هەرەوەز
گزیر دەنگی دێ لە نێو ئاوایی
دەڵێ وەکۆ بن ئامپا و ڕەشایی
بۆ دروێنەی جۆ وەرنە هەرەوەز
بۆتان سەردەبڕم گیسکێکی مەرەز
بڕۆن شەوەکی پێش گورگ و مێشان
ماڵ و پیاو و کەر بۆ کڵۆش کێشان
لەگەڵ خۆ بێنن هەمبانە نانێ
بەرە مەشکەی ڕۆن بۆ چەورەسانێ
گۆڵاوێ بگرن بۆ باقەبێنێ
چاکی بشێلن با نەیدەڵێنێ
قازانجی زۆرە تووتن چەقاندن
نان لە دێمیدا و دێمی لە چاندن
شەوی بمێنێ بچنە نۆک ڕنین
ئامان و ئەستی و خەج و خاتووزین
چیمان هەڵکەنن بۆ بەر ئەستێران
چی مان لە خەڵکی چوونە ئەستێران
«یای ترشکوا» یا «ئاڕمستڕانگ»
بە تۆ و بە من چی چوونە کورەی مانگ؟
بە ئاڕمستڕانگ یا بە گاگارین
دڵوو خۆش مەکەن هەر دوو وەک مارین
مسیۆ خەریکی کەشفی ئەتۆمە
تۆ بمری ناڵێ من خەمی تۆمە
ورگی مستێڕی پڕ بێ لە ویسکی
خەڵکی بیافرا قڕ بێ بەسیکی
مەی بێ لەجێی «ما» با دەریای «مانش»
خەڵک لە تینوان دەخنکێن جا چش
ئەگەر بمدەنێ کالیفۆڕنیا
نامەوێ ناچم بۆ ینگی دنیا
وڵاتی کوردی دەڵێی بەهەشتە
چەمە، چیایە، باغاتە، دەشتە
قەدی کێوانی جەنگەڵی جوانی
وەک پەری دەچێ و پرچی پەخشانی
ئاوی هەڵدێری، دەشتی زەنوێری
دڵان ئاو دەدا، گوڵان دەدێری
لەبەر دەنگی نەی قاسپەی خاسەکەو
نە دێتە دڵ خەم، نە دێتە چەم خەو
بەهارە دیسان گەشن کەژ و کێو
بە ڕەنگی ئەلوان کەل و پەل و چێو
لەسەر چڵی گوڵ چڵووکی دارێ
لەباتی شەونم عەتر دەبارێ
قاز و قورینگان دێن بە قەتارە
مزگێنی دێنن فەسڵی بەهارە
کۆترە باریکە شای تەقڵە بازان
قاسپەی خاسەکەو لە چیا و ڕازان
دێنە هەڵپەڕکێ کیژان و لاوان
وێنەی هەڵدەگرن کانی و گۆلاوان
کابان ساز دەبن دەچن بۆ هەوار
بە جێم نەهێڵێ هەوارچی هاوار
حۆری بەهەشتن دەچن بۆ خێڵی
هاوار هەوارچی بە جێم نەهێڵی
دەچن بۆ کوێستان باڵانەمامان
مردم نەما مان بۆ مەم شەمامان
سێوە بەهێیە هەنارە هەرمێ
قۆڕغن لە پیران چۆن دەستی بەرمێ؟
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]