دایک
دایە ئەی ڕووحی ڕەوانم بە فیدات
ئەی سەر و ماڵ و گیانم بە فیدات
تۆ فریشتەی، مەلەکی، ئینسانی
یا پەریزادەی و خۆت نازانی؟
شەرتە کردووتە بە ڕۆژ و بە شەوم؟
باسی سەربێ نەخەوی تا نەخەوم؟
تا دەجووڵێمەوە هێند بێ هەستی
لە خەوێ ڕادەپەڕی هەڵدەستی
مەم بە دەستێک و دەسی تر بێشک
نیتە بۆو بێشکەیە نۆبە و کێشک
ڕامدەژێنی بە هەوای بەندی دڵت
بۆ نەخەوتنمە دڵی پڕ لە کوڵت
بە فرۆشتن بێ ئەگەر ئاوی ژیان
بۆمی دەکڕی بە دووسەد ڕووح و گیان
دایە ئەو دەنگ و هەوای لای لایە
هەوەڵین دەنگە لە دنیا دایە
جا لەبەر خاتری تۆیە مانم
بە فیدات بێ سەر و ماڵ و گیانم
***
مەزمەزەی ئاوی حەیاتە مەمەکەی
دەمی عیسای مەسیحە دەمەکەی
مەمکی پڕ شیر و دڵی پڕ شەفەقەت
خوای مەزن خەڵقی نەکرد ئی وا قەت
تا دەچم بۆ دەر و تا دێمەوە ژوور
ڕووحی بەدوامەوە دێ دوورادوور
چاوی دەیگوت گلەیی کردووە لێم
بۆ لە من خافڵە کاتێ دەگلێم
نرخی دنیا بە چڵی مووی دایە
دڵی من بەستەیە بەو هەودایە
با قەزای ویم وە دڵ و جەرگی کەوێ
گش کەسم مەرگی وەپێش مەرگی کەوێ
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]