تەم ڕەوێن
کورتە چیرۆکی بەسەرهاتی ژیان
چاری ناکا دەفتەری حەفتا مەنی
من گوتم حەوسەد مەنی پێ ڕا دەگا
ئەو سەری لێ ڕاوەشاندم پێکەنی
بەرهەمت چی بێ لە شیناوەردی ژین
کاتی شین بابردەڵەی بەر با و شەنی
ویشکەڵی تاوسووتە، شەمچێکی بەسە
کۆنە کۆخێکی بە چرپیمان تەنی
لای من و تۆ رایجە دنیا، دەنا...
ڕایجێکی نایەنێ دنیای دەنی
غەیری مەڵبەندی ژیانم چونکە ئەو
وەک بەهەشتە دەشت و کێو و بەندەنی
«تحتها الانهار»ە جۆبار و چەمی
ڕەوزەیی ڕزوانە باغ و چیمەنی
کاتی خەرمانی گوڵانی کێو و کەژ
بەرز و نزم و شیو و دۆڵ و چڕگەنی
نەخشی بێ پەڕگاری سەر سینەی زەوین
موستەقیم و موستەتیل و مونحەنی
وردە ئەڵماسی پڕیشکی قەڵپەزەی
ئاوی هەڵدێران کەژی کردن خەنی
سوورە لەم مەستوورەیە باغی ئیرەم
کوا خەوەرنەق کۆخی ئەفگەن ئەفگەنی
ئەی گوڵی ئاواتم ئەی سروەی ئومێد
بۆنی تۆ دێ بۆیە بولبول ڕاچەنی
گەرچی نەوبووکی بەهاری نیشتمان
دڵڕفێنە بەژن و باڵا و دیمەنی
تۆی لەسەر چاوی خەواڵوو تەم ڕەوێن
تۆ لە قووڵایی دڵان خەم هەڵکەنی
خەمڕەوێنی گیانەکەم زوو زوو وەرە
وا «حەقیقی» چاوەڕێتە ئەزبەنی
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]