئێستا) لەدەستدا و بەمجۆرە سەلجوقی یەکان چونە ناوشارەکە و کردیان بە بنکەی حکومڕانی دەوڵەتەکەیان.
دوای ئەم سەرکەوتنانەی سەلجوقیەکان خەلیفە عەباسی (القائم بأمرالله 422-467ک) پیرۆزبایی خۆی بە حکومەتە نوێیەکەی سەلجوقی ڕاگەیاند و دڵخۆشی خۆیشی بە سەرکەوتنەکانیان دەربڕی، شا ئەرتغرل بەگیش داوای لەخەلیفە کرد بەڕەسمی دان بەدەسەڵاتەکەیدا بنێ تاکوو بتوانێت زیاتر خزمەت بە ئیسلام و دەوڵەتی عەباسی بکات، ئەرتغرل شا ئەم داوایەی خۆی لە ڕێگای قاسیدێکی تایبەتیی خۆیەوە لە ساڵی (432ک 1040ز) دەگەیەنێتە دەستی خەلیفەی عەباسی (القائم بأمرالله) خەلیفەش بەخۆشحالیەوە داواکەی ئەرتغرل قبول دەکات و پێشی ڕادەگەیەنێت کە ئەو ئامادەیە لە شاری بەغدا پێشوازی لێبکات، دەرەنجام خەلیفەی عەباسی لە شاری بەغدا شا ئەرتغرل دەبینێت و نازناوی (سوڵتان) یشی پێ دەبەخشێت، بەمجۆرە شا ئەرتعزل پێگەی حوکمڕانی خۆی پتەو و قایم دەکات و دەسەڵاتی خۆی بە سەر تەواوی وڵاتی ئێراندا دەسەپێنێت، ئینجا دوای 15 ساڵ واتە ساڵی 447ک / 1055ز وەکوو هێزی ڕزگارکەر خۆی و لەشکرەکەی دەگەنە ناو شاری بەغدای پایتەختی عەباسییەکان، بە شانازیەوە خەلیفە بۆ خۆی پێشوازی لە شا ئەرتغرل دەکات دوای ئەوەی لەشکری سەلجوقی کۆتایی بەدەسەڵاتی بوهیە شیعەکان دەهێنێت بەغدا دەگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خەلیفەی عەباسی، بەڵام تەنیا بەناو چونکە هەموو دەسەڵاتەکان لەژێر دەستی خۆی دەبێت، جگە لە دەسەڵاتی ڕوحی و ئایینی نەبێت کە بۆ خەلیفەی هێشتبووە دوای (4) ساڵ لە نەمانی دەسەڵاتی بوەیهیەکان لە بەغدا سەلجوقی یەکان لە هەڵمەتێکی تر لە ساڵی (451ک / 1059ز) کۆتاییان بەدەسەڵاتی بەساسیری تورکە شیعیەکانیش هێنا ئیتر بەغدای پایتەختی دەوڵەتی عەباسی بەتەواوی لە مەترسی و هەڕەشەکانی هێزە شیعیەکانی تورک و فارس ڕزگاری دەبێت، بەڵام ئەم جارە هێزێکی سوننی وەکوو سەلجوقی شوێنیان دەگرنەوە، چونکە لەگەڵ یەک هاو مەزهەبن زیاتر یەکتریان قبولە بەپێچەوانەی بوەیهی و بەساسیرەکانەوە دەبنە هێز وپشتیووانی بۆ دەوڵەتی عەباسی، دوای (12) ساڵ لەگرتنی شاری بەغدا سەلجوقی یەکان لە هەڵمەتێکی گەورەدا لە سەردەمی سوڵتان ئەلب ئەرسەلانی برازای سوڵتان ئەرتەغرل لە سەرووی وڵاتی شام لەنێو خاکی کوردستان لە ناوچەیەک بە ناوی (مەلازگرد) ڕووبەڕوووی هێزەکانی بێزەنتی دەبنەوە لە شەڕێکی یەکلاکەرەوەدا لە ساڵی (463ک/1071ز) کۆتایی بە ڕۆمە بێزەنتییەکان دەهێنێت و دەرئەنجام هێزی سەلجوقیەکان لەم شەڕەدا زاڵ دەبن و سەردەکەون و خودی ئیمپڕاتۆری بێزەنتییەکان (ڕۆمانۆس) بەدیل دەکەوێتە دەستی سەلجوقی یەکان بەڵام لە دواییدا بە پێی ڕێکەوتنێک لەنێوانیاندا بەپێدانی مەبلەغێک پارە بە سەلجوقی یەکان ئیمپڕاتۆر ئازاد دەکرێت.
