کەی کۆمەڵە لە شاری خانەقی/#خانەقین# درووستکرا؟
#کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان#، کە پێشتر ناوی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستان (کملک) بوو، پێش 1971 بە فەرمی هیچ کۆمیتە و شانەیەکی لە شاری خانەقی نەبووە. تەنانەت شانەی ڕۆشنبیریشی لێ نەبووە. لەناو گەنجەکاندا چالاکی و جموجوڵی ڕۆشنبیری، چەپ ئامێز هەستی پێ دەکرا، بەڵام ڕێکخستن و کاری ڕێکخراوەیی سەلماندی بۆ من ئاسان نییە. پاژێک لەو کەسانە لەناو یەکێتی لاوان و یەکێتی قوتابییانی کوردستاندا دەجووڵانەوە. بەڵام بەنهێنی کۆمیتە و شانەی کۆمەڵە، ساڵێک دواتر درووستکراوە.
ڕۆژی #10-06-1970# لە #بەغدا#ی پایتەخت، کۆمەڵە درووست بوو. ئەمە ناوی دەستەی دامەزرێنەرەکەیەتی (#جەلال تاڵەبانی#، #شەهاب نوری ساڵح#، #فوئاد قەرەداغی#، #فازیل مەلا مەحمود مەلا ڕەسوڵ#، #فەرەیدون عەبدولقادر#، دلێر سدیق) .
مام جەلال پەیوەندی کۆنی لایەنی کەم، لەگەڵ چوار کەس دەبێت لە کادر و ئەندامە پێشکەوتووەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی، کە ئەم کەسایەتییانە بوون (نەسرەدین ڕۆژبەیانی، دارای مەلا عەبدوڵڵا، نەریمان دەربەندفەقەرەیی، سەلاح حەسەن خەسرەو) ئەم چوارە: نەریمان ئێستا لە ڤینایە، مامۆستا سەڵاح لە هۆڵندا و #هەولێر#ە، نەسرەدین ڕۆژبەیانی و دارای مەلا عەبدوڵڵا لە #کەلار#ن.
1- نەسرەدین ڕۆژبەیانی: لە شەستەکانی سەدەی پێشوو دا پێشمەرگە و کادر بوو. ئەو پێش 1969 لێپرسراوی ناوچەی خانەقی بوو. ساڵی 1970 لە بەغدا دەژیا و لە یەکەم ئەڵقەی ڕۆشنبیری بەشدار بووە. ساڵی 1971 بۆ خانەقی وەکوو ئەندام ناوچەی پارتی گەڕایەوە: یەکەم دەستەی ڕێکخستنی کۆمەڵەش بوو.
2- نەریمان دەربەندفەقەرەیی: کادر و پێشمەرگەی پارتی بوو. ساڵی 1969 کۆلێجی (ئیدارە و ئیقتیساد) ی زانکۆی بەغدای تەواوکردووە. ساڵی 1971 وەکوو بەڕێوەبەری دائیرەی ئامار (احصاء) ی خانەقی دەست بە کار بوو. پەیوەندی کۆنی لەگەڵ مام جەلال دا هەبووە. لە زانکۆش زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵەی ناسیوە. نەریمان ئۆتۆمۆبێلەکەی دائیرەی ئامار (احصاء) بۆ هێنانی نامە و بڵاوکراوە لە بەغداوە بۆ خانەقی بەکاردەهێنێت.
3- دارای مەلا عەبدوڵڵا: پێشمەرگە و کادری پارتی. پیشە: فیتەر . پاش بەیانی 11ی ئازاری 1970 (#11-03-1970#) کرایە لێپرسراوی ناوچەی خانەقی باڵی مەکتەبی سیاسی. کۆبوونەوەکان لە ماڵی ئەوان دەکران. ساڵی 1971 بە ئەندامی ناوچەی خانەقی دانرا. ئەم لە بەغدا وەکوو کۆمەڵە پەیوەندی بە مام جەلالەوە کردووە و پێش سەفەری مام جەلال بۆ لوبنان لە چۆمان سەردانی مام جەلال دەکات. مام جەلال بەڕوونی پێیدەڵێت: من لێرە نامێنمەوە بۆ دەرەوەی وڵات دەڕۆم.
4- سەڵاح حەسەن خەسرەو: مامۆستای وەرزش و ئەندامی ناوچەی خانەقی، باڵی مەکتەبی سیاسی بوو. ئەمیش ساڵی 1970 هەر لە بەغدا پەیوەندی بە مام جەلالەوە هەبوو. نەسرەدین ڕۆژبەیانی ساڵی 1972 بۆ ناوچەی پێنجوێنی پارتی دەگوازرێتەوە. نەسرەدین بە مامۆستا سەڵاح دەڵێت: لەمەودوا پەیوەندی بە کاک شیهابەوە بکە. ئەمیش دەڵێت: کاک شیهاب چۆن بدۆزمەوە؟ نەسرەدین دەڵێت: بڕۆ بۆ دائیرەی (انحصار التبغ) لای (ساحة الطيران) وێنەی جۆرج حەبەشت بینیوە، ئەوە خۆیەتی! مامۆستا سەڵاح کاک شیهاب بە ئاسانی دەناسێتەوە. پاش ئەو یەکتری بینینە کاک شیهاب سەردانی شاری خانەقی دەکات و لەوێ مامۆستا سەڵاح و نەریمان دەبینێت. ئەو پێیان دەڵێت: لەم قۆناخەدا شانە درووست مەکەن. پەیوەندی بە تاکەکەسەوە بکەن ....تاد.
هەر ئەو کاتە ژمارەیەک خوێندکاری خانەقی لە زانکۆکانی بەغدا بوون وەکوو (جەبار فەرمان، ئیبراهیم حسێن ، ....) پەیوەندیان بە ڕێکخستنی بەغداوە هەبوو.
هیوادارم ئەندامانی کۆمەڵە لە شار و شاروچکەکانی تری کوردستان، بە کوورتی مێژووی دامەزراندنی کۆمیتە و شانە و ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان بنووسنەوە. چونکە پاش چەند ساڵێکی تر ڕەنگە نووسینەوەی ئەو مێژووە ئاسان نەبێت.
مامۆستا جەعفەر/ #فازیل کەریم ئەحمەد#
* زانیاریەکان لە ڕێگەی گفتۆگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ مامۆستا سەلاح ، نەریمان ، نەسرەدین و داراوە وەرگیراوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە!=KTML_End=