پڕم لە موسافیر و تۆم فڕێدا
(1)
لەچکەکانم حەوسەڵەیان چوو
کچبوونم لە کراسێکدا،
بە قاچی شەقامێکەوە درێژ دەڕوا..
(بایەک ) پێم فێربووە ،
کراسم دەنوقێنێ
کچبوونم چاوشارکێ!
(2)
چەند دێڕکم مابوو بگەمە تۆ،
چەند وشەیەک فوو لە باڵیان کرا
چەند پەنجەرەیەک لەمندا نووسین
کۆتا جار عیشق لە،
پێخەفی زمانا پووچگەرا !
(3)
ڕۆشتن لە پرچەکاندا جادە،
پێڵاوەکان لە هەنسکی پێیەکاندا برین،
ئەم دڵتەنگییە دەڕواتە کوێ؟
لەسەفەری چوارشەمەیەکدا،
ژنبوونم پڕ لە موسافیر و
تۆم فڕێدا..
(4)
تا چاوەڕوانی خەیاڵدان نەخۆش..
چوومەتە ئاوێنەیەکەوە سارد،
تۆ زستانترین فەرهەنگ،
کە گەرما گەشتە فەنا،
تۆ بوون لەمندا ون !
(5)
ڕژاوەتە من حەوشەی،
تەقەتەقی کەوشەکانت،
گسکێک بانگم دەکا،
گەڵا تا پاییز
دووری تا کەوشەکانت،
گسکێک لە تۆدا مردن!
(6)
دڵەڕاوکێکان چوونەتە پەنجەی نەزۆک،
یەقین چەقیوتە لێژیی
تا ڕکاتی گریان،
قفڵێک لەنوێژدا واژۆی دەرگا،
تۆ هێشتا موسافیری لە جانتا!
(7)
لەگەڵ ئەزمونێکدا ڕۆشتم..
دیوار تاهێزی تیابوو،
چووە لوتکەی هەڵچنین..
تا سواڵی ئومێد،
گیرفانەکانم گرینۆک،
دابەزین لەژیاندا تا کۆتایی تۆ،
وێستگەی قەفەسێکە جریوەترین..
فڕێدانی تۆ ئەزمونێکە لە منا !
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]