ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە #04-02-2024# بەڕێز #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خاتوو ئانو سارێلا باڵیۆزى فینلەندا لە ئێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا جەختیان لە خواستى دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنى هاریکاریى هاوبەشى فینلەندا لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاکاندا کردەوە، هەروەها دەربارەى دۆخى سیاسى و ئەمنیى ئێراق و گرنگیى پاراستنى ئارامى و سەقامگیریى وڵات، بیروڕایان گۆڕییەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ بەشداریى فینلەندا لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى #داعش#دا دەربڕى و ستایشى پشتگیریى فینلەنداى لە ئێراق و هەرێمى کوردستان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، هەروەها ئاماژەى بە ڕۆڵى هێزەکانى فینلەدا کرد کە هێشتا لە هەرێمى کوردستان، لە ئەرکدان.
کاریگەرى و لێکەوتەکانى شەڕ لە ئۆکراینا و دوایین پێشهاتەکانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شەڕ لە غەززە و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو. [1]