تەخمیسی غەزەلی #بێخود#
بە ئینعامی تکا ئاواتە خوازم یا رسول الله
خەسارەت مەند و سەرتا پا نیازم یا رسول الله
غولامم گەر حەقیقەت گەر مەجازم یا رسول الله
ئەگەر شاهم ئەگەر شاهێن و بازم یا رسول الله
وەتەن ئاوارە و هێلانەوازم یا رسول الله
لە تەوسیفی گوڵی باغی کەماڵت بولبولی ڵاڵم
فیدای خاکی بەری پێی خادیمانت بێ سەر و ماڵم
لە ڕووی میسکیننەوازیی گەر بفەرمووی چۆنە ئەحواڵم
بە ڕۆژ پەروانەیێکی دڵ شکاو و بێ پەڕ و باڵم
بە شەو شەمعێکی پڕ سۆز و گودازم یا رسول الله
چرای دینی موبین ڕۆشن لە زاتی تۆوەیە قوربان
شەوی ئەسرا لە وێنەی موعجیزاتی تۆوەیە قوربان
سەفای جەننەت بە هۆی نووری سیفاتی تۆوەیە قوربان
لە تیغی قەهر و ڕوتبەی ئیلتیفاتی تۆوەیە قوربان
ئەگەر گەردن کەجم گەر سەرفەرازم یا رسول الله
پەناهم هێنا بە قاپی ڕەحمەتت ئەی خاوەنی ئیعجاز
کە تەنیا تۆی بە ڕوتبەی «رحمته للعالمين» مومتاز
بە ئاوڕدانەوێکی مەیلی تۆ دێنم لە دنیا واز
بە ڕووچەرخاندنێکی ڕووت لە عالەم کەوتووم بێ ناز
بە لوتفێکت لە عالەم سەرفەرازم یا رسول الله
شنەی بای خاک و خۆڵی دەرک و بانت عەنبەری خاون
لە بۆ دینی حەقیقەت تۆزی سۆلی پێت کلی چاون
ئەگەر ڕوحمێ نەفەرمووی نەفس و شەیتان دانەو و داون
لە تێکۆشانی ڕزگاریی منی ئاوارەدا ماون
هەموو باپیرەکانی دڵنەوازم یا رسول الله
ڕەزام گەر تەخت و سێدارەم بفەرمووی چونکە هەر خۆتی
ئەگەر بەندیی گەر ئاوارەم بفەرمووی چونکە هەر خۆتی
بەڵام لوتفێکی جارجارەم بفەرمووی چونکە هەر خۆتی
ئیتر هەر خۆت دەبێ چارەم بفەرمووی چونکە هەر خۆتی
تکاکارم، موعینم، چارەسازم یا رسول الله
بسووتێ پەڕ و باڵم با نەڵێن پەروانە بێ شەم ما
غەریبی دووروڵاتی خێڵی تۆ بێ یار و هەمدەم ما
لە تیری دوژمنان باکم نیە تانەی ئەو و ئەم ما
دەزانم خۆ خیلافی ئەمری تۆم زۆر کردووە ئەمما
کوڕی خۆتم بە لوتفی تۆ دەزانم یا رسول الله
لە بەحری مەعسیەت کەوتوومە گێژی جەهل و نادانی
بە هاوارم بگەی تۆ بی و سیفاتی زاتی یەزدانی
خەلاسم کەی لە چنگی مەکر و حیلەی نەفسی شەیتانی
نەجاتم گەر بدەی ڕوو بۆ تەوافت حازرم یانی
بە کەعبەی ڕووت ڕووە خاکی حیجازم یا رسول الله
لە تەخمیسی موناجاتی «مەلیک» دا خۆم لەبیرچۆوە
بەیانی تیشکی نووری ڕۆژی ڕووتم دی لە ئاسۆوە
کەچی دیتم «حەقیقی» شەرمەسارم دەس بە ئەژنۆوە
غولامێکم ئەوا خۆم خستە قاپی غیرەتی تۆوە
بە ناو «مەحموود»م ئەمما هەر «ئەیاز»م یا رسول الله
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]