سینا سۆما
سالم #ئەنساریئۆغڵو#، پەڕڵەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵ دەڵێت: پێویستە دەرفەت بە منداڵانی کورد بدرێت کە بە زمانی خۆیان، ئیدی کرمانجی بێت یان زازاکی قسە بکەن و قوتابییانی کوردیش مافی ئەوەیان هەبێت وانەی کوردی بخوێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 06-02- 2024، سالم ئەنساریئۆغڵو، پەڕڵەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵ لە بوولتەنی کاژێر 15:00ی تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیای تۆڕی میدیایی ڕووداو کە لەلایەن هێڤیدار زاناوە پێشکەش دەکرێت، بەشدار بوو و لەبارەی وانەی بژاردەی کوردییەوە ڕایگەیاند، دەبێت لە تورکیا دەرفەت بە قوتابییانی کورد بدرێت وانەی کوردی هەڵبژێرن و بخوێنن.
سالم ئەنساریئۆغڵو وتی، لەسەر داوای خۆی، کاتێک قوتابی بیەوێت فێری کرمانجی یان زازاکی بێت، پێویستە دەرفەتی پێ بدرێت. خۆزگە منداڵانی خێزانە تورکەکانیش فێری کرمانجی و زازاکی دەبوون.
ئەنساریئۆغڵو باسی وتەیەکی سولەیمان دەمیرەل، پەڕڵەمانتار و سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا دەهێنێتەوە و دەڵێت: دەمیرەل پێی گوتووە 15-20 ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین، بۆیە پێویستە خۆی فێری کوردی بکات.
ئەنساریئۆغڵو وتی، خوالێخۆشبوو سولەیمان دەمیرەل، کە پێشتر لە خولێکدا پێکەوە پەڕڵەمانتار بووین، جارێک قسەی کرد و وتی، ئەگەر جارێکی دیکە لەدایک ببم، دەبێت بەر لەوەی فێری ئینگلیزی ببم، فێری کرمانجی ببم. لێم پرسی، بۆچی؟ وتی، لەبەر ئەوەی ئێمە فێری ئینگلیزی دەبین بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی وڵات قسە بکەین و بازرگانی بکەین، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا 15-20 ملیۆن کەس بە کرمانجی قسە دەکەن، دەبێت بەر لە هەموو شتێک فێری زمانیان ببم بۆ ئەوەی بتوانم ڕاوێژیان لەگەڵ بکەم، قسە بکەم لەگەڵیان، با لە یەکدی تێبگەین، ئینجا فێری زمانی دەرەوە ببم.
ئەو پەڕڵەمانتارە کوردەی بازنەی ئیستەنبووڵ پێی وایە، بابەتی وانەی کوردی لە قوتابخانەکان و بەفەرمیکردنی زمان دوو بابەتی جیاوازن و دەڵێت: سەبارەت بە زمانی فەرمی، ئەوە جێگەی مشتومرە و دەبێت لە ڕێگەی پەڕڵەمانەوە بکرێت. ئایا زیانی بۆ دەوڵەت هەیە یان نا؟ ئایا سوودی چییە؟ ئەمە بابەتێکی دیکەیە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا لە پەڕڵەمانی تورکیادا دەتوانن بۆ زمانی کوردی و وانەی بژاردەی کوردی چی بکەن؟ ئەو پەڕڵەمانتارە کوردە بە ڕووداوی گوت، ئەوەی پەیوەندی بە پەڕڵەمانەوە هەیە، من تەنیا پەڕڵەمانتارێکی سەربەخۆم و ئەو هێزەم نییە لە پەڕڵەمان کاری لەسەر بکەم، بەڵام پارتە سیاسییەکان و سەرکردایەتییەکانیان دەتوانن کۆببنەوە و پێکەوە بڕیارێک لەوبارەیەوە بدەن. دەکرێت بەمشێوەیە چارەسەر بکرێت.
