ئەم و ئەو
ڕایەک پرسی ڕۆژێکی لە من
کام شاعیرترن هەژار و هێمن؟
گوتم «اعوذ» لە شەڕڕی وەسواس
هەر دوو یەکێکن لە لای کاکەباس
هەر دوو ئەنگێوەن لە یەک هەدەفدا
هەر دوو وەک دوڕن لە یەک سەدەفدا
هەر دوو مامۆستای لۆمە لەوانن
لە بەحری تانان وەک مەلەوانن
ئەو وەردەگێڕێ واژەی جزیری
ئەم نەقڵان دەکا لە شکسپیری
بۆ کوردوستانی ئەو بێ وێنەیە
تاریک و ڕوونی ئەم ئاوێنەیە
ئەوین بەزێنە بەیتی مەم و زێن
لای هەواری ئەم لەیل و مەجرووم کێن
خەییامی کوردی چەنگی لە دڵ دا
ناڵەی جودایی گڕی بە کڵ دا
لە کوێستانی ئەو گوڵان بە بۆ کە
سەمەن وەکۆ کە لەو پاشەرۆکە
خولاسەی کەلام ئەوان برامن
ناکەم فەڕقیان بە موو، برا، من
منیش چاوێکم لە دیتن وێستا
هەر دوو بە چاوێک دەبینم ئێستا
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]