ئەوەی شایەنی باسە بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانی ئیسلام جەنگاوەری کورد لە شەڕى مەلازگرد وەکوو هێزێکی موسوڵمان بەشداری ئەم جەنگەیان کردووە ئەوکات دەوڵەتی دۆستەکی کە هاودەمی سەلجوقیەکان بوو بە ژمارەیەکی زۆر لە جەنگاوەرەکانی خۆی پشتیووانی لە هێزی سەلجوقی کردووە، بەمەش کورد ڕۆڵێکی خۆی بینیوە لە تێکشکانی بێزەنتییەکان، لە کۆتاییدا ئەم هەڵوێستەی دۆستەکییەکان بە قازانجی کورد نەشکایەوە، چونکە هەربە دەستی سەلجوقی یەکان کۆتایی بە دەسەڵات و حوکمی دۆستەکییەکان هات.
دوای شەڕی مەلازگرد تەواوی کۆسپ و تەگەرەکان لە بەردەم فرەوانخوازیەکەی سەلجوقی یەکان نەما و هەموو خاکی ئەنادۆل کەوتە ژێر دەسەڵاتیان بۆ داکوتانی ڕەگ و ڕیشەی خۆیان پەنایان بردە بەر هێنانی هۆز و خێلە تورکمانەکان لە ئێران و ئاسیای ناوەڕاست بەم سیاسەتە سەلجوقی یەکان ژمارەیەکی زۆریان لە خێزانە تورکمانەکان بۆ ئەم ناوچەیە گواستەوە و لەسەر سنوورەکانی بێزەنتی نیشتەجێیان کردن، بە زەوی دابەش کردن بەسەریاندا هانیاندان کە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، سەلجوقی یەکان لەم کارەیاندا دوو ئامانجیان هەبوو، یەکەم جێنشین کردنی هۆزە تورکەکان، دووەمیان پاراستنی تخوبەکانی باکووری ڕۆژاوای دەوڵەتی عەباسی لەهێرش و پەلاماری بێزەنتییەکان.
لەڕاستیدا سیاسەتی کۆچ پێ کردن و ڕاگواستنی قۆناغ بە قۆناغی خێزانە تورکمانەکان بۆ ناوچەکانی ئەنادۆل لەلایەن سەلجوقیەکانەوە گرنگی زۆری پێدراوە بە تایبەتیی لە سەردەمی خەلیفە (القائم بأمرالله) سەدەی 5ک/11ز ئاسانکاری و هاندانی زۆر بۆ ئەم سیاسەتەی سەلجوقیەکان کراوە، لە ماوەیەکی کوورتدا بە هەزاران خێزانی تورکمان لەسەر موڵک و زەوی بێزەنتییەکان نیشتەجێکراون و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیراوە، بەم شێوەیە سیاسەتی بە تورک کردنی ئەنادۆل لەو کاتەوە دەستی پێ کرد و سیمای ڕۆمیان بە سەر ئەم ناوچەیەدا ڕەشکردەوە.
بە نەمانی مەترسی دەوڵەتی بێزەنتی لەسەر تخوبی ڕۆژاواى دەوڵەتی ئیسلام سەلجوقی یەکان بناغەی دەوڵەتێکی بەهێزیان بەناوی دەوڵەتی سەلجوقی ڕۆم لە هەمبەر دەروازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای کریستیان درووستکرد ئیتر ڕۆژبەڕۆژ پەرە بەهێز و دەسەڵاتیان دەدەن لەسەر دەستی سوڵتان ئەلب ئەرسەلانی برازای سەلجوق بەهێزترین دەوڵەتی سەلجوقی لەم سنوورەدا دادەمەزرێنن.
بەمجۆرە بارودۆخی ناوچەکە و جیهانی ئیسلامی لە بەرژەوەندی سەلجوقی یەکان شکایەوە و لە ماوەی سێ سەدەدا (5-8ک/11-14ز) لەلایەن پێنج بنەماڵەی بەناوبانگی سەلجوقی یەکان ژمارەیەک دەوڵەتی سەلجوقی لە ناوچەکەدا دامەزراون بەهۆیەوە جڵەوی حوکمڕانی جیهانی ئیسلامیان گرتۆتە دەست وەکوو لە خوارەوە بەکوورتی یەکەیەکە ئاماژەیان پێ دەکەین.