ئەنساریئۆغڵو وتی، کاتێک دەچێتە ئامەد یان کاتێک خەڵکی بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان دەچنە ئیستەنبووڵ لای ئەو، دەبینێت کە زۆربەیان کوردی نازانن و وتی، گەنج هەیە کە دایک و باوکی کرمانج یان زازان، بەڵام ناتوانێت بە کوردی قسە بکات. پێیان دەڵێم، فێری کوردی ببن؛ هیچ عەیبەیەکی تێدا نییە؛ ئەوە زمانی باو و باپیرانتانە؛ زمانی تورکیش زمانی فەرمیمانە و زمانی فەرمیی دەوڵەتەکەمانە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیی پارتی لەسەر زمانی کوردی و خوێندنی کوردی، سالم ئەنساریئۆغڵو کە خۆی پێشتر ئەندامی ئەو حیزبەی تورکیا بووە، ڕایگەیاند، ئەو ناچێتە نێو ئەو باسەوە بەڵام لە کۆمەڵێک شتدا ڕا و هەڵوێستیان لە یەک جیابووە، بۆیەش لەو حیزبە جیابووەتەوە؛ باسی لەوش کرد کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرسی کورد و زمانی کوردی کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە کە ئەنجامی ئەرێنیان هەبووە. سالم ئەنساریئۆغڵو وتی، ئەردۆغان هەندێک هەنگاوی نا. بۆ نموونە تەلەڤزیۆنی کوردی کردەوە، بەڵام بیرۆکراسی (تورکیا) بەردەوامیی نەدا بەو هەنگاوانە. من ئەوە دەڵێم، دەبێت بیرۆکراسی ڕێگەی بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی کێشە و ئاستەنگی بۆ درووست نەبێت.
سالم ئەنساریئۆغڵو، کە بەهۆی بێ ڕێزی بە شێخ سەعید دەستی لە ئیی پارتی کێشایەوە و ئێستا پەڕڵەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵە، ڕۆژی دووشەممە 5ی شوباتی 2024 لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، داوای لە خێزانە کوردەکان کرد منداڵەکانیان وانەکانی کرمانجی و زازاکی وەک وانەی بژاردە لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژێرن و ڕایگەیاند، لەدەستدانی زمانێک، لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیەکە.
سالم ئەنساریئۆغڵو نووسیبووی، ئەمڕۆ قۆناخی دووەمی خوێندن لە قوتابخانەکانمان دەستی پێ کرد. هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو منداڵ و خێزان و مامۆستایان دەخوازم. لە پۆلی 5-6-7-8 منداڵەکانمان مافی وانەی بژاردەیان هەیە لە کرمانجی و زازاکی. پڕۆسەی وانەی بژاردە بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەستی پێ کردووە. داوا لە گەلەکەمان دەکەم وانەکانی زازاکی و کرمانجی هەڵبژێرن. زمانمان بێ خاوەندارێتی نەهێڵین. با منداڵەکانمان لەو وانانە بێبەش نەبن و ڕێگری لە لەنێوچوونی زمانەکەمان بکەین. لەدەستدانی زمان، لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیەکە. با لە ڕێگەی منداڵەکانمانەوە ڕێگری لەم لەدەستدانە بکەین.
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمی خوێندنە. لە ساڵی 2012ەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ.
بەگوێرەی بەرنامەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، هەر قوتابییەک مافی هەیە تەنیا یەک وانەی بژاردە هەڵبژێرێت. بۆ نموونە، ئەگەر قوتابییەک وانەی ئایینی هەڵبژارد، ناتوانێت وانەی زمانی کوردی بخوێنێت. ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و مامۆستایان بۆ تەرخان دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا ڕاگەیێندراون، لە ساڵی پەروەردەی 2023-2024 دا کۆی گشتیی 23 هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە. لەو ژمارەیە 20 هەزار و 379 قوتابی وانەی کرمانجی و دوو هەزار و 607 قوتابی وانەی زازاکییان هەڵبژاردووە.
پڕۆسەی هەڵبژادنی وانەی بژاردە لە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە 30ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە دەستی پێ کردووە و لە 12 شوباتدا کۆتایی دێت. لەو وادەیەدا قوتابییانی پۆلەکانی 4-5-6 و 7 دەتوانن وانەی کوردی هەڵبژێرن.[1]