تەخمیسی غەزەلی #سالم#
«تعالي الله» کە دوێشەو چاوی فیکرم چەندە دوربین بوو
لە سەر سەفحەی جەماڵت کاشفی تاها و یاسین بوو
خەیاڵی هەر لە سەر تەفسیری سەرو و سێوی سیمین بوو
هەموو ئەشعاری دۆشینم لە وەسفی لێوی نۆشین بوو
دەچەسپا لێو بە سەر لێودا حیکایەت بەس کە شیرین بوو
لە وێنەی ڕوومەتی سێوت لە نێو باغان دەپشکوون گوڵ
لە قاقای پێکەنین و ڕەوتی تۆ کەو مات و ئاهوو سڵ
لە بەر خونچەی نەپشکووتووی دەمت حەیران دەبێ بوڵبوڵ
گران موهری دەهانی تۆ بڕی بەندی تەرازووی دڵ
دەڵێن یەک نوقتە وەزنی هیچە بۆ ئەم نوقتە سەنگین بوو
بە شیوەن دێ بە شیوان دالە شوێنی خەیمە و خەیلی
دەبن خاری موغیلان شین بە فرمێسکی وەکوو سەیلی
دڵێ کاسەی گەدایی بۆ شکاندم گەر نەبوو مەیلی
مەڵێ مەجنوون شکا شانی لە بۆسینی سەگی لەیلی
لە لای عاشق خیلافی عاقڵی ئەم هەتکە تەمکین بوو
شنەی توڕڕەی عەبیرت ڕەشکی میشکی چین و تاتارە
نیگای چاوی خومارت تورکی مەست و شۆخ و عەییارە
سکوونی گیان لە پێچی پەرچەما بۆ وەسڵی دیدارە
عبووری دڵ بە چینی زولفتا بۆ ماچی ڕوخسارە
قەلەندەر ڕاستە بۆ چین چوو وەلی مەیلی بە ماچین بوو
فیدای باڵای نەمامت بم کە خوێنی تورک و تاجیکە
حەڵاڵت بێ ئەگەر خوێنم بڕێژی چی دەکەی بیکە
بەڵام سوێندت دەدەم بەو چاوە مەستە و لێوە باریکە
لە کوڵمەت هەرچی خارج بوو سەری ئەگریجە قەیچی کە
بڵێن با سەر بڕینی خاریجی بۆ ڕەونەقی دین بوو
گوڵی یا شەم کە وەک یەک بولبەل و پەروانە شەیداتن؟
بریندارن بە تیرت هەر دوو موحتاجی موداواتن
لە ئەسراری تەبابەت عارف و عامی هەموو ماتن
قەراری عاشق و قانوونی حیکمەت زیددی یەک هاتن
کە تەسکینی برینی دڵ لە نەفخەی زولفی میشکین بوو
«حەقیقی» ئەو بوتەی وا ڕووی وەکوو ئاوێنە دەنوێنێ
خەراجی چاوی مەخمووری لە نووری دیدە دەستێنێ
سەری تەسلیمە بۆ تۆش گیان سپاردن چارە نامێنێ
بە ئیمای دیدەیی مەعشووقە عاشق کێو لە بن دێنێ
لە لای «سالم» کەنەندەی بێستوون ئەبرۆیی شیرین بوو
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]