یەکەم دەوڵەتی مەزنی سەلجوقی: ئەمانە یەکەم هێز و فەرمانڕەوای سەلجوقی یەکان بوون کە توانیان ڕووبەرێکی فرەوان لە ناوچەکانی جیهانی ئیسلام بخەنە ژێر ڕکێڤی خۆیانەوە بریتی بوون لەم ناوچە و هەرێمانە (خوراسان- ڕەیی- هەرێمی چیا (کوردستا) - جزیرە- ئێراق- فارس- ئەهواز) ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی لەسەر دەستی ڕوکنەدین ئەبوتالب کوڕی ئەرتغرڵ بەگ لە ساڵی (429ک/1039ز) درووست بوو تاکوو (522ک/1127ز) بەردەوام بوو، لەم ماوەیەدا 8 پاشایان یەک بە دوای یەک فەرمانڕەواییان کردووە، لەڕاستیدا ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی بە دەوڵەتی دایک و بنچینەی دەسەڵاتی سەلجوقی یەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی دادەنرێت، لە کۆتاییدا لەسەر دەستی پاشایەکانی خوارزم لە ساڵی (522ک/1127ز) ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی لەناو دەچێت.
دووەم دەوڵەتی سەلجوقی لە کرمان: ئەمانە لە مێژوودا بە سەلجوقی یەکانی کرمانی ناسراون، لەم هەرێمەدا بۆ ماوەی 150 ساڵ حکومڕانیان کردووە لە (432ک تاکوو 583ک / 1041ز-1188ز) لەم ماوەیەدا 11 پاشا حوکمداریان کردووە، ئەمانەش سەر بە هۆزی (قاروت بەگی کوڕی داود کوڕی میکائیل کوڕی سەلجوق) ن کە دەکاتە برای سوڵتان ئەلب ئەرسەلان، ئەمانەش لەسەر دەستی هۆزی غوزی تورکمان کۆتایی بە دەسەڵاتیان هاتووە لە ساڵی 583ک /1188ز.
سێیەم دەوڵەتی سەلجوقی لە ئێراق و کوردستان: لە مێژوودا بە سەلجوقیەکانى ئێراق و کوردستان ناسراون، لە ساڵی 511ک/1117ز فەرمانڕەوایی ئەم ناوچەیان کردووە تا ساڵی 590ک/1194ز بەردەوام بووە، واتە حوکمداریان 79 ساڵی خایاندووە، لەم ماوەیەدا نۆ پاشا فەرمانڕەوایان کردووە، بەناوبانگترین پاشایان غیاث الدین ئەبوو شوجاع محەمەد بووە کە لە سەردەستی خوارزمییەکان کۆتایی بە دەسەڵاتی سەلجوقی یەکانی ئێراق و کوردستان هاتووە.
چوارەم دەوڵەتی سەلجوقی لە سووریا: لەلایەن ڕوکنەدین بەرکیاروق لە ساڵی 485ک/1094ز دامەزراوە کە سەر بە بنەماڵەی (تەتش کوڕی ئەلب ئەرسەلان کوڕی داود کوڕی میکایل کوڕی سەلجوق) ە تا ساڵی 510ک 1117ز فەرمانڕەوایان کردووە لەم ماوەیەدا کە 24 ساڵی خایاندووە پێنج پاشا یەک بە دوای یەک حوکمداریان کردووە، بە هاتنی زەنگی یەکان و ئەرتقی یەکان کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی هاتووە.
پێنجەم دەوڵەتی سەلجوقی ڕۆم: ئەم دەوڵەتەی سەلجوقی لەسەر پاشماوەی بێزەنتییەکان لە ڕۆژاوای تورکیا لە شاری قونیە و ئاق سەرای درووست بوو، شاری قونیەیان کردە بنکەی سەرەکی حوکمداریان، لە ساڵی (470ک تاکوو 700ک) بەرانبەر (1077ز تاکوو 1330ز) فەرمانڕوایان کردووە، واتە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەد ساڵ دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، ئەمانە سەر بە بنەماڵەی قوتولمشی کوڕی ئیسڕائیل کوڕی سەلجوقن، دامەزرێنەرەکەیان سوڵتان جەلالەدین ئەبی فەتح مەلەکشایە، ئەم دەوڵەتی سەلجوقیە لە مێژووی سەلجوقیەکاندا بە تەمەنترین دەوڵەتی سەلجوقی دادەنرێت، لە ماوەی تەمەنی خۆیدا 18 پاشایان یەک بە دوای یەک حوکمداریان کردووە.
