خشڵی ژنانی موکریان؛ بەشی 02
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=تاسکڵاو=KTML_End=
جۆرە کڵاوێکی تایبەت کە بە مقەببا و چرێش ساز دەکرێت و مەخمەری بەسەر دەکێشرێ و بە نەوار گەلی میتر، تەرتیب و کۆبە، لێوار و کەلێنی دادەپۆشرێ. ئەستەڕێکی هەرزان بایی بۆ دیوی ژووری کڵاوەکە بەسەر قاڵبدا دەکێشرێ و مقەببای لەسەر چرێش دەکرێت و سەر مقەبباکەش بە مەخمەر دادەپۆشرێ، پاشان لەسەر قاڵب هەڵدەگیرێت و لەبەر خۆر دادەنێن وشک بێتەوە و ڕەق بێ. ئینجا زیادی و خێچ و خوارییەکانی لێواری بە مقەست ڕاست دەکرێت و دەڕازێندرێتەوە. هەوەڵێ بیچمی بە شێوەی نیوەگۆ، لەتکە تۆپ بووە و جام و تاسیان بۆ کردووەتە قاڵب بەڵام دواتر تەپەی کڵاویان پان کردووە و لە شێوەی نیوە گۆ گۆڕیویانە و بە لوولەیی و کۆتەڵە دارێکی ڕێک و لووس کراویان بۆ کردووەتە قاڵب.
=KTML_Bold=کڵاوی بڕنوو=KTML_End=
جۆری هەرە بڵندی تاسکڵاو کە تایبەتیی لاوانە.
=KTML_Bold=کڵاوئاڵتوون=KTML_End=
کڵاوێک کە لە سکەزێڕی پێکەوە لکاو چا کرابێ.
=KTML_Bold=دمەکڵاو، پرپرەی کڵاو=KTML_End=
ئەو ڕیزە سکە دەسککراوانەی کە بەڕیز لە لێواری خوارەوەی تاسکڵاو دەدروێن.
=KTML_Bold=دەنکی کڵاو=KTML_End=
پارچە زێڕێکی دەنک دەنکە بەشێوەی کەللە قەندی چکۆڵە یان پووڵەکەیەکی درێژۆکەی نێوقەد باریک کە سەرو خواری دەسک کراوە و بە مەرگە و خەیاتەی زەرد لە تاسکڵاو، سەر قۆڵی کەوا یان بەرۆکی کراسی دەدروون.
=KTML_Bold=گوڵی کڵاو/ گوڵی لاچاو/ سەربسکە=KTML_End=
پارچە زێو یان زێڕێک کە تەختەکەی لە لیرە، جەعفەری، دوونیو پەهلەوی، قۆیتاس یا گوڵە و بنی سێ ڕیشوو یا پێنج ڕیشوویە. گوڵی کڵاو پەرەنگی یەک پەهلەوی، ڕوبع، سووڕەت یا نیو مانگی پێوەیە. جۆری زێوی تەختەکەی سێ سووچە و پێلک یان قڕانی پێوە شۆڕ بووەتەوە.
زێڕەکەی جووتێکی گوڵ لە لاتەنیشتی تاس کڵاو قایم دەبوو، ئەم جۆرەی کە تەختی گوڵ بوو بێ ڕیشوویە کە لەنێوەڕاستی کڵاویش قایم دەکرا و پێیان دەکوت تانجی کڵاو.
=KTML_Bold=تانجیکڵاو=KTML_End=
1. وێنەیەک کە بە گوڵەباتوون یان دەنکی کڵاو بەشێوەی 8 دەکەوێتە ناوەندی تاسکڵاو.
2. پارچە خشڵێک کە بە شێوازی گوڵە و لەنێوەڕاستی کڵاو قایم دەکرێ.
=KTML_Bold=کرمەک=KTML_End=
پارچە زێڕێکی دەنک دەنکی بەگرێیە. کاتێک بە قەیتانی ئاوریشمەوە دەکرێ، شێوەی کرم دەنوێنێ و هێندێک خوارە، ئەمسەر ئەو سەری کونە و لەهەر تاکلای قولاپی پێوەیە و دەکەوێتە ژێر چەنە و بەلاچاوی تاس کڵاوەوە قایم دەبێت، تایبەتیی ژنی بەتەمەنە و ئەگەر ژنی جحێڵ کەڵکی لێ وەربگرن پەرەنگیشی لەگەڵ پێوەدەکەن.
بۆ منی ماڵ وێران بنێرێتەوە تۆقان، تەڵەسمان، کرمەک و گواران لە بۆ تەنکۆڵەی دە تفەنگێ)
(مەحموود گەناوی، حەیران)
بۆ تۆم دەهێنا ئاڵقە و گوارە و کرمەکی دە زێڕ، دەگەڵ چەنگاڵ و دەرزییە
(حەمەدی بەیتان: بەیتی ناسرو ماڵماڵ)
=KTML_Bold=قەتارە=KTML_End=
پارچە خشڵێکە تەختەکەی لە ڕیزێک نیوەگۆ، قووببە یان نەوارێکی باریک کە پەرەنگی لە لێرە، نیو پەهلەوی، سووڕەت یا پێلک پێوە هەڵواسراوە و دەکرێت نێوە نێوە یاقووتی هەناریشی تێدابێ. قەتارە لە هەر تک لا قولاپی هەیە و بە تاس کڵاوەوە قایم دەبێت و دەکەوێتە ژێر چەنە و تاس کڵاو بەسەرەوە ڕادەگرێ. تایبەتیی ژنی جحێڵە.
ئەوشۆ لە بەختم مانگەشەو تارە
هەر جێیەک دەچم سایەم دیارە
لێی ممبارەک بێ گوڵ و قەتارە
(مەلا حسێن عەبدوڵڵازادە)[1]