هەوار ئیسماعیل
سالم #ئەنساریئۆغڵو#، پەڕڵەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵ داوای لە خێزانە کوردەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکات وانەی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن.
سالم ئەنساریئۆغڵو کە بەهۆی بێڕێزی بە شێخ سەعید دەستی لە ئیی پارتی کێشایەوە و ئێستا پەڕڵەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵە، ڕۆژی دووشەممە، 5ی شوباتی 2024، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، لەدەستدانی زمانێک، لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیەکە و داوای لە خێزانە کوردەکان کرد منداڵەکانیان وانەکانی کورمانجی و زازاکی هەڵبژێرن.
سالم ئەنساریئۆغڵو نووسیویەتی: ئەمڕۆ قۆناخی دووەمی خوێندن لە قوتابخانەکانمان دەستی پێ کرد. هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو منداڵ و خێزان و مامۆستایان دەخوازم. لە پۆلی 5-6-7-8 منداڵەکانمان مافی وانەی بژاردەیان هەیە لە کرمانجی و زازاکی. پڕۆسەی وانەی بژاردە بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەستی پێ کردووە. داوا لە گەلەکەمان دەکەم وانەکانی زازاکی و کرمانجی هەڵبژێرن. زمانمان بێ خاوەندارێتی نەهێڵین. با منداڵەکانمان لەو وانانە بێبەش نەبن و ڕێگری لە لەنێوچوونی زمانەکەمان بکەین. لەدەستدانی زمان، لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیەکە. با لە ڕێگەی منداڵەکانمانەوە ڕێگری لەم لەدەستدانە بکەین.
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمی خوێندنە. لە ساڵی 2012ەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پڕۆسەکە بەفەرمیش نەبێ، بە کردەیی ڕاگیراوە.
بەگوێرەی بەرنامەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا هەر قوتابییەک مافی هەیە تەنیا یەک وانەی بژاردە هەڵبژێرێت. بۆ نموونە، ئەگەر قوتابییەک وانەی ئایینی هەڵبژارد، ناتوانێت وانەی زمانی کوردی بخوێنێت. ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و مامۆستایان بۆ تەرخان دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا ڕاگەیێندراون، لە ساڵی پەروەردەی 2023-2024 دا کۆی گشتیی 23 هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە. لە ژمارەیە 20 هەزار و 379 قوتابی وانەی کرمانجی و دوو هەزار و 607 قوتابی وانەی زازاکییان هەڵبژاردووە.
پڕۆسەی هەڵبژادنی وانەی بژاردە لە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە 30ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە دەستی پێ کردووە و لە 12 شوباتدا کۆتایی دێت. لەو وادەیەدا قوتابییانی پۆلەکانی 4-5-6 و 7 دەتوانن وانەی کوردی هەڵبژێرن.[1]