لە کۆتاییدا لەسەر دەستی عوسمانی یەکان و مەغۆلەکان لە ناوبردراون، ئەم بنەماڵەیە لە دەوڵەتداریدا توانیویانە سیاسەتێکی گونجاو لەگەڵ دەوروپشتیان پەیڕەو بکەن بە تایبەتیی لەگەڵ خەلیفەکانی عەباسی و سەلجوقیەکانی ئێراق و کوردستان پەیوەندی یەکی باشیان لەگەڵ ئەمانە درووستکردووە، بەم سیاسەتە نەرمەی خۆیان توانیان وردەوردە دەسەڵاتی خۆیان بە سەر عەباسی یەکاندا بسەپێنن بەمەش کۆنتڕۆڵی شاری بەغدایان کردووە و خەلیفە هەر بە ناو ماوە و هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە، ئەم بارودۆخە بەردەوام بووە تا هاتنی لەشکری مەغۆلەکان و گرتنی شاری بەغدا لەلایەن هۆلاکۆی سەرکردەی مەغۆلەکان.
ئەوەی شایەنی باسە ماوەی حوکمی سەلجوقیەکان هاوکات بووە لەگەڵ ماوەی حوکمی 12 خەلیفەی عەباسی هەر لەخەلیفە (القائم بأمرالله (422ک/467ک) کە بیست و شەشەمین خەلیفە بوو تاکوو خەلیفە أحمد ناصر بن المستضییء (575ک-622ک) کە سی و چوارەمین خەلیفەی عەباسی بووە، لە ڕٍاستیدا لەم ماوەیەدا خەلیفەکانی عەباسی جگە لە دەسەڵاتی ڕۆحی و ئایینی نەبێت هیچ دەسەڵاتێکی تریان نەبووە بەسەر میرو پاشایەکانی سەلجوقی.
بە تورک کردنی ئەنادۆل
گرینگی پێگەی جوگرافی و ستراتیجی ناوچەی ئەنادۆل کە وەکوو دەرگایەک وایە بۆ سەرجیهانی ئەوروپا و ڕۆژاوا وە لە هەمان کاتدا گونجاوی کەشوهەوایەکەی و بە پیتی و دەوڵەمەندی خاکەکەی لە ڕووی کشتوکاڵ و لەوەڕگاوە لە لایەک و سەرهەڵدانی پشێوی و ئالۆزی سیاسی ناوخۆی ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی لە نیوەی یەکەمی سەدەی چواردەی زایینی لە لایەکی تر هانی هۆزە تورکە کۆچەرەکانی ئاسیای ناوەڕاستی دا کە بەرەو ئەم ناوچەیە کۆچ بکەن چونکە لەو کاتەدا سەلجوقی یەکان بۆ مانەوەی خۆیان و فرەوان بوونی دەسەڵاتیان بەردەوام پێویستیان بە جەنگاوەر و هێزی شەڕکەری زیاتر هەبوو، سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بە دوو شەپۆلی جیاوازی پڕۆسەی کۆچ پێکردنی هۆزە تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست و بەلقان دەکەن کە بە لێشاو لە دوو سەدەی جیاوازدا ڕوویان لەم ناوچەیە (ئەنادۆل) کردووە.
شەپۆلی یەکەم:
لە سەردەمی سەلجوقی یەکان بوو لەسەدەی 5ک/11ز بە تایبەتیی لە دوای شەڕی مەلازگرد (463ک / 1017ز) کە هاوکات بوو بە سەردەمی خەلیفەی عەباسی (القائم بأمرالله 422-467ک / 1031-1075ز) لەو کاتەدا کە سەلجوقی یەکان لە شەڕەکەدا سەرکەوتن دەرگاى کۆچکردنیان بۆ خێل وهۆزە تورکەکان کردەوە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ئەنادۆل و باکووری ڕۆژاوای ئەنادۆل کۆچ بکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆر لە تورکەکان کە سەربە خێل و هۆزە جیاوازەکانی (قارلوق و قەبجاق و قالاج) بوون بەرەو ئەنادۆل کۆچیان کرد بەڵام بەشی زۆریان لە هۆزی غوزی تورکمانەکان بوون، ئەوەی شایەنی باسە پێش کۆچ کردنی ئەم هۆزانە، هۆزی تری تورک لەم ناوچەیەدا هەبوون وەکوو (خێلی تر لە غوزەکان و بجنک و تورکە نەساریەکان و مانۆویەکان و شامانیەکان) ، کە پێشتر بێزەنتی ئەوانەیان لە ناوچەی بەلقان هێنابوو لەم ناوچەیەدا نیشتەجێی کردبوون بۆ پاراستنی سنوورەکان، ئەمانە وەکوو سەربازی بەکرێگیراوبوون کە بۆ بێزەنتی یەکان شەڕیان دەکرد، بە تێکەڵ بوونی هەردوو ڕەگەزی تورکەکانی بەلقان و تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە دوای نەمانی بێزەنتی یەکان ژمارەی تورکەکان لە ناوچەی ئەنادۆل بە کۆتایی هاتنی سەدەی دوازدەی زایینی زۆر زیادی کرد بە بەراورد بە ژمارەی تورکەکانی وڵاتی سووریا و ئێراق و ئێران و ئازەربایجان.
