ناونیشانی بابەت: سترانی فۆلکلۆر لە یادەوەریی کورداندا
نووسەر: ئێلان محەمەد
لەنێو فۆلکلۆر، فەرهەنگ و نەتەوەناسیی کورداندا، سەدان کەرەستە و گەنجینەی بە خێر و بە بەرەکەت چاوەڕێی کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەن. یەکێک لەو ژانرانەی کە بە زۆری بەکار هێنراون و بەناوبانگن، سترانی (گۆرانی) فۆلکلۆرن کە کوردان بە درێژاییی هەزاران ساڵە هەست، ئازار، تووڕەیی، خۆشی و دڵخۆشیی خۆیان پێ دەربڕیوە.
لە ئەدەبی کوردیدا وشەی ستران لە سترین وەرگیراوە. سترین بە وتنی بە ڕیتم و سەلیقە و مەقام دەوترێت. هەروەها کاتێک دەڵێین ستران، مانای ئەوەیە کە هەموو بەشە مۆسیقییەکان لەخۆ دەگرێت، وەک: لاوژە، لاوک، شەشبەندی، نارینک، سەرێ زاڤا، مەقام، کلام، پەستە، حەیرانۆک، پاییزۆک، بەریتە، دیلۆک، دوورک، زێمار، لایلایێ، سەریلێک، دەلێل، مەدیهە و قەولێرک و هتد.. هەر جۆرێک لەو سترانانە کە مانای سترانی فۆلکلۆری دەدات، ڕەنگە لە هەموو ناوچەیەکی کورداندا بە شێوەیەکی جیاواز یان بە شێوەیەکی تایبەت بوترێنەوە.
بەپێی بۆچوونی زۆرینە لە بواری ئەدەبیدا، لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە، بۆ یەکەمجار ئەدەب بە هۆنراوە دەستی پێ کردووە، واتە یەکەمین بەرهەمی ئەدەبی هۆنراوەیە. ئێستا لەنێو کورداندا، هەزاران ساڵە زۆر بەیتی هۆنراوە، نەوە بۆ نەوە لە زاری شاعیران و سترانبێژانەوە گوازراوەتەوە بۆ ئەمڕۆ. هەڵبەت ئەمانە بە فۆڕمی ئاپیک و لیریکی سترانی و هەروەها بە فۆرمی هۆنراوەی ئایینی و مەزهەبی وەک ئێزدی، عەلەوی، یارسان و ئەهلی حەق و هتد.. دەوترێنەوە.
پاراستنی سترانە فۆلکلۆرییە کوردییەکان بە واتای پاراستنی فەرهەنگ، ئەدەب و بوونی گەلی کوردە. کاتێک مرۆڤ گوێ لە گۆرانیی کوردی دەگرێت، بەوردی و بەجوانی تێدەگات کە وشەی ئەو سترانانە تەنیا بۆ خۆشیی گوێگر نین، بەڵکوو وشەکانی ئەو سترانانە باس لە سەرچاوە، زمان، مێژوو، کولتوور و بوونی گەلی کورد دەکەن و دەکرێت توێژینەوەی زانستییان لەسەر بکرێت.
=KTML_Bold=تایبەتمەندیی سترانی فۆلکلۆری کوردی=KTML_End=
وشە، قاڵب و وتنیان کەم، سادە و سووکن.
لە سترانی کوردیدا کێش (وەزن) و سەروا (قافیە)ی هەیە. کێش سیستەمی بەڕیتیمکردن و یەکخستنی وشەکانە.
لە سترانی کوردیدا کلیل هەیە کە پێی دەوترێت کلیلی کردنەوەی سترانەکە. ئەمە لە زمانی مۆسیقاشدا هەیە. کلیلی یەکەم لە هەر ڕیزێکدا دووبارە دەبێتەوە.
ناوەرۆکەکەی بەپێی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینی دەتوانێت بگۆڕدرێت.
=KTML_Bold=ناوەرۆکی سترانی فۆلکلۆری کوردی=KTML_End=
ستران، دیمەن و جەوهەری خاوەن کولتوورەکەی ئاشکرا دەکات، تەنیا لە ڕێگەی سترانەوە مرۆڤ دەتوانێت کولتوور و ناوەرۆکی گەلێک بناسێت. کاتێک لە ئەم دیمەنە کە باسمان لێوە کرد، دەکۆڵرێتەوە، جەوهەری ئەو گەلە خۆی دەردەخات. بنەما و ڕۆحی سترانی فۆلکلۆریش لە وردەکارییەکانیدا، جوگرافیا و ڕەچەڵەکی کوردستانمان پێ دەناسێنێت، بە ئاسانی دەتوانین شاخ، دەشت، دۆڵ، کانیاو، چەم، دار و گوڵ و هەموو جۆرە جوانییەکانی کوردستان ببینین. ژیانی ڕۆژانە، هەستان و دانیشتن، خواردن و خواردنەوە، کاری بەیانی هەتا ئێوارە، لە هاوینەوە هەتا زستان و ژیانی گوندی لە کوردەواری و... هەموویان پێکەوە لە سترانە فۆلکلۆرییەکانی گەلی کورددا دەردەکەون.
سەرچاوەی سەرەکیی فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکی، سترانە. ستران دڵ و ڕۆحی گەلە. مرۆڤ دەتوانێت تەنیا لە ڕێگەی سترانەوە ئیلهام و جوانییەکی زۆر ببینێت و تێیدا نوقم بێت. سترانی کوردی بە شێوەیەکی وەها هۆنراونەتەوە کە خەڵک بتوانن بە زووترین کات لەبەری بکەن و بیڵێنەوە. کوردان هەمیشە بە سترانە فۆلکلۆرییەکانی خۆیان، ئازار و ناخۆشییەکانی خۆیان دەربڕیوە و سەدان ساڵە لە نەوە بۆ نەوە بەردەوام بووە و بووەتە موڵکی گەلی کورد. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەهۆی بێدەسەڵاتیی کوردان بە سەدان سترانی کوردی لەلایەن داگیرکەرانەوە دزراون و کردوویانە بە موڵک و ماڵی خۆیان.[1]