ئەمڕۆ #18-01-2022# لە #پیرمام# لە بارەگای مەکتەبی سیاسی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، #فازڵ میرانی# سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە پەتریارک کاردینال مار لویس ڕۆفائیل ساکۆ و شاندێکی یاوەری کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 18-01-2022، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە پەتریارک کاردینال مار لویس ڕۆفائیل ساکۆ و شاندێکی یاوەری کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا کە #هۆشیار زێباری# و ئازاد بەرواری و ڕێبوار یەڵدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی ئامادەی دیدارەکە بوون، میرانی بەگەرمی بەخێرھاتنی پەتریارک مار لویس و شاندی یاوەری کرد کە پێکھاتبوون لە مەتران مار باسیلیۆس یلدۆ یاریدەدەری پەتریارکی.
فازڵ میرانی، ستایشی ڕۆڵی پەتریارکی لە نیشتمانپەروەری و ڕاگرتنی ھاوسەنگی کرد. دووپاتیشی کردەوە کە سیاسەتی پارتی نەگۆڕە و ھەڵقوڵاوی ئەو خەباتە مێژووییە و کولتوور و ڕێبازی بارزانی نەمرە کە دەیان ساڵە بەردەوامی ھەیە، کە پرەنسیپی ڕۆحی پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی لەنێو پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستانی چەسپاند.
لەلای خۆیەوە جەنابی پەتریارک سوپاسی مەکتەبی سیاسی و فازڵ میرانی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەو ھەردوولا باسیان لە بارودۆخی ئێستای ئێراق و ناوچەکە کرد، بەتایبەتیی ئەو دۆخەی دوای ھەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ھاتۆتە کایەوە و دۆخی کریستیانەکان لە ھەرێمی کوردستان و ئێراق، بەڕێز ساکۆ ستایش و سوپاسی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو پێشوازییە لە کریستیانەکانی ناوەند و خوارووی ئێراق کراوە کە لەبەر ستەم و زۆرداری تیرۆرستان پەنایان ھێناوەتە ھەرێمی کوردستان.
ناوبراو ستایشی ئەو پێشکەوتنەی ھەرێمی کوردستانی کرد کە بەخۆیەوە دەیبینێت لە بواری ئاوەدانی و پێکەوەژیان و ئەمن و ئاساییشەوە و جەختی لە پێویستی یەک دەنگ و یەکڕیزی لایەنی کوردی کرد بەرانبەر لایەنەکانی دیکە لە پڕۆسەی سیاسی لە وڵاتدا بە ئامانجی بنبڕکردنی تیرۆر و کاری تێکدەرانە و ڕزگارکردنی ھەرێم و ئێراق لە ستەم و زۆرداری و گەندەڵی. [1]