شەپۆلی دووەم:
لە سەردەمی هێرش و پەلاماری مەغۆلەکان بوو لە سەدەی سێزدەیەمی زایینی، مەغۆڵەکان هێشتا بەتەواوی کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەلجوقی یەکان نەهێنابوو کەچی ژمارەیەکی زۆر لە خێل و هۆزەکانی خۆیان (کە ئەوانیش لقێکی تورکە ئاسیاویەکانن) لەم ناوچەیە نیشتەجێ کرد، ئەمەش قۆناغی دووەمی بە تورک کردنی ئەنادۆل لە سەردەستی مەغۆلەکان دەستی پێ کرد، وێرای ئەمانەش ژمارەیەک هۆزی تورک لە ئازەربایجانی وڵاتی ئێران کە وەک جەنگاوەر لە خزمەتی سوپای مەغۆل و فەرماندەکانیان دابوون لەکاتی هەلمەتەکانیاندا لەگەڵ خۆیاندا بردراون بۆ ئەنادۆل و لێی نیشتەجێ کران.
کوردستان لە سەردەمی سەلجوقی یەکان
کوردستان لەکاتی هاتنی هێرش و شاڵاوەکانی تورکە سەلجوقیەکان کە تیرەیەکن لە غوزەکان لە دۆخێکی ئاساییدا بوو میللەتی کورد بە شێوەیەکی سرووشتی لەسەرخاکی خۆی دەژیا، دەسەڵاتی سیاسی ئەوکات بریتی بوو لە دەسەڵاتی میرو سەرۆک هۆزەکان کە هەریەکە لە ناوچەکەی خۆی حوکمی خۆی دەگێڕا، بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی عەباسی ئیدارەی میرنشینەکانیان دەدا بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ دەوڵەتی عەباسیدا هەیانبوو کە ساڵانە باج و خەراجی خۆیان بدەن و لە کاتی پێویستدا هاوکاری دەوڵەتی عەباسی بکەن و هێزی شەڕکەر پێشکەش بە خەلیفەی عەباسی بکەن، وە هیچ گرفتێکیش بۆ دەسەڵاتی عەباسییەکان لە ناوچەکانیان درووست نەکەن، بەشێوەیەکی گشتی ئەم خاڵانە بنەمای سەرەکی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوولا بوون، لەسەر ئەم بنچینەیە کورد جۆرێک لە سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆی هەبوو کە تا ڕادەیەک نیمچە سەربەخۆییەکی خۆی هەبوو، لە ماوەی نێوان سەدەی (4 تاکوو 6 کۆچی) لە کوردستان ژمارەیەک میرنشینی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی درووست بوون کە لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەناو و ناوچەکان و ماوەی حوکمیان بکەم:
1- میرنشینی عەیشانیە لە شارەزوور 300ک-595ک / 912ز-961ز.
2- میرنشینی شەدادی لە ئاران 340ک-595ک / 951ز-1198ز.
3- میرنشینی ڕەوادی لە ئازاربایجان 343ک-469ک / 954ز-1076ز.
4- میرنشینی حەسنەوەیهی لە دینەوەر 350ک-406ک / 961ز-1015ز.
5- میرنشینی مەروانی لە میافارقین 372ک-478ک / 982ز-1085ز.
6- میرنشینی عەنازی لە حەلوان 381ک-511ک / 991ز-1117ز.
7- میرنشینی هەزەبانی لە هەولێر 437ک-534ک / 1046ز-1139ز.
