بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، پێشوازی لە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە #هەولێر# کردوو باسیان لە گرنگی یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای ساڵی (2024) کرد.
لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە #پیرمام#، #فازڵ میرانی#، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، پێشوازی لە (یان برێم) کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر کرد.
لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانی وێرای بەخێرھێنانی پیرۆزبایی لە (یان برێم) بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر و ھیوای خواست لە ئەرکە تازەکەیدا سەرکەوتووبێت.
ھاوکات فازڵ میرانی پەیوەندی دووقۆڵی لەنێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان بە مێژوویی و زۆر سەرکەوتوو لە قەڵەم دا و ڕۆڵی گەل و حکوومەتی فەرەنسا لە پشتیووانیکردنی گەلی کوردستان و ھەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف کردوو جێگای سوپاسە.
ھەروەھا فازڵ میرانی پوختەیەک لەسەر کوردستان و گەلی کوردستان و کوردستانیان پێشکەش کرد و دووپاتی کرد سەرەڕای ئاڵۆزیەکان ھەرێمی کوردستان شوێنی ھەرە سەقامگیرە لە ناوچەکەدا و کێشەکانی نێوان #بەغدا# و ھەولێر کێشەکە لەسەر جۆری ھزرکردنەوە و عەقلیەتی دەسەڵاتدارانی بەغدایە نەک کەسەکان و ئاریشەی ھەرە گرنگ پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستووری ئێراقە و جێبەجێ نەکردنی لەلایەن حکوومەتی ئێراقەوە.
فازڵ میرانی ھاوڕیزی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان بە گرنگی بۆ ئەم قۆناغە وەسف کرد، لەلای خۆیەوە (یان برێم) کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەستبەکاربوونی وەک نوێنەری دیپلۆماتی فەرەنسا لە ھەولێر و پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا بەسەرکەوتووی مێژوویی وەسف کرد و ھیوای خواست ھەرێمی کوردستان ھەر لە گەشەسەندن دا بێت. [1]