هێمن عەساف
دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە کۆی 15 ملیۆن و 655 هەزار و 924 کەسی دانیشتووی ئیستەنبووڵ، ژمارەی خەڵکی رەسەنی ئەو شارە سەرووی دوو ملیۆن کەس دەبێت و ژمارەی خەڵکی باکووری کوردستانیش لەو شارەدا زیاترە لە پێنج ملیۆن کەس.
تۆڕی میدیایی رووداو بنکۆڵکارییەکی وردی لەبارەی ژمارەی هاونیشتمانییانی هەر 24 پارێزگاکەی باکووری کوردستان کردووە، کە لە ئیستەنبووڵ نیشتەجێن و بە پشتبەستن بە داتا وردەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، ژمارەی دەنگدەرانیشی دەستنیشانکردووە بە هەردوو رەگەزەوە. ئەو ژمارانە دەیسەلمێنن تا چەند ئاکپارتی دەسەڵاتدار و جەهەپەی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێویستیان بە دەنگدەری کورد دەبێت لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا.
ژمارەی خەڵکی رەسەنی ئیستەنبووڵ
بە گوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، ژمارەی خەڵکی رەسەنی ئیستەنبووڵ تەنیا دوو ملیۆن و 152 هەزار و 878 کەسە، ئەوە لە کاتێکدایە کۆی ژمارەی دانیشتووانی شارەکە، 15 ملیۆن و 655 هەزار و 924 کەسە کە دەکاتە 18.34%ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان. بەوەش ژمارەی دانیشتووانی ئیستەنبووڵ کە بە بنەچە خەڵکی ئەو شارە نین، بەڵام لەم شارەدا نیشتەجێن 12 ملیۆن و 904 کەسە.
هاونیشتمانییان لە ئیستەنبووڵ
هەر بە پشتبەستن بە داتا فەرمییەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، تۆڕی میدیایی رووداو ژمارەی خەڵکی هەر 24 پارێزگاکەی باکووری کوردستانی کۆکردووەتەوە. کۆی ژمارەیان 5 ملیۆن و 190 هەزار و 217 کەسن کە 33.15%ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی ئیستەنبووڵ پێکدەهێنن، بە واتایەکی دیکە لە هەر سێ کەسێک لە ئیستەنبووڵ، کەسێکیان خەڵکی باکووری کوردستانە. زۆرترین خەڵکی باکووری کوردستان کە لەو شارەدا نیشتەجێن بە بنەچە خەڵکی سێواسن و ژمارەیان 754 هەزار و 327 کەسە. کەمترین ژمارەش بەر پارێزگای جۆلەمێرگ دەکەوێت کە ژمارەیان 18 هەزار و 896 کەسە.
ژمارەی خەڵکی باکووری کوردستان لە ئیستەنبووڵ:
سێواس: 754 هەزار و 327 کەس
ئەرزەڕۆم: 450 هەزار و 286 کەس
مەلەتێ: 419 هەزار و 224 کەس
قەرس: 306 هەزار و 869 کەس
ئەرزینجان: 300 هەزار و 404 کەس
مێردین: 263 هەزار و 995 کەس
وان: 263 هەزار و 921 کەس
ئەردەخان: 259 هەزار و 472 کەس
سێرت: 258 هەزار و 4 کەس
بەدلیس: 244 هەزار و 876 کەس
ئامەد: 236 هەزار و 157 کەس
ئاگری: 227 هەزار و 688 کەس
سەمسوور: 216 هەزار و 273 کەس
مووش: 186 هەزار و 122 کەس
ڕووها: 160 هەزار و 457 کەس
خارپێت: 153 هەزار و 23 کەس
چەولیگ: 149 هەزار و 181 کەس
ئێلﮪ : 147 هەزار و 427 کەس
مەرەش: 113 هەزار و 99 کەس
ئیدر: 99 هەزار و 171 کەس
دیلۆک: 94 هەزار و 653 کەس
دێرسم: 82 هەزار و 331 کەس
شرنەخ: 43 هەزار و 833 کەس
جۆلەمێرگ: 18 هەزار و 896 کەس
ژمارەی دەنگدەرانی کورد لە ئیستەنبووڵ
لە ئیستەنبووڵ ژمارەی دەنگدەران یان بە واتایەکی دیکە، ئەوانەی تەمەنیان لە 18 ساڵی بەرەو سەرەوەیە، 11 ملیۆن و 982 هەزار و 494 کەسە کە دەکاتە 76.53%ی ژمارەی دانیشتووانی. لە نێویاندا ژمارەی دەنگدەرانی خەڵکی باکووری کوردستان سێ ملیۆن و 954 هەزار و 233 دەنگدەرە کە 33.0%ی کۆی دەنگدەران ئەو شارە پێکدێنن.
پۆلێنی دەنگدەرانی نێر و مێ
داتاکان دەریدەخەن کە لە کۆی 11 ملیۆن و 982 هەزار و 494 دەنگدەری ئەو شارە، پێنج ملیۆن و 938 هەزار و 309 کەسیان بە رێژەی 49.55% نێر-ن. لە بەرامبەردا شەش ملیۆن و 44 هەزار و 185 کەسیان بەرێژەی 50.45% مێینەن. هەرچی دەنگدەرانی باکووری کوردستانی نیشتەجێی ئەو شارەن؛ لە کۆی سێ ملیۆن و 954 هەزار و 233 دەنگدەر، ملیۆنێک و 971 هەزار و 111 کەسیان نێرن و ملیۆنێک و 983 هەزار و 121 دەنگدەریان لە رەگەزی مێینەن.
دەنگی هاونیشتمانییان تای تەرازووە و بنەمای گۆڕینی هاوکێشەکانە لە هەموو روویەکەوە. هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 نموونە بوو کە تێیدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە گەڕی دووەمدا دوای پشتیوانی دەنگی هەدەپە بە نزیکەی یەک ملیۆن دەنگ، لە رکابەرەکەی بەهێزەکەی ئاکپارتی بردەوە و دوای نزیکەی 24 ساڵ، سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی لە ئاکپارتی سەندەوە.[1]