جا کاتێ ئەم هێزەی تورکە داگیرکەرەکان گەیشتنە ناو خاکی کوردستان یەکەم هێزی کورد کە ڕووبەرویان بوونەوە هێزی میرنشینی ڕەوادی بوو لە ئازەربایجان، سەرەتا کوردانی ئەم میرنشینە هەوڵیاندا خۆیان لە شەڕ و بەڵای سەلجوقی یەکان بە دووربگرن تاکوو ناوچەکەیان و خەڵکەکەیان لە کاولکاری و کوشتار بپارێزن، بۆ پیشاندانی نیازپاکی خۆی میری ڕەوادی کوڕەکەی خۆی وەک بارمتە لای سوڵتانی سەلجوقی دانا، دیارە لەو کاتەدا ئەمە نەریتێک بووە لای سەرکردەکان پەیڕەوکراوە، بەڵام ئەمەش بۆ هێزێکی داگیرکەری وەکوو سەلجوقی یەکان بێ کەڵک بووە، چونکە دوای چەند ساڵێک شەڕ لەنێوان هەردوولا دا درووست بووەوە، سەلجوقی یەکان بەردەوام هەوڵیان داوە جلەوی حوکمڕانی لە میرانی کورد وەربگرنەوە و دەست بەسەر ناوچەکانیاندا بگرن و ژێر دەستەیان بکەن، بەڵام ئەمەیان بۆ نەچووەتە سەر، لە کۆتاییدا کوردەکان بۆ دوورخستنەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی سەلجوقی یەکان کێشەکانی ناوخۆیان بەلاوە ناوە و لە دژی داگیرکەران یەکیان گرتووە، بە تایبەتیی دوای کاولکاریەکەی شاری مەراغە و ورمێ ئەم یەک هەڵوێستییەی میرانی کورد بە تایبەتیی ئەو یەک بوونەی لەنێوان میر و هۆزانی ڕەوادی و میر ئەبوهیجای کوردی هەزەبانی درووست بووە توانیان سنوورێک بۆ هێرشبەرانی سەلجوقی دابنێن.
دوای ئەم پێشهاتە نوێیە لەشکری داگیرکەری سەلجوقی ناچاربوو ناوچەکانی بەشی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەجێ بهێڵێت و ڕووبکاتە بەشی کوردستانی باکوور و پەلاماری ناوچەکانی هەکاری بدات، لەوێش دەرهەق بە دانیشتووانەکەی کاولکاریەک و کوشتارێکی گەورەی ئەنجامداوە، لە ساڵی 1063ز لە سەردەمی سوڵتان ئەلب ئەرسەلان ڕوویان لە ناوچەکانی ئەرمینیا و بێزەنتییەکان کرد لە ئەنادۆل دوای چەند ساڵێک توانیان لە شەڕێکی یەک لاکەرەوەدا لە ساڵی 1071ز/463ک کە بە شەڕی مەلازگرد ناسراوە کۆتایی بە دەسەڵاتی بێزەنتییەکان بهێنن، بەمەش دەوڵەتی عەباسی لە گەورەترین مەترسی و هەڕەشەی بێزەنتییەکان لەسەر دەستی سەلجوقیەکان و کورد ڕزگاری بوو، دوای ئەم شەڕە بە تەواوەتی هەموو خاکی ئەنادۆل و کوردستانیش کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەلجوقی یەکان، جگە لە میرمشینی مەروانیەکان کە تا ئەو کاتە لەدەسەڵات و حوکمڕانی خۆی بەردەوام بووە سەلجوقی یەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بە سەریانەوە نەبوو بەڵکوو هەوڵیانداوە کەڵک لە هێزی ئەم میرە وەربگرن، ئەوەبوو لە شەڕی مەلازگرد کوردەکان پشتیووانی سەلجوقیەکانیان کردووە لە دژی بێزەنتییەکان.
