خنکاندنی #سلێمانی# .
خالید سلێمان
یەکێک لە خەسڵەتە هەرە جوانەکانی شاری سلێمانی، هەڵکەوتە جوگرافیی و سرووشتییەکەیەتی. بەبێ #شاخی ئەزمەڕ# ، #گۆیژە# ، #پیرەمەگروون# و #قەرەداغ# ، هیچ تایبەتمەندییەکی نامێنێت، بەتایبەتیی گۆیژەو ئەزمەڕ کە لە ڕووی سرووشتی و ژینگەییەوە، پارێزەری شارەکەن.
لەوانەیە کەسانێک هەبن و بڵێن ئەم دوو چیا ڕووتەڵە کە ژمارەیەک داریان پێوەیە، بەکەڵکی چی دێن و بۆ نەکرێنە ڤیلا و باڵەخانە؟ هەڵبەتە ئێستا ئەم پرسیارە لە پرسیاردا نەماوە، گۆیژەو ئەزمەڕ کە بە ملیارەها ساڵ درووست بوون، کەوتوونەتە بەردەم ڕەحمی شۆفەڵ و حەفارەی کۆمپانیان.
لە هەموو لایەکەوە چاویان تێ بڕێندراوەو بەبێ هیچ حیسابێک بۆ شار ودانیشتووانەکەی دەستی چیمەنتۆ ئاسا خراوەتە هەناوی هەردوو چیاکە. لە ڕووی پێکهاتەی سرووشتییەوە، بناری ئەزمەڕ و گۆیژە تێکدراوەو لە داهاتوودا کاریگەریی ئەم تێکدانە، ژینگەی شار وناوچەکە بەرەو وێران بوون دەبات.
یەکەم: خاکی ئەم بنارە سەختەی چیا، عەمبارێکی سرووشتیی گەورەیە بۆ هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربوون، هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی هەمە-جۆریی ڕووەک و وردیلەکانی خاکە. کاتێکیش ئەم ناوچە سرووشتییە دەگۆڕن بۆ باڵەخانە و کۆنرێت، لە بری هەڵمژینی کاربۆن و گەرمیی، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بەخشینی گەرما. ئەمە جگە لەوەی ئەم پرۆژانە بەشێوەیەکی زەبەلاح پێویستیان بە وزە و ئاو هەیە، ئەویش لەسەر حیسابی دانیشتووان و لێرەوە ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی زیاتر دەبێت لەوەی هەیە.
دووەم: چیاکان تەنانەت ئەگەر بەردەوام سەوزیش نەبن، سەرچاوەی گلدانەوەی شێی هەورەکانن. کاتێک هەوری شێدار یان بارگاویی ڕووبەڕووی چیاکان دەبێتەوە، پێش بەرزبوونەوە و تێپەڕبوون، بارەکەی دادەگرێت. بەم شێوەیە چیاکان دەبنە هۆی دابارین. کاتێک پارچەی زەبەلاحی چیمەنتۆو ئاسن، جێگەی خاکەکە دەگرنەوە، لەبری هەوایەکی سرووشتیی، خانوبەرەو باڵەخانەو پارەچە زەبەلاحەکانی کۆنرێت، تەوژمێکی گەرم دەر دەدەن و خەسڵەتی ڕەوتەکانی هەوا دەگۆڕن.
سێیەم: چیاکان سەرچاوەی ڕەوتی بای جیاجیان و ڕۆڵیان هەیە لە هەمەجۆری و گۆڕینی ئاوهەوادا. گۆڕینیان دەبێتە هۆکاری گۆڕان لە ئاوهەوادا.
چوارەم: چیاکان خەسڵەتی جوانتر دەبەخشنە دەوربەریان، دەشتاییەکانی نزیک چیاکان وەک هەمان ئەو دەشتایانە نابینرێن کە لە بیاباندا هەن. کاتێک باڵەخانە جێگەی چیا دەگرێتەوە، شار دەبێتە بیابان.
پێنجەم: جگە لەژێرخانی باش و بەهێز، یەکێک لە میکانیزمە بەهێزەکانی شار لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا، نزیکردنەوەیەتی لە سیستمی سرووشتیی. بۆ نموونە درووستکردنی ڕووبەری تایبەتە بۆ هەمە-جۆریی (بەتایبەتیی هەڵگر و گواستەوەرەکانی هەڵاڵە، وەک باڵندە و مێروو). درووستکردنی ڕووبەری تایبەت بۆ سیستمی ژینگەیی لەناو شاردا، بە یەکێک لە خەسڵەتەکانی شاری زیرەک دادەنرێت لە پلانی درێژخایەندا. بەڵام لە سلێمانیدا، بەپێچەوانی ئەم سیاسەتە ژینگەییەوە، کۆمپانیاکانی نیشتەجێبوون، دیواری کۆنکرێت بەچواردەوری سییەکانی شاردا درووست دەکەن.
جێگەی ئەسەف و داخێکی گەورەیە، لەبری ئەوەی پەرە بەو خەسڵەتە سرووشتیانە بدرێت و بپارێزرێن، ئەمڕۆ چەند کۆمپانیایەک بێ ڕەحمانە بەربوونەتە گیانی سرووشتی سلێمانی و تێکدانی زنجیرە چیایەک کە تەمەنی لەگەڵ تەمەنی زەویدایە. بەڕاستی ئیتر، سلێمانی نە خاکی گەوهەرە و نە ئاوی کەوسەرە، تەنانەت سرووشتەکەشی کەوتووەتە ژێڕ هەڕەشەی نەمان و لەناوچونەوە.
$دوو پرسیار:$
یەکەم: باشە ئەم ڕووبەرە سرووشتییانە موڵکی گشتین و بەشێکن لە سیستمی هەناسەدان و تەندرووستی خەڵک، ئەوە چی یاسایەکە دەیانبەخشێتە کۆمپانیاکان؟
دووەم: قەیرانی نیشتەجێبوون لە ئارادا نیەو ئەمڕۆ بازاڕی کرێ و کڕین و فرۆشتن لە سلێمانی و کوردستاندا لەوپەڕی هەرزانیدایە، ئەم چیایە لەپێناو چیدا دەبڕن و دەیکەنە شوقەو ڤیلا؟..
[1]