هۆکاری سەرەکی ئەم هاوکاریەی نێوان کوردەکان و سەلجوقی یەکان مەسەلەی ئایینی ئیسلام بوو کە خاڵی هاوبەش و گرێدراوی نێوان هەردوولا بوو، هەندێ سەرچاوەی مێژوویی دەڵێن کورد لەم شەڕەدا بە هەزاران جەنگاوەر بەشداری کردووە و زۆربەیان لە جەنگاوەرانی دەوڵەتی مەڕوانی دۆستەکی بوون کە خاوەن هێز وتوانایەکی سەربازی گەورە بوون بە حوکمی نزیکیان لە هێزەکانی بێزەنتی ئەم ڕۆڵەیان بینیوە، هەرچەند دوای کۆتایی ئەم شەڕە بەشی زۆری لەشکرەکەی سەلجوقی یەکان گەڕانەوە بنکەی سەرەکی خۆیان لە ئێران کە شاری (ڕەی) بوو کە دەکاتە (تارانی) ئێستا، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان لە جەنگاوەرانی سەلجوقی لە ناوچەی ئەنادۆل مانەوە وێرای بەردەوام هێنانى خێزانی تورکە کۆچەرەکان و جێنشین کردنیان لەم ناوچەیە کە دەتوانین بڵێین بوونە بناغە و بنچینەی ئەم هۆزە تورکانەی کە لە دواییدا بەهۆی میرنشینی ناوچەیی جودا جودا وەکوو میرنشینى قەهرەمان کە خۆیان بە میراتگرى سەلجوقیەکان داناوە، هەروەها میرنشینى ئایدین، میرنشینى قەرەسو، میرنشینى جاندەر، میرنشینى ساروخان، میرنشینى عوسمانى و چەندانى تر کە ئەمەى دواییان واتە میرنشینى عوسمانى لە هەموویان بە هێزتربوون بناغەی ئەو دەوڵەتەیان درووستکرد کە لە مێژوودا بە دەوڵەتی عوسمانی ناسراوە، کە توانی بۆ ماوەی شەش سەدە لە ڕووبەرێکی فرەوانى جیهان بە ناوی ئیسلام حوکم بکات، بەمەش حوکمی بەشێکی زۆری جیهانیان کرد بە تایبەتیی لە هەر سێ کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا، بەمشێوەیە لەم کاتەوە ناوچەی ئەنادۆل سیمای بێزەنتی و کریستیانەتی لە دەستدا و سیمای تورکە موسوڵمانەکانی وەرگرت، بەڵام نەیانتوانی سیمای بە تورک بوون بە سەر کوردستاندا بسەپێنن تەنیا لە سەردەمی تورکیای کەمالی نەبێت کە تا ڕادەیەک توانیان سیاسەتی بە تورک کردن لە هەندێ ناوچەی کوردستان بەجێبهێنن سەرەتا خاکی کوردستانیان بە بەشێک لە ئەنادۆل هەژمار کردوو بۆ ئەوەی ناوی کوردستان بسڕنەوە ئەم بەشەی کوردستانیان کرد بە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل و خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل، هەروەها بە هۆى شۆڕش و ڕاپەڕینەکانەوە ژمارەیەکى زۆر لە کوردەکانیان لەسەر گوند و ناوچە ڕەسەنەکانى خۆیان بۆ شارە تورکەکان لە ڕۆژاواى تورکیا گواستەوە، بەردەوام نکۆڵى لە نەژادى کوردبوونى خاکى کوردستان دەکەن تا ئێستاش ئەم سیاسەتە بەردەوامە جا چ حکومەتەکەى تورکیا عەلمانی بێ یاخود ئیسلامی.
پەراوێزەکان:
( (ئۆگوز) ) یان ( (طوقوز) ) (دۆقز) وشەیەکی تورکی یە بە مانای ژمارە (9) نۆ دێت، بەپێی زاراوە جیاوازەکانی تورکی ( (تلفظ) ) دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە کە بۆ پێکهاتەی ئەم هۆزەی تورک کە لە (9) تیرەو خێڵ پێکهاتووە، محەمەد سهیل طقوش، تاریخ السلاجقة الروم فی اسیا الوسطی، پەراوى لاپەڕە (16) .
ئەم وشەیە لە سەرچاوەکانی عەرەبیدا بە (الغز) یان (الاغوز) هاتووە، چونکە لەزمانی عەربیدا پیتی (گ) نییە بۆیە هەموو ئەم وشانەی پیتی ( (گ) ) یان تێدایە دەکرێن بە ( (غ) ) یان بە ( (ج) ) وەکوو سونگور کە ناوی سوڵتانێکی سەلجوقیە کراوە بە ( (سنجر) ) یاخود گورگانی کراوە بە ( (جورجانی) ) ئەمە بۆ پیتەکانی (پ، چ، ڤ) بە هەمان شێوە لە کاتی وەرگێڕاندا گۆڕانکاری بەسەر دادێت.
(1، 2) د.عصام محەمەد شبارو: السلاطین فی المشرق العربی ومعالم دورهم السیاسی والحضاری) (السلاجفة الایوبین) ل 18.
(*) سامانیەکان: میرنشینێکی ئێرانی بووە، لە ناوچەکانی خوراسان و ئەودیو ڕووبار لە ماوەی نێوان 261-389کۆچی /874-999 زایینی فەرمانڕەوایان کردووە، لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسی پاراستنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی جیهانی ئیسلامیان پێ سپاردراوە، لەلایەن نصری کوڕی ئەحمەد دامەزراوە، ناوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە ناوی خانەدانەکانیان بە ناوی سامان خودات کە خەڵکی بەلخ بووە، تەمەنی ئەم میرنشینە لە 125 ساڵ دەوامی کردووە.
(3) د.محەمەد سهیل طقوش: التاریخ الاسلامی الوجیز2 ل191.
د. نیشتمان بەشیر: کورد و سەلجوقیەکان وەرگێڕانی ئیدریس عبدالله ل76.
(4) ج. و د. سووردیل: معجم الاسلام التاریخی ت: أ الحکیم ص505.
(5) شێخ محەمەد خضری بەگ: محاضرات فی تاریخ اڵامم الاسلامیة- الدولة العباسیة ص581.
(6) سەرچاوەی پێشوو ص581.
(7) د.محەمەد سهیل طقوس: التاریخ الاسلامی الوجیز ص192.
(8) د.عبدالنعیم محەمەد حسین: ایران والعراق فی العصر السلجوقی ص41.
(9) د.خاشع المعاضیدی و د.رشید الجمیلی، تاریخ الولایات العربیة والاسلامیة فی المشرق والمغرب ص78.
(10) د.نیشتمان بەشیر: کورد و سەلجوقیەکان وەرگێڕانی ئیدریس عبدالله ل 94.
(11) د.عبدالنعیم محەمەد حسین: ایران والعراق فی العصر السلجوقی ص31.
(12) د.عصام محەمەد شبارو: السلاطین فی المشرق العربی ص21.
مەلازگرت یاخود مەلازگرد لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا بە چەند شێوازێک ئەم ناوە هاتووە وەکوو منازجرد، ملازجرد ناوی (شارێکە لە باکووری کوردستان) نزیک دەریاچەی وان.
د.عصام محەمەد شبارو: السلاطین فی المشرق العربی ص 25-54
الحسینی : اخبار الامراء والملوک السلجوقیة ص52-55
شێخ محەمەد خضری بەگ: محاضرات فی تاریخ اڵامم الاسلامیة- الدولە العباسیة ص589
محەمەد سهیل طقوش: التاریخ الاسلامی الوجیز ص190 و د.محەمەد فؤاد کوپریلی، قیام الدولة العثمانیة ت: د.احمد السعید سلیمان ص 12
د. نیشتمان بەشیر: کورد و سەلجوقیەکان وەرگێڕانی ئیدریس عبدالله ل 281
د. نیشتمان بەشیر: کورد و سەلجوقیەکان وەرگێڕانی ئیدریس عبدالله ل 318.
سەرچاوەکان:
1- صدرالدین علی بن أبى الفوارس ناصر الحسینی أاخبار الدولة السلجوقیة، دار الوراق للنشر، بیروت، 2017.
2- الامام عمادالدین اڵاصفهانی، تاریخ دولة السلجوق، دار الافاق الجدیدة ط2، بیروت 1980.
3- نضام الملک الطوسی، ت: د. یوسف بکار، سیر الملوک (سیاستنامة) ، دار المناصل بیروت 2007.
4- ئامادا ڕابیس . ت، لطفی الخوری، السلاجقة، بغداد، 1968.
5- د. عصام محەمەد شبارو. السلاطین فی المشرق الغربی (السلاجیقة والایوبیون) دار النهضة- بیروت.
6- صدرالدین علی بن ناصر الحسینی، تحقیق، د. محەمەد نوورالدین ذوبدة التواریخ (أخبار الامراء والملوک السلجوقیة) ، دار امراء بیروت 1986.
7- د. خاشع المعاضیدی و د. ڕشید الجمیلی، تاریخ الدویلات العربیة والإسلامیة فی المشرق والمغرب بغداد 1980.
8- د.نیشتمان مشیر محەمەد، کورد و سەلجوقیەکان، د.ادریس عبدالله، دەزگای موکریانی 2006.
9- د. محەمەد سهیل طقوش تاریخ الاسلامی الوجیز دار النفائس بیروت 2006
10- الشیخ محەمەد خضری، محاضرات فی تاریخ الامم الاسلامیة (الدولة العباسیة) تحقیق، عیدة علی کوشک، دار البشائر الاسلامیة ط2 بیروت 2013ط2.
11- محەمەد امین زکی تاریخ دول الامارات الکردیة فی العهد الاسلامی ، ت، محەمەد علی عونی ط2 بغداد 2006.
12- محەمەد امین زکی، خلاصة تاریخ کرد وکردستان، ت، محەمەد علی عونی، بغداد 2005ط2
13- د.فاروق عمر فوزی، الخلافة العباسیة السقوط والإنهیار الجزء الثانی عمان 2003.
14- د.عبدالنعیم محەمەد حسنین، ایران والعراق فی العصر السلجوقی ط2 بیروت 1983.
15- محەمەد فواد کوبریلی، قیام الدولة العثمانیة ، ت، احمد السعید سلیمان، بیروت 